پــڕۆفیسۆر دكتۆر جەوهەر فەتاح سەعید سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین بۆ گوڵان:سیاسەتی حكومەت ئەوەیە زۆرترین قوتابی لە زانكۆ و پەیمانگا حكوومییەكان وەربگیرێن

پــڕۆفیسۆر دكتۆر جەوهەر فەتاح سەعید سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین بۆ گوڵان:سیاسەتی حكومەت ئەوەیە زۆرترین قوتابی لە زانكۆ و پەیمانگا حكوومییەكان وەربگیرێن

 

بۆ قوتابیان پرسی وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگاكان پرسێكی هەستیار و چارەنووسسازە، هەروەها پەیوەستە بەوەی چۆن قوتابیان ئەو نمرەیەی بەدەستیان هێناوە، بیگونجێنن لەگەڵ ئەو بەشەی نزیكە لە خواستی ئەوانەوە، بۆ قسەكردن لەسەر خودی ئەم سیستمە و لایەنە باشەكانی و پرسە پەیوەندیدارەكانی دیكەوە گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ پڕۆفیسۆر دكتۆر جەوهەر فەتاح سەعید سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین ئەنجام دا.

 

* سیستمی زانكۆلاین چییە و میكانيزمەكەی چۆنە و ئایا ئەم سیستەمە لە چ وڵاتێكی دنیا كاری پێ كراوە و، ئەم بیرۆكەیە چۆن گەڵاڵە بوو بۆ ئەوەی لە زانكۆكانی كوردستان جێبەجێ بكرێت؟

- لە ڕاستیدا سیستەمی زانكۆلاین سیستەمێكی تەكنەلۆژیای هاوچەرخی نوێیە، تەنانەت هەر خودی ئەو سیستەمەش لە هەڵبژاردنەكانی وڵاتانی پێشكەوتوودا بەكاردێت، چونكە بە گرتنبەری ئەم سیستمە ئەوا پێویست بەوە ناكات، خەڵك لە سەرەگرتندا ڕابوەستێت، هەروەها پێویستی بەو كەرەستە و پێداویستییانەش نییە كە لە هەڵبژاردنە تەقلیدییەكاندا بەكاردێت، چونكە خەڵكەكە بە شێوەی ئۆنلاین و لە ماڵ و شوێنی خۆیان -پاش ئەوەی داتاكان وەردەگرن- دەتوانن دەنگ بدەن و لە هەڵبژاردن بەشداری بكەن. ئەوەی پەیوەست بێت بە (زانكۆلاین)یشەوە، ئەوا پاش ئەوەی هەر قوتابییەك كۆدەكەی وەردەگرێت، لە ڕێگای كۆدەكەی خۆی دەتوانێت بەپێی ئەو ئارەزوو و خواستەی هەیەتی و ئەو كۆلێژ و بەشانە پڕ بكاتەوە كە دەیەوێت. پاش پڕكردنەوەی فۆرمەكەش بە شێوەی ئەلیكترۆنی دەچێتە سیستەمی ناوەندی لە بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندی وەرگرتن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئەم بەڕێوەبەرایەتییە كاری پێویستیان لەسەر دەكات. دواتر ئەمە سیستمێكی خێرایە و كاتێكی كەمی دەوێت بۆ پڕكردنەوەی، چونكە پێشتر ئەم كارە مانگێك بۆ 40 ڕۆژی دەویست و ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەریشی پێوە سەرقاڵ دەبوون، زۆرجار قوتابیانیش دوچاری هەڵە و كێشە دەبوون. بەڵام ئەم سیستمە نوێ و هاوچەرخە و ئاسانكاری زۆر لە خۆدەگرێت. هەروەها بە پێی ڕێنماییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەر قوتابییەك نابێت كەمتر لە (50) بەش پڕ بكاتەوە و بەشەكانیش بە شێوەی پلەبەندین، واتە ئەگەر ناوی لە یەكەم بەش وەرنەگیرێت كە پڕی كردووەتەوە، ئەوا ڕەچاوی دووەم بەش دەكرێت و بەو شێوەیە و پرۆسەكە بەردەوام دەبێت، تاوەكو ناوی لە یەكێك لەو بەشانە دەردەچێت كە پڕی كردوونەتەوە.

