دەیڤید فیلیپس بەڕێوەبەری پرۆگرامی بنیاتنانی ئاشتی و مافەكان لە زانكۆی كۆڵۆمبیا بۆ گوڵان: پێویستە كورد بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی عێراقدا بكات و حكومەتەكەی خۆشی بەهێز بكات

دەیڤید فیلیپس بەڕێوەبەری پرۆگرامی بنیاتنانی ئاشتی و مافەكان لە زانكۆی كۆڵۆمبیا بۆ گوڵان:  پێویستە كورد بەشداری  لە هەڵبژاردنەكانی عێراقدا بكات و حكومەتەكەی خۆشی بەهێز بكات

 

 

دەیڤید فیلیپس بەڕێوەبەری پرۆگرامی بنیاتنانی ئاشتی و مافەكانە لە ئینستیتوتی دیراساتی مافەكانی مرۆڤ لە زانكۆی كۆڵۆمبیا، ڕاوێژكاری باڵای سكرتاریەتی نەتەوە یەكگرتوووەكان بووە و شارەزای كاروبارە دەرەكییەكان و ڕاوێژكاری باڵای وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بووە. هەروەها توێژەر بووە لە سەنتەری دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی هارڤارد و، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پڕۆگرامی چارەسەركردنی ناكۆكییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی كۆڵۆمبیا بووە. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا، كە تەوەرە سەرەكییەكانی پەیوەست بوون بە سیاسەتی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن لە ئاست ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئایندەی پەیوەندییەكانی ئەمریكا و عێراق و پرسی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق و، بەشداریكردنی كورد لەم پرۆسەیە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

* سەرەتا دەمانەوێت بە پرسیارێكی گشتی دەست پێ بكەین لەبارەی هەڵسەنگاندنتان بۆ سیاسەتی ئیدارەی سەرۆك بایدن لە ئاست ئەم ناوچەیەدا، ئایا ڕای ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟

- یەكەم شت دەبێت ئەوە بڵێین كە ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن دەستبەرداری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبووە، بەڵكو مەسەلەكە ئەوەیە كە ئەم ئیدارەیە بە شێوەیەكی جیاواز مامەڵە لەگەڵ ئەم ناوچەیەدا دەكات، ئەم ئیدارەیە لەگەڵ بەكارهێنانی هێزی سەربازیدا نییە، بەڵكو دەیەوێت لە ڕێی شەراكەتەوە كار بكات و جەخت لەسەر بەهای هێزی نەرمی وڵاتەكەی دەكاتەوە، واتە هێزی نەرمی تەوەربەند لەسەر بەهاكانی ئەمریكا و لەسەر كولتوور و ئابووری و جەختكردنەوەیەكی كەمتر لەسەر هێزی سەربازیی ئەمریكا.

* بە تێڕوانینی ئێوە تا چ ڕاددەیەك ئەم سیاسەتە لە بەدەستهێنانی ئامانجە ڕاگەیەندراوەكانیدا كارا و سەركەوتوو بووە؟

- ئامانجە ڕاگەیەندراوەكە بریتییە لە برەودان بە ئاشتی و پەرەپێدانی سەقامگیری و سیستمە دیموكراتییەكان، تا بتوانن پارێزگاری لە بەرەوپێشچوون بكەن. ئەوەی لەم ڕووەوە ڕوونە ئەوەیە كە ئەمریكا لە ئەفغانستان هەندێ هەڵەی جددیی كرد، ئەركی سەرەتایی ئێمە بریتی بوو لەوەی نەوایەكی ئارام لەم وڵاتەدا بۆ ئەلقاعیدە نەبێت، ئەمە ڕاستەوخۆ دوای 11ی سێپتەمبەر بەدیهات. دواتر دەستمان دایە ئەركی بنیاتنانی نەتەوە لەو وڵاتەدا، واتە لە ماوەی 20 ساڵدا، ئەمریكا دوو تریلیۆن دۆلاری خەرج كرد و، هەوڵی دا دیموكراسی لە ئەفغانستاندا بنیات بنێت، بەڵام لە هەر لە سەرەتاوە چارەنووسی ئەم هەوڵە شكست بوو، كە دەبوو ئێمە ئامانجەكانمان چڕ بكردایەتەوە لەسەر بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژییەكەمان، كە بریتی بوو لە ڕێگریكردن لەوەی ئەلقاعیدە نەوایەكی ئارامی نەبێت لەو وڵاتەدا، كە دەمانتوانی دوای لەناوبردنی ئوسامە بن لادن، سەركەوتنمان ڕابگەیاندایە و هێزەكانمان بكێشایەتەوە، بە داخەوە، ئیدارەی بوش دەستی دایە پرۆسەی بنیاتنانی نەتەوە لە ئەفغانستاندا، كە هەر لە سەرەتاوە ئەمە كارێكی هەڵە بوو.

