عەلی عەونی بەرپرسی لقی 8ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان: سەركەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنەكاندا زامنی بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی كوردستانە
لەگەڵ نزیكبوونەوە لە وادەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنیش بەرەو چڕبوونەوەی زیاتر دەچن و، گەرموگوڕی پتر بە خۆیانەوە دەبینن، پارتی دیموكراتی كوردستانیش وەك هێزێكی سەنگین و سەرەكی لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و كوردستان بە هەوڵ و هەڵمەتی جددی و بە متمانەبەخۆبوون و ماندوویی نەناسییەوە بەشداری لەم هەڵمەتانەدا دەكات و، ئومێد و چاوەڕوانییەكەی ئەوەیە كە ئەنجامێكی گەورە و بەرچاو بەدەست بهێنێت. لەم ڕووەوە عەلی عەونی بەرپرسی لقی هەشتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕێی گۆڤاری گوڵانەوە ئەم پەیامەی خستەڕوو:
ناتوانرێت نكۆڵی لەو ڕاستییە بكرێت كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە دامەزراندنیەوە وەك چەترێكی بەرفراوان بوو، كە هەموو پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكانی كوردستانی كۆكردەوە و، یەكەم پارتی نیشتمانی و دیموكراتییە كە سەرسەختانە و بە بێ سازشكردن داكۆكیكار بووە لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، ئەمەش بۆ ئەو ڕاستییە دەگەڕێتەوە كە پارتی هەڵقولای ناخ و ویژدانی ئەو میللەتەیە و بۆ ئەو میللەتە دامەزراوە و تێكۆشانیشی لە پێناو ئازادیی خاك و گەلی كوردستانە و ئەوانەی خوازیاری بەدیهێنانی كوردستانی بەهێزن، باش دەزانن كە دەبێت پارتی دیموكراتی كوردستان بەهێزبێت، چونكە پارتی سەنگەری بەرگریكردن بووە لە مافی كوردستانیان و، هەر ئەمەش وای كردووە كە بەردەوام پشتیوانیی گەل و جەماوەر بەدەست بهێنێت. هەروەها پارتی هەڵگری دید و ستراتیژی و ڕوانگەی ڕوون و دوورمەودایە، چونكە لەگەڵ ئەوەی پێداگرییەكی توندی كردووە لەسەر چارەسەركردن و یەكلاكردنەوەی كێشەكانی پەیوەست بە بودجەی كوردستان و مووچەی مووچەخۆران، بەڵام هیچ ئەو ڕاستییەی نادیدە نەگرتووە كە كێشەی كورد كێشەیەكی سیاسی و نەتەوەییە و كێشەی خاكە و، ئەم پرسەی كردووەتە ئەولەوییەت لای خۆی و كار لەسەر ئەوە دەكات كە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدڕاڵ چارەسەر بكرێت و، ئەو ناوچەیانەی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ببەنەوە بەشێك لەم هەرێمە. چونكە تێڕوانینەكە ئەوەیە كە هەر بڕگە و بەندە پەیوەندیدارەكانی نێو دەستوور جێبەجێ كران، ئەوە بێگومان بەشی هەرە زۆری مافەكان گەلی كوردستان فەراهەم دەبن. هەروەها ئەگەر دەستوور بچەسپێت و جێبەجێ بكرێت، ئەوە بە شێوەیەكی ئاسایی و یاسایی كێشەی بودجە و مووچەش چارەسەر دەبن. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دەزانین كە پابەندبوون بە دەستوور و جێبەجێكردنی ماددەی 140 و گەڕانەوەی ناوچە كوردستانییەكان پێویست بەوە دەكات كە پێگەی كورد و هەرێمی كوردستان لە بەغدا بەهێز بێت، بۆ ئەوەی ئەم پێگە بەهێزەش فەراهەم بێت، پێویستە پارتی بەهێز بێت، لەم ڕوانگەیەوە دەنگدان بە پارتی و سەركەوتنی پارتی لەم هەڵبژاردنانەدا زامنی بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی كوردستانە لە عێراقدا. دواتر ئەگەر باسی نێو پەرلەمانی عێراق بكەین، ئەوا پێمانوایە تەنیا حزبێك كە لە ماوەی ڕابردوودا و لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بە یەكڕیزی و یەكگرتوویی و یەكهەڵوێستییەوە بەرگری لە مافە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان كردبێت، پارتی دیموكراتی كوردستان بووە. ئەوەی پەیوەست بێت بە بەڕێوەچوونی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن لە دەڤەری زاخۆ، ئەوا لەم شارەدا هەڵمەتێكی زۆر هێمنانە و لەسەرخۆ بەڕێوەدەچێت و بەپێی ڕێنمایەكانی جەنابی سەرۆك هەڤاڵانی ئێمە لە هەڵمەتەكاندا خۆدەپارێزن لە خوڵقاندنی بارودۆخی نەخوازراو و ناوزڕاندن و تانەدان لە لایەنەكانی دیكە. هەر بۆیە ئەم جۆرە كەمپین و كەرنەڤاڵە هێمنانەی پارتی دیموكراتی كوردستان وای كردووە كە خەڵك دڵخۆش و ئاسوودە بن و هەست بە هێمنی و سەقامگیری بكەن، ئەو ئازادی و سەقامگیرییەش وای كردووە كە خەڵكی سنووری زاخۆ و بازنەكانی سنووری لقی 8ی پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر متمانەیان بە پارتی و كاندیدانی پارتی هەبێت. لەم ڕووەوە ئومێد و پێشبینی ئێمە ئەوەیە كە هەر سێ كاندیدەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە (زاخۆ - سیمێڵ) سەركەوتن بەدەست بهێنن. لە كۆتاییدا دەمەوێت ئەوە بڵێم: پارتی ئەو حزبەكەیە كە بتوانێت شان بداتە بەر باری بەرپرسیارێتی و دووبارە سەركەوتنەوەی پارتیش لە هەڵبژاردنەكانی ئەم جارەدا بە مانای ئەوە دێت كە گەلی كوردستان دڵنیا دەبێت لەوەی پارێزگاری لە دەستكەوتەكانی ئێستا دەكرێت و، لە ئایندەشدا مافی زیاتریش بەدەست دەهێنێت و، پێگەی هەرێمی كوردستانیش بەهێزتر دەبێت.