ئایا كۆڤید19 قەڵاچۆ دەكرێت؟

ئایا كۆڤید19 قەڵاچۆ دەكرێت؟

بە ڕای توێژەران دەكرێ كە كۆڤید19 قەڵاچۆبكرێت، بەڵام هێشتا ڕووبەڕووی گەلێك ئاستەنگ لە ڕێگەدان، قەڵاچۆكردن لە زانستی پزیشكیدا واتە كەمبوونەوەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە كۆڤید19 لە سەرتاسەری جیهاندا تا سفر، یان تا ئەو ڕادەیەی كە ئیتر پێویست بە وەرگرتنی ڤاكسین نەكات. ئەگەرچی ئێستا چەند جۆرێك ڤاكسینی كۆرۆنا لەبەردەستدان، بەڵام تا ئێستا بە تەواوی نازانرێت كە تا ماوەی چەند لە كاتی نەخۆشییەكە پارێزراو دەبین. لێكۆڵەرانی نیوزلەندی جەختیان كرووەتەوە كە قەڵاچۆكردنی كۆڤید19 بە حەوت فاكتەری گەورەوە بەندە، یەكێك لەم فاكتەرانە بریتییە لە بەردەستبوونی ڤاكسینێكی نەگۆڕ و كاریگەر و سەلامەت و هەرزان بۆ كۆڤید19، وەكو ڤاكسینی خوریكە Small pox كە سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست هێنا لە قەڵاچۆكردنی نەخۆشییەكەدا، ڕاستە ئێستا گەلێك ڤاكسینی كۆرۆنا لەبەردەستدان، بەڵام نازانرێت كە خۆپاراستن لە كۆڤید19 تا كەی بەردەوام دەبێت. وا پێ دەچێت كە ئەو ڤاكسینانەی بەرێگای mRNA بەرهەم دەهێنرێن، وەكو ڤاكسینی فایزەر و مۆدێرنا، پەرەیان پێ بدرێت و بە شێوەی سپرای لووت بەردەست بن، چونكە بە ڕای زانایان ڤاكسین بە شێوەی سپرای لووت كە هێشتا بەردەست نەبووە، زیاتر ڕێگە لە گواستنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگرێت.

Top