* كەواتە پێت وایە ئەم ئیدارەیە دەست هەڵدەگرێت لە پرسی پەرەپێدانی دیموكراسی و بنیاتنانی نەتەوە؟

- نەخێر، پێم وانییە. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەردەوام وەك هێزێكی چاكەكار دەمێنێتەوە و هێزی نەرمی خۆی بەكار دەهێنێت بۆ هاوكاریكردنی وڵاتان، تاوەكو پەرە بە سیستمەكانی حوكمڕانییان بدەن و، برەو بە مافەكانی مرۆڤ بدەن. بەڵام لە ئێستادا دوودڵە لە بەكارهێنانی هێزە سەربازییەكە بۆ برەودان بەم ئامانجانە. لەم ڕووەوە ئەمریكا هاوسەنگییەكی نوێ دەدۆزێتەوە لە نێوان هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە دیپلۆماتییەكانی و گرتنەبەری ڕێچكەیەك كە ڕێگاچارەی سەربازی لەخۆ نەگرێت، بەڵام هێشتا ئەم هاوسەنگییە بەدی نەهاتووە و كاری لەسەر دەكرێت.

* كەواتە باوەڕت وانییە كە ئەم ئیدارەیە بە پێچەوانەی ئیدارەی پێشوو پەنا بباتە بەر سزا و ئابڵوقەی ئابووری و دارایی، بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوە؟

- جارێ دەبێت ئەوە بڵیێن كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نایەوێت خۆی بە دوور بگرێت لە مامەڵەكردن لەگەڵ كاروبارەكانی جیهاندا، بەڵام ئەو ئامڕازانەی بەكاریان دەهێنێت لەم ڕووەو،ە لە بەرەوپێشچووندان. ئەمریكا دەرسی لە ئەفغانستان وەرگرتووە و پێویستە لە شوێنەكانی دیكەی جیهاندا پەیڕەوییان لێ بكەین، كەواتە، بەڵێ هەمیشە بەكارهێنانی سزا و ئابڵوقەی ئابووری وەك ئامرازێكی سەرەكی لە دەستی ئەمریكا دەمێننەوە.

* ئەگەر باس لە بارودۆخی عێراق بكەین، ئەوا پرسیارەكە ئەوەیە، چۆن لەم بارودۆخە دەڕوانن و ئایا چۆن سەیری ئایندەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و عێراق دەكەن، بە تایبەتی لە دوای گفتوگۆكان بۆ كۆتاییهێنانی ئەركی شەڕ لەم وڵاتەدا؟

- دەبێت ئەوەمان لە یاد بێت كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئامانجی ستراتیژی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستڕۆیشتوویی ئێران، لەبەر ئەوەی عێراق بووەتە گۆڕەپانی دەستڕۆیشتوویی ئێران لە بەرامبەر دەستڕۆیشتوویی ئەمریكادا، ئەوا پێشبینی ئەوە دەكەم ئەمریكا لە عێراقدا بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی عێراق نەبێتە كۆڵۆنییەك، یان پاشكەوتەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران.

