بۆ یەکەمجار بودجەی وەزارەتی ڕۆشنبیری فەرەنسا 4 ملیار یۆرۆی تێپەڕاند
ڕۆزلین باشلو وەزیری ڕۆشنبیریی فەرەنسا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: کە بۆ یەکەمجارە بودجەی وەزارەتی بە بەرپرسیاریەتیی ئەو لە 4 ملیار یۆرۆ تێپەڕدەبێت.
بودجەی 4.08 ملیار یۆرۆی وەزارەتی ڕۆشنبیریی فەرەنسا کە بۆ دامەزراوە ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و پیشەسازییە ڕۆشنبیرییەکان خەرج دەکرێت، بە بەراورد بە بودجەی ساڵی ڕابردوو 273 ملیۆن یۆرۆ زیادیکردووە.
ئەمبودجەیە لەساڵی 2021دا بەبڕی نزیکەی 3.08 ملیار یۆرۆ پەسەندکرا کە ئەمساڵ 7.5٪ زیاد دەکات.
باشلو گوتی: زیادکردنی ئەم بودجەیە دەسەڵاتی وەزارەتی زیادکردووە بۆ خەرجکردنی ئەو پرۆگرامانەی لەساڵی 2017دا پەسەندکراون بۆ پەرەپێدان بە کلتوری گشتی.
وەزیری ڕۆشنبیریی فەرەنسا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆڕۆناوە 13.6 ملیار یۆرۆ بۆ کلتور خەرجکراوە.
دوای سەرهەڵدانی کۆرۆنا، گەشتیاریی کلتوری لە جیهاندا 40٪ بۆ 50 % لە فەرەنسا كەمی كردووە.
پێش ئەوە بۆ نموونە لە ساڵی 2017دا بە گوێرەی وەزارەتی ڕۆشنبیریی فەرەنسا نیوەی ئەو 68.3 ملیۆن گەشتیارە بیانیەی كە هاتوونەتە خاكی فەرەنسا لە ماوەی مانەوەیان بە لایەنی کەمەوە سەردانی (مۆزەخانە، مۆنۆمێنتی مێژوویی و هتد) یان کردووە. بەڵام دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، مۆزەخانەکان ناچار بوون دەرگاکانیان دابخەن یان بە بنەمایەکی سنووردار و لە ژێر باری تایبەتدا سەردانیکەران قبوڵ بکەن.
هەر بەم هۆیەوە، لە ساڵی 2020 مۆزەخانە گەورەکانی فەرەنسا، لەوانە لوور پاریس کە تەنیا لە ساڵی 2019دا 9.6 ملیۆن سەردانیکاریان هەبوو، دابەزینی ڕێژەی 70٪ ی سەردانیکارانی بە خۆوە بینی.
گوڵان: سەردار خەلیل