عەبدوالواحید ڕەواندزی بەرپرسی لقی 10ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان: بەهێزبوونی پێگەی پارتی لە بەغدا دەستكەوت و بەرهەمی باشتری بۆ خەڵكی كوردستان لێ دەكەوێتەوە

عەبدوالواحید ڕەواندزی بەرپرسی لقی 10ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان: بەهێزبوونی پێگەی پارتی لە بەغدا دەستكەوت و بەرهەمی باشتری بۆ خەڵكی كوردستان لێ دەكەوێتەوە

 


پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە هێزێكی هەڵقوڵاوی نێو جەماوەر بووە و، ئامانجەكانیشی خزمەتكردن بووە بە خەڵك و برەوپێدان و بەرەوپێشبردنی دۆزە ڕەواكەی بووە، ئەمانە تەنیا بانگەشە و دروشم نین،و كاروانی مێژوویی ئەم حزبە باشترین بەڵگەی پشتڕاستكردنەوەی ئەم قسانەن، ئێستاش كە نزیك دەبینەوە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق جارێكی دیكە ئەم پارتە دەیەوێت بە پێگەیەكی بەهێزەوە بچێتەوە بەغدا بۆ ئەوەی باشتر تێبكۆشێت بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان و چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ عێراقدا. لەم ڕووەوە عەبدوالواحید ڕەواندزی بەرپرسی لقی 10ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامێكدا و لە ڕێی گوڤاری گوڵانەوە بەم شێوەیە تێڕوانینی خۆی خستەڕوو:


پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە و تا ئێستاش بەردەوام داكۆكیكاری مافەكانی گەلی كورد بووە و، هەمیشە پێگەی پارتی لە نێو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد، پارتێكی پێشەنگ بووە لەوەی بتوانێت ڕۆژگار و سەردەمێكی باشتر بۆ خەڵكی كوردستان فەراهەم بكات. ئەوەی پەیوەست بێت بە پەیوەندییەكانی كوردستان بە بەغداوە، ئەوا لە ڕووی مێژوییەوە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، لە چەندین وێستگەی جیاوازدا پارتی توانیویەتی چەندین دەستكەوت بۆ گەلی كوردستان بەدەست بێنیت. پارتی توانیویەتی بە سەنگ و توانا و بە تێڕوانینی بەرفراوان و بە وجوودی جەنابی سەرۆك بارزانی و بەو میتۆدە دروستەی پەیڕەوی كردووە، بارودۆخێكی گونجاو دروست بكات. سەبارەت بە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراقیش كە بڕیارە چەند ڕۆژێكی دیكە بەڕێوە بچێت، ئەوا دەبێت ئەو ڕاستییەمان لەبەرچاو بێت، كە ئەوە پارتی بووە لە بەغدا داكۆكیكاری ڕاستەقینەی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی كوردستان بووە، لەم ڕوانگەیەوە دەنگدان بە كاندیدانی پارتی، دەنگدانە بە بەهێزیی گەلی كوردستان لەبەغدا. چونكە هەر پارتی بووە كە توانیویەتی دۆزی كورد بەرەوپێش ببات و، كوردستان بەرەو ئاوەدانی و گەشەكردنی زیاتر ببات. بۆیە داوا لە دەنگدەران دەكەین كە ئەم جیاوازییەی نێوان پارتی و حزبەكانی دیكە لەبەرچاو بگرن و متمانەی خۆیان بە پارتی بدەنەوە، چونكە هەروەك خۆشیان دەزانن بەهێزبوون و بەرەوپێشچوونی پارتی و زیادبوونی دەنگی پارتی دەبێتە مایەی دەستەبەركردنی ژیانێكی باشتر بۆ نەوەكانی داهاتوو و ئێستای كوردستان. هەروەها پارتی توانیویەتی برەو بە پەیوەندییەكانی كوردستان بدات لەگەڵ وڵاتانی جیهان، لەم ڕووەوە ئەوە جەنابی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی پارتی و سەرۆكایەتیی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی كوردستان بوون كە لە ڕێی ئەو دامەزراوانەی سەركردایەتییان كردوون، كارێكیان كردووە كە هەمووان بە بایەخەوە لە پێگەی كوردستان بڕوانن. هەموو ئەمانە گەواهی ئەوەن كە پارتی شایستەترین حزبە كە خەڵك پشتی پێی ببەستێت و دەنگی پێ بدات و، متمانە بەخشینەوەیان بە پارتی دەبێتە هۆی ئەوەی ئەم كاروانی ئاوەدانی و گەشەپێدان و برەودان بە پەیوەندییانە بەردەوام و بەهێزتر بێت، كاتێكیش پارتی لە پێگەی هێزەوە دەچێتەوە بەغدا، ئەوا هەرێمی كوردستان دەپارێزرێت و دەستكەوت و بەرهەمی باشتر پێشكەشی خەڵكی كوردستان دەكات. بۆیە بۆ پاراستن و بەرگریكردن لە كورد و كوردستان و پاراستنی قەوارەی هەرێم و بەرەوپێشەوەچوونی پێویستە لەو هەڵبژاردنەدا خەڵك هەمووی بەرەو سندوقی هەڵبژاردن بچن و دەنگ بە پارتی بدەن، تاوەكو پارتی ژمارەی كورسییەكانی زیاتر بێت، كە بەمەش پێگەی كورد لە بەغدا بەهێز دەبێت و، لەو كاتەدا لایەنی ڕاستەقینە و پشتیوانی خەڵكی كوردستان هەمیشە لە بەغدا دەبێت. ئەوەی پەیوەست بێت بە سنووری لقی10وە، ئەوا ئێمە سێ كاندیدمان هەیە كە بریتین لە (سیپان شێروانی كە ژمارە (25)ـە و نەهرۆ ڕەواندزی كە ژمارە (26)ـە و جوان خان كە ژمارە (23)یە و، بە گوێرەی ئەو كار و كۆششەی كردوومانە لەم سنوورەدا و بەپێی ئەو دەنگانەی پارتی لە سنوورەكە هەیەتی، ئومێد و چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە هەر سێ كاندیدەكەمان متمانەی خەڵكی بەدەست بهێنن و ببنە نوێنەر و بەرگریكاری ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا.

Top