* كەواتە پێت وایە ئەگەری ئەوە هەیە شەراكەتێكی ستراتیژی و درێژخایەن لە نێوان ئەمریكا و عێراقدا بەدی بێت؟

- لە ڕاستیدا ئەنجامدانی دیالۆگی ستراتیژی خۆی لە خۆیدا كارێكی باشە و، لەم ڕووەوە هاوكاریی نێوان ئەم دوو وڵاتە بەرەوپێش دەچێت و، سرووشتی هاوكاریی نێوان ئەمریكا و عێراقیش بەندە بە ڕووداوەكانی نێو عێراقەوە، من پێشبینی ئەوە ناكەم ئەمریكا لە عێراق بكشێتەوە، ئێمە بەرژەوەندیی ستراتیژی و ئەمنیی گرنگمان هەیە، كە دەكرێت لە ڕێی مانەوەی ئەمریكا لەم وڵاتەدا بەدی بێت. بەڵام دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت، كە ئیدارەی بایدن نایەوێت لە شەڕە بێكۆتاییەكانەوە تێوە بگلێت و، نایەوێت هێزی سەربازی بەكار بهێنێت، تەنیا لە حاڵەتی زۆر پێویستدا نەبێت. پێم وایە ئاستی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا لەگەڵ پێداویستییەكانی عێراق و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا گونجاون و دەبێت پارێزگاریی لێ بكرێت.

* ئایا دەكرێت بڵێین ئەمریكا عێراق دەكاتە قوربانیی گفتوگۆكانی بۆ گەڕانەوە بۆ نێو ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێراندا؟

- سیاسەتی ئەمریكا لەسەر بنەمای ئەو ئامانجانە دەبن كە پێداویستییەكانی عێراقییەكان بەدی دەهێنن، لەم ڕووەوە هەوڵەكان چڕ دەبنەوە لە كۆتایی پێهێنانی ناكۆكی و توندوتیژی، سەقامگیركردنەوەی وڵاتەكە و، برەودان بە پەیوەندییە تایفەگەرییەكان، بە چەشنێك كە بگونجێن لەگەڵ ئامانجەكانی ئەمریكادا، هەروەها تا ئێران بەردەوام بێت لە كارە ناسەقامگیركارەكانی، ئەوا ئەمریكا چاودێریی چالاكییەكانی ئەو وڵاتە دەكات و، ناكرێت متمانە بە ئێران بكرێت، بە تایبەت لە عێراقدا.

* ئەی پێت وایە هیچ پێشكەوتنێك ڕووبدات لە پرۆسەی گفتوگۆكانی پەیوەست بە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە لەگەڵ ئێراندا و، بە تایبەتی كە ئیدارەی بایدن بەم ئاراستەیە دەستی بە گفتوگۆ كردووە؟

- من ئومێدەوارم بەرەوپێشچون بەدەست بێت، بەڵام لە ئێستادا هیچ ئاماژەیەك لە ئارادا نییە كە ئەم بەرەوپێشچوونە بەدی بێت، من پێم وایە پێویستە ئەمریكا بەردەوام بێت لە فشاردروستكردن لە سەر ئێران، لەم ڕووەوە كار لەگەڵ كۆمەڵگەی مەدەنیدا بكات، بۆ ئەوەی ئێران دەستی واڵا نەبێت و نەتوانێت لە دەستێوەردان لە كاروبارە ناوخۆییەكانی عێراق بەردەوام بێت، دەبێت كار بكات بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەستڕۆیشتوویی خراپی ئێران لە ناوچەكەدا.

* بەڵام هەروەك دەزانن عێراق بە دەست چەندین كێشەوە گرفتارە، ئێوە چۆن وەسفی ئەم دەوڵەتە دەكەن، پێت وایە دەوڵەتێكی شكستخواردووە، یان لاواز؟

- عێراق لە بارودۆخێكی لاوازدایە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بكەوێتە ژێر كاریگەریی دەستڕۆیشتوویی دەرەكییەوە. دەبێت عێراق و هاوبەشە عێراقییەكانی پێكەوە كاربكەن بۆ بەهێزكردنی دامەزراوەكان و برەودان بە دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ، ئەمەش خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی عێراق و ئەمریكاش دەكات.

