كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان دەنگ بە كاندیدانی پارتی دەدەن
بڕیارە ڕۆژی 10ـی 10 لە عێراق و هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت.پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هەمیشە بۆ ئەم هەڵبژاردنەش خۆی تەیار كردووە، بۆ ئەوەی بە پشتیوانیی جەماوەر و دەنگدەرانی بتوانێت لە خزمەتكردن و باشتركردنی ژیانی خەڵك و پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و پێكەوە ژیان بەردەوام بێت، هەر بۆیە هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە و بەتایبەتی كەسوكاری شەهیدان دەنگ بە لیستی پارتی دەدەن. لەم ڕاپۆرتەشدا خانەوادەی سەرفرازی شەهیدان بەم جۆرە پەیامی خۆیان دەخەنەڕوو.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
مەعتەبەر لەتیف دایكی شەهید:
بە شانازییەوە دەنگ بە پارتی و سەرۆك بارزانی دەدەم
من وەكو دایكی شەهیدێكی ئەم كوردستانە دەنگەكەم بۆ پارتی و بارزانییە، زیاتر لە ٢٠ساڵ ئازار و مەینەتیمان لە ئاوارەییدا چێشت، ئەمە تەنیا و تەنیا هێزی ئەو بیر و باوەڕە بەهێزە بوو كە لە ناخماندا جێی گرتبوو هەتاكو ئەمڕۆش بەردەوامە.
پارتی و بارزانی دەیان شۆڕش و ڕاپەرینیان بەرپا كردووە بە درێژایی قۆناغەكانی سەدەی ڕابردوو و قوربانییەكی زۆریشیان داوە بۆ سەربەستی و سەرفەرازی نەتەوەی كورد و ناسنامەكەی، شەرەفێكی گەورەیە بۆ من و بنەماڵەكەم كە هەمیشە لە گەڵ پارتی و بارزانیدا تێ بكۆشین و قوربانی بدەین، من بە شانازییەوە دەنگ بە پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانی دەدەم.
رۆڤیا خالید كچی شەهید:
دەنگم بۆ پارتييە، چونكە ژمارەیەك كەسی خاوەن ئەزموونی بەربژێر كردووە
باوكم لە زیندانی ئەبو غرێب لەسێدارە دراوە لە ساڵی 1985، پارتی هەزاران شەهیدی وای پێشكەش بە كوردستان كردووە، ئێستاش ژمارەیەك كەسی خاوەن ئەزموونی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەربژێر كردووە، وەك خانەوادەی شەهید هەموومان دەنگمان بۆ پارتییە، لەبەر ئەوەی جگە لە پارتی هیچ حزبێكی تر خۆی نەكردووەتە خاوەنی كوردستان و پارتی لە سەرجەم ئەو شەڕە سەپێندراوانەی بە سەر میللەتەكەمان هاتووە، لە ڕێزی پێشەوەی جەنگدا بووە و نەیهێشتووە كوردستان داگیر بكرێت، لێرەوە پەیام ئاراستەی سەرجەم دەنگدەران دەكەم، دەنگی خۆیان بدەن بەو حزبەی كە لە شەڕی پردێ و سحێڵا چ داستانێكی تۆماركرد، پارتی بەهێزە و بەهێزتریش دەبێ، چونكە خاوەنی سەرۆكێكە كە لە هەموو جیهان وەك مەرجەع سەیر دەكرێت.
عومەر ئاغا سورچی برای شەهید:
خۆم و خانەوادەكەم هەمیشە لەسەر ڕێبازی پیرۆزی پارتی و بارزانی دەبی
وەك برای شەهیدی شەڕی تیرۆریستانی داعش و شەڕی بەرگری لە خاكی پیرۆزی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵدەبژێرم . بێجگە لە سەروەرییەكانی پارتی، خۆم شاهیدحاڵێكی واقیعی بووم لە هەموو ئەو بەرانەی پارتی تێیدا دەجەنگا، چ لە پەیامی سەركردەكانی و لە دڵسۆزی بەرپرس و پێشمەرگەكان بێ گوێدانە هیچ ترس و دڵەڕاوكێیەك بە كات و سات خۆمان دانابوو بۆ خۆبەختكردن، ئەمە لە كاتێكدا كە چەندین جار جەنابی سەرۆك بارزانی ڕاستەوخۆ سەردانی بەرەكانی جەنگی دەكرد و، هەمیشە وەك پێشمەرگەیەك لە ڕیزی ئێمەدا بوو. هەمیشە ئەو بەڵێنەم بە خۆم داوە كە تا مردن لە خزمەت ئەم ڕێبازەدا بم و خۆم و خانەوادەكەم هەمیشە لەسەر ڕێبازی پیرۆزی پارتی و بارزانی بین.
دانا ئاغا وەیس كوڕی شەهید:
دەنگم بۆ ئەو پارتییەیە كە توانی ئەم ئەزموونە پڕ شكویەی كوردستان بپارێزێت
پارتی لە ڕۆژی دروستبوونیەوە تا ئەم كاتە هەمیشە بە بەهێزی و بێ ڕكابەر ماوەتەوە. هەموو ئاستەنگەكان كە هاتووەتە ڕێی تەنیا لە بەر ئەوە بووە كە پارتێكە هەرگیز مساوەمەی لەسەر هیچ قەزییەیەكی میللەتەكەی نەكردووە. هەر بۆیە دەنگم بۆ پارتییە و بۆ ئەو پارتییەیە كە توانی ئەم ئەزموونە پڕ شكویەی كوردستان بپارێزێت. هەر كاندیدێك پارتی دایبنێت، متمانەپێكراوە و ئامانەت پارێزە لە هەر شوێنێكی ئەم وڵاتە هەر كارێك بكات. ئەگەر سەرنج بدەن، دەبینن چەندین حزب و لایەن هەن، كە زۆریان هەڵگری فیكرەی هاوردەن و ناتوانن خزمەتی گەل بكەن، بەڵام پارتی پڕەنسیپە و خزمەتكردنیش بە شانازی دەزانێت.