* چ لایەنێك و دامودەزگایەك سەرپەرشتیی و بەدواداچوونی ئەو سیستەمە دەكات؟

- بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندی وەرگرتن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كار لەسەر ئەو سیستەمە دەكات و، ئەو دامەزراوەیە سەرپەرشتیی هەموو كارەكان دەكات، هەموو زانیاری و داتاكانیش بۆ ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دەگەڕێتەوە، لە پاشان بەشێوەیەكی زانستی و ورد كاری لەسەر دەكەن، و لە ماوەیەكی كەمدا دەرئەنجام و ناوی قوتابیان بۆ وەرگرتن لە زانكۆ و كۆلێژەكان دەردەچێت. ئەم بەڕێوەبەرایەتییەش ژمارەیەكی زۆر لە كەسانی پسپۆڕ و شارەزا لەخۆ دەگرێت و شایستەی ئەوەن ستایش بكرێن كە بە خەمخۆری و دڵسۆزییەوە ئەركەكانی خۆیان ئەنجام دەدەن.

* ئایا ئەم سیستەمە تا چەند سەركەوتووە و تا چەند بارسووكییە بۆ وەرگرتنی قوتابیان و بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی؟ ئایا ڕێنماییەكانی پەیوەست بە پڕكردنەوەی چین؟

- هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێ كرد ئەمە سیستمێكی كارایە، چونكە ئەگەر بۆ ساڵانێكی دوور بگەڕێینەوە دواوە، ئەوا لە هەموو عێراقدا چەند سەنتەرێك هەبوون -لە بەغدا و مووسڵ و بەسرا و سلێمانی- كە دەبوو قوتابیان كات و پارەیەكی زۆر خەرج بكەن تاوەكو فۆرمی وەرگرتن وەربگرن و پڕی بكەنەوە و بیگەڕێننەوە بۆ ئەو سەنتەرانە. بەڵام ئێستا لەدوورترین شوێن و ناوچە لە كوردستان قوتابی دەتوانێت لەماڵ و شوێنی خۆی بە ئۆنلاین بەپێی ئەو كۆدەی وەریگرتوە بەشە خوازراوەكانی پڕ بكاتەوە. مەرج و ڕێنماییەكانیش -هەروەك ئاماژەم پێ كرد-لەلایەن وەزارەتەوە دەردەچن، كە یەكێكیان ئەوەیە قوتابی نابێت لە (50) بەش كەمتر پڕبكاتەوە، و دەبێت كۆدی تایبەت بە خۆی وەرگرتبێت و دووبارەی تێدا نەبێت و هەڵبژاردنی كۆلێژ و بەش و لقەكان بەپێی تێكڕای نمرەكان بێت و ڕەچاوی داواكاری و تایبەتمەندیی بەشی زانستییەكانیش كراوە.

* ئەی كێشەكانی ئەم سیستەمە چین و چۆن چارەسەر دەكرێن؟

- ئەم سیستەمە كێشەیەكی ئەوتۆی نییە، تەنیا هەندێجار هەڵەیەك ڕوودەدات، بۆ نموونە بۆی هەیە ناوی هەندێك قوتابی دەرنەچێت، یان بەپێی نمرەكانیان نەبێت، یان قوتابی خۆی لە پڕكردنەوەدا هەڵەی كردووە، لەم كاتەدا لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە ماوەیەك بە قوتابیەكان دەدرێت، تاوەكو بتوانرێت ئەو كێشە و هەڵەیە ڕاست بكرێتەوە و لە پاشان ئەو قوتابیانەش بەپێی مەرج و نمرەكانیان ناویان لە زانكۆ و كۆلێژەكان دەردەچێت. واتە ڕاستە هەندێكجار هەندێ هەڵە دەكرێت، بەڵام ئەو هەڵانەش چاك دەكرێنەوە، بێگومان دەتوانین بڵێین سیستەمی زانكۆلاین بۆ وەرگرتن و تۆماری قوتابیان لە زانكۆكان باشترین سیستەمە و 100% سەركەوتووە، لەبەر ئەوەی سیستەمێكی زۆر پێشكەوتووە و تەواو لە بەرژەوەندیی قوتابیاندایە.

* بە تێڕوانینی ئێوە ئەمساڵ چەند قوتابی لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم وەردەگیرێن، ئەوانەی ئەگەر كێشەیان لە تۆمار و پڕكردنەوە هەبێت، چییان بۆ دەكەن؟

- ڕەنگە نەتوانین ژمارەی ورد بڵێین لەم ڕووەوە، بەڵام دەبێت ئەوە بڵێین كە سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە زۆرترین قوتابی لە زانكۆ و كۆلێژەكان وەربگیرێن، ئەمەش زیاتر بۆ ئەوەیە تاوەكو قوتابیان بە گشتی و قوتابیانی كەمەدەرامەت و هەژار بە تایبەتی لە زانكۆكانی حكوومی وەربگیرێن و لە خوێندنی زانكۆ و پەیمانگا بێبەش نەبن، هەر بۆیەش هەموو هەوڵی وەزارتی خوێندنی باڵا ئەوەیە كە ئەمساڵیش زۆرترین قوتابی لە زانكۆ و پەیمانگاكانی حكوومی وەربگیرێن.

Top