 * لە ئێستادا عێراق نزیك دەبێتەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی، بە تێڕوانینی ئێوە تا چ ڕاددەیەك ئەگەری ئەوە هەیە، ئەم هەڵبژاردنانە ببنە مایەی بەرەوپێشچوون و پێكهێنانی حكومەتێكی كارا؟

- من نامەوێت مەزەندە بكەم لە بارەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە، بەڵام دەبێت حكومەتی نوێ، حكومەتێكی گشتگیر و كارا بێت، حكومەتەكانی پێشووی عێراق كارا نەبوون لە ئیدارەدانی كاروبارەكانی وڵاتەكەدا، كاتی ئەوە هەیە عێراقییەكان هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە و ڕێگای نوێی پێكەوەكاركردن بگرنەبەر، هاوكاری لە نێو عێراقییەكاندا ئاماژەیەك دەبێت بۆ ئەوەی عێراقییەكان لەئاست ئەركەكەدان.

* ئێوە چۆن لە بەشداریكردنی كورد لەم هەڵبژاردنانەدا دەڕوانن؟

- پێویستە كورد بەشداری لەم هەڵبژاردنانەدا بكات، لە هەمان كاتدا دەبێت حكومەتەكەی خۆیان بەهێز بكەن، ئەگەر هاتوو عێراق داڕووخا، ئەوا با ئۆباڵەكەی لە ئەستۆی كورد نەبێت. كورد دەتوانێت هاوكاری لەگەڵ بەغدا بكات كاتێك ئەم هاوكارییە دەبێتەهۆی برەودان بە بەرژەوەندییەكانی كورد.

* ئەی ڕاسپاردەت بۆ كورد، بە تایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان چییە لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردنەوە لەگەڵ عێراقدا و، ئایا پێت وایە كورد بتوانێت بگاتە شەراكەت و تەوافوق لەگەڵ عێراقدا؟

- پێویستە ئامانجەكە بەدیهێنانی هاوكاری بێت نەك شەراكەتی تەواو، دەبێ كوردستانی عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەكانی خۆی و ئاستی پشتیوانیی ئەمریكا شێوازی مامەڵەی خۆی لەگەڵ عێراقدا دابڕێژێتەوە.

* ئایا پێت وانییە كەمكردنەوە و كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی، ببێتە هۆی دووبارە بەهێزبوونەوە و خۆڕێكخستنەوەی گرووپە توندڕەو و تیرۆریستییەكان؟

- من پێم وانییە پێویست بەوە بكات كە ئەمریكا هێزەكانی كەم بكاتەوە، بەڵكو دەتوانێت ئەركی ئەم هێزانە بگۆڕێت بۆ بەرپەرچدانەوەی تیرۆریزم، بەڵام بەبێ بوونی هێزەكانی ئەمریكا، عێراق لە بارودۆخێكی لاوازدا دەمێنێتەوە و مەترسیی ئەوە هەیە ببێتە پاشكۆی ئێران، دواتر دەبێت ئەوە بڵێین كە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ڕێی هاوكاریی نزیكی لەگەڵ هەرێمی كوردستانی عێراقدا بەدی دێت، پێویستە ئەمریكا هاوكاری لەگەڵ بەغدا و هەرێمی كوردستاندا بكات. بەڵام ئەگەر دەركەوت بەغدا شەریكێكی باوەڕپێنەكراوە، یان بووەتە پاشكۆی ئێران، دەبێت ئەمریكا تەركیز لەسەر كوردستان بكات و لە نزیكەوە كار لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا بكات.

* هەروەك دەزانن لە ئێستادا هەندێ هێز هەن كە جار لە دوای جار هێرش دەكەنە سەر دامەزراوە دیپلۆماتی و سەربازییەكانی ئەمریكا و كونسوڵگەریی ئەمریكا لە هەولێر و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بە تێڕوانینی ئێوە پێویستە حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان چۆن مامەڵ لەگەڵ ئەم دۆخەدا بكەن؟

- ئاشكرایە كە ئەو هێزانە بۆ بەرژەوەندیی ئێران كار دەكەن، پێویستە هێزەكانی عێراق بەرەنگاری ئەم هێرشانە ببنەوە و پارێزگاری لە بوونی ئەمریكا بكەن لە وڵاتەكەدا، نابێت ئەمریكا بە تەنیا ئەم كارە بكات، ئەمە بەرپرسیارێتیی حكومەتی عێراقە و پێویستە ئەