عەبدولخالق بابیری بەرپرسی لقی 20ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان: هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی پارتی زامنی سەركەوتنیەتی لە هەڵبژاردنەكاندا

عەبدولخالق بابیری  بەرپرسی لقی 20ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:  هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی پارتی زامنی سەركەوتنیەتی لە هەڵبژاردنەكاندا

 

 

پارتی دیموكراتی كوردستان لە سۆنگەی باوەڕی پتەوییەوە، بەوەی هەڵبژاردنەكان ڕێگەی ڕاست و دروست و ئاشتییانەن بۆ بەدیهێنانی گۆڕانكاری، هەمیشە بەشداریی كارا و چالاكی هەبووە لە هەڵبژاردنەكاندا و، ئەنجامی گەورە و سەركەوتنی بەرچاویشی بەدەست هێناوە، بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییە چاوەڕوانكراوەكەی عێراقیش، پارتی بە پەرۆشی و گەرموگوڕییەوە دەستی داوەتە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن و، چاوی لە سەركەوتنی گەورەیە، لەم ڕووەوە عەبدولخالق بابیری بەرپرسی لقی 20ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامێكدا لە ڕێی گۆڤاری گوڵانەوە، بەم شێوەیە تێڕوانینەكانی خۆی لەبارەی هەڵبژاردنەكانەوە خستەڕوو:

 

پارتی دیموكراتی كوردستان مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە، لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كەم حزب هەیە وەك پارتی، كە تەمەنی لە 70ساڵ پتر بێت و توانیبێتی درێژە بە بوون و مانەوەی خۆی بدات، ئەگەر مابێتیش ئەوە بووەتە حزبێكی زۆر بچووك، بەڵام پارتی تاكە حزبە لە ناوچەكەدا كە بە بەهێزی ماوەتەوە و، بنكەیەكی جەماوەریی بەرفراوانیشی هەیە، چونكە پارتی ئەو حزبەیە كە ئامانجی ستراتیژیی هەیە و، هەڵگری پڕۆژەی نەتەوەییە و خاوەن سەركردایەتییەكی بەهێز و داكۆكیكارە لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، لەم ڕوانگەیەشەوە پشت ئەستوورە بە جەماوەرەكەی و بە گەلی كوردستان بە گشتی. ئەوەی پەیوەست بێت بە هەڵبژاردنەوە ئەوا دەبێت سەرەتا ئاماژە بەو ڕاستییە بكەین، كە ئەوە سەرۆك بارزانی بوو جەختی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن كردەوە، وەك ئامرازێك بۆ هێنانەئارای گۆڕانكاریی ئاشتییانە لە كۆمەڵگەدا و، پارتییش لەبەر هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی هەمیشە لە هەڵبژاردنەكاندا سەركەوتنی بەدەست هێناوە، كە سەرەڕای ئەو هەموو دژایەتییانەی لە چەندین لاوە و لەلایان نەیار و داگیركەرانەوە دەرهەق بە پارتی دیموكراتی كوردستان كرا، ئەوا لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2018دا توانی ببێتە حزبی ژمارە یەك لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و، نزیكەی هێندەی هەموو لایەن و حزبەكانی دیكەی كوردستان كورسیی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەست هێنا، لەم هەڵبژاردنەشدا وەك هەمیشە پارتی خاوەنی هەمان بیر و پەیامە و، هەڵگری پڕۆژەی گرنگە بۆ گەلی كوردستان، ئەویش بەرگریكردن و پاراستنی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی كورد و كوردستانە، هەر بۆیە ئێمە باوەڕمان وایە كە جەماوەر و خەڵكی كوردستان لەم هەڵبژاردنەشدا، بەپێویستی دەزانن پارتی وەك هێزی پێشەنگ بچێتەوە بەغدا، تاوەكو كار و كۆشش بكات بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەوا و دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان و، هەنگاوهەڵگرتن بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.

كەواتە ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە و، ئومێدمان وایە خەڵكی كوردستان بە ڕێژەیەكی زۆر و بە ئاستێكی بەرز بەشداریی هەڵبژاردن بكەن و، دەنگ بەو لایەن و حزبە بدەن كە داكۆكیكار و پارێزەری مافە نەتەوەیی و دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستانە، كە پارتی دیموكراتی كوردستانە. لەلایەكی دیكەوە بەهێزبوونی پارتی لە بەغدا بۆ ئەوەیە حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ لەسەر بنەماكانی تەوازن و تەوافق و هاوبەشیی ڕاستەقینە پێك بهێنرێت، هەروەها ئەگەر پارتی لە بەغدا بەهێز بێت، كار بۆ ئەوە دەكات هەرگیز حوكمڕانێتییەكی دیكتاتوری لە بەغدا دروست نەبێت و، هەموو پێكهاتە و نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان وەك یەك بە مافەكانیان شاد بن و بژین. لەلایەكی دیكەوە بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە سنووری لقی 20 -كە دەكاتە شێخان- بكەم، كە دوو كاندیدی هەیە و كاندیدێكی دەكەوێتە بازنەی دووی نەینەوا كە ناوی (شەریف سلێمان)ـە و كاندیدەكەی دیكەش لە بازنەی سێی دهۆكە، كە ناوی (چیای تەیمور)ـە، باوەڕی ئێمە ئەوەیە كە هەر دوو كاندیدی سنووری ئێمە دەنگ دەهێنن و دەچنە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆیە داوا دەكەین خەڵكی كوردستان بەگشتی و سنووری شێخان و ئاكرێ بە باوەڕێكی نەتەوەیی و كوردانە بچنە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگیان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و نوێنەرەكانیان بێت، كە دەبنە هێزێكی گەورە و بەتوانا لە بەغدا، بۆ هێنانەدیی مافەكانی خەڵكی كوردستان.

Top