ڕووقایمی و په‌ندوه‌رنه‌گرتن

ڕووقایمی و په‌ندوه‌رنه‌گرتن

‎ چاودێرێك
‎له‌ سه‌ره‌تای بانگەشەی هه‌ڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق‌، پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری دا، هه‌ڵمه‌ته‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای بیرخستنه‌وه‌ و پیشاندانی ده‌ستكه‌وته‌كانی و به‌ڵێندان بێت به‌ ده‌نگده‌ران كه‌ هه‌رچی له‌ ده‌ستی بێت ده‌یكات تا كوردستان به‌هێزتر و سه‌قامگیرتر و ژیانی خه‌ڵكه‌كه‌ی باشتر بێت، خۆی له‌ شه‌ڕی ئیعلامی لابه‌لا و شكاندنی به‌رامبەرەكانی دووربگرێت، تا ئه‌مڕۆش هه‌روای كردووه‌ و ده‌كات.
‎ئه‌م بڕیاره‌ بنچینه‌یی و نه‌گۆڕه‌ی پارتی، له‌ متمانه‌ به‌خۆكردن و ناسینی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی و ڕێزگرتنی ئاست و زه‌ینی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌. پارتی هه‌میشه‌ پێیوایه‌، شكاندن و ته‌خوینكردنی ئەم و ئەو، با هێندێكیشیان له‌باریاندا بێت، ڕێگه‌یه‌كی درووست نییە‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی خه‌ڵكی كوردستان، بگره‌ هه‌ڵوێسته‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی و ده‌ستكه‌وته‌كانی سه‌ر ئه‌رزی واقیع و، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ژیانی خه‌ڵك و پاراستنی كه‌رامه‌ت و سه‌روماڵیان، كورترین ڕێگه‌یه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌. جیا له‌وه‌ی شه‌ڕه‌ده‌می ئیعلامی و خۆ به‌هه‌مووشتزانین وبه‌هیچنه‌زانینی ئه‌وانی دیكه‌، نه‌ ڕاسته‌ و نه‌ له‌گه‌ڵ مه‌زاجی گشتیی خه‌ڵكی كوردستاندا دێته‌وه‌.
‎كه‌چی به‌داخه‌وه‌، دیسان وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان، لایەنێك، له‌م هێمنی و خۆدوورگرتنه‌ی پارتی له‌باسكردنی ئه‌وان، تێناگات و بگره‌ ده‌یقۆزێته‌وه‌ بۆ هێرشی ناڕه‌وا و بوختانكردن به‌ پارتی.
‎ئه‌م دوو ئه‌لفه‌، بۆ وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌وانه‌ نییه‌، بەڵكو بۆ ده‌رخستنی بوختان و نامه‌سئوولییه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ له‌ برێتی ئه‌وه‌ی خۆیان به‌ خه‌ڵك بناسێنن تا ده‌نگیان پێ بده‌ن، ده‌یانه‌وێت له‌ ڕێی بووختانكردن بە پارتییه‌وه‌ خه‌ڵك له‌ خشته‌به‌رن و، زۆر به‌ ڕووقایمی باسی نیشتمانپەروەریی و به‌ته‌نگه‌وه‌چوونی ژیانی خه‌ڵك و شكاندنی به‌رانبه‌ره‌كانیان ده‌كه‌ن.
‎سه‌یره‌ لای ئه‌و كه‌سانه‌، كوردایه‌تی و نیشتمانپەروەریی؛ خزمه‌تكردنی ئه‌جێندای دوژمنان و دڵخۆشكردنیان، هه‌وڵدانی بێوچان بۆ له‌تكردنی ڕیزی نیشتمانی و ته‌سلیمكردنه‌وه‌ی كه‌ركووك و نیوه‌ی خاكی كوردستانه‌، كه‌چی هه‌وڵدان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی ڕیفراندۆمێكی یاسایی و سه‌رتاسه‌ریی كوردستاندا به‌ خیانه‌ت ده‌زانن!! ئه‌رێ ئه‌وه‌ چ ڕووقامییه‌كه‌، پاراستنی كه‌ركووك به‌ خیانه‌ت و ته‌سلیمكردنه‌وه‌ی به‌ كوردایه‌تی بزانن؟! مرۆڤ نازانێت چۆن باسی ئه‌وانه‌ بكات كه‌ خه‌ڵكانێكیان كاندید كردووه (‌ نۆتی شه‌جاعه)‌ی ئه‌نفالیان وه‌رگرتووه‌ كه‌چی ئێستا بۆ سواڵی ده‌نگ حه‌وت حه‌وت باسی تاوانه‌كانی ئه‌نفال ده‌كه‌ن!! كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانیان به‌ ئاسۆیی و ستوونی نه‌ك دابه‌ش، بگره‌ ئه‌نجنئه‌نجن كردووه‌، كه‌چی هیچ شه‌رم ناكه‌ن و خۆ به‌خه‌مخۆری خه‌ڵك و هاوبه‌شی ئێشوئازاره‌كانی ده‌رده‌خه‌ن!!
‎سووربوونی ئه‌و ڕووقایمانه‌ له‌سه‌ر دووباره‌كرنه‌وه‌ی ته‌جره‌به‌ی فاشیلی په‌لاماردانی پارتی وه‌ك تاكه‌ ڕێگه‌یه‌ك بۆ سواڵی ده‌نگ، ده‌یسه‌لمێنێت نه‌زانیشن. ئاخر هیچ په‌ندێكیش له‌ مێژوو فێرنه‌بوون و نابن. تا ئه‌مڕۆ، نازانن كه‌ چییان له‌ په‌لاماره‌كانی پێشوو ده‌ستكه‌وتووه‌، ئه‌مجارەش لەوە زیاتریان دەست ناكەوێ‌. بووختان و هێرشه‌ ئیعلامییه‌كانیان، چه‌ند په‌لاماری ناحه‌قی پارتییه‌، هێنده‌ش سووكسه‌رنجدانی خه‌ڵكی كوردستانه‌. خه‌ڵكی كوردستان زۆر له‌وه‌ هۆشیارتر و زه‌ینیان ڕوونتره‌ كه‌ ئه‌وانه‌ تێیگه‌یشتوون.
‎نازانن، ده‌ستكه‌وتی خه‌ڵك و هه‌ڵوێستی نیشتیمانیانه‌، په‌یژه‌ی سه‌ركه‌وتنن، نه‌ك په‌لاماری ئیعلامی و بووختان و ته‌خوینكردنی خه‌ڵكی دیكه‌. نازانن، مێژوو و ڕووداوه‌كانی، تۆماركراون و ته‌واو، به‌ هه‌راوزنا نایه‌نه‌ گۆڕین، باشترە ئەوان خەریكی ماڵی شێواوی خۆیان و كۆكردنەوەێ پارچەكانیان بن نەك پەلاماردان و چەواشەكاری.
‎جوانیان گوتووه‌: گه‌ر شه‌رمت نه‌كرد، چ ده‌كه‌ی بیكه‌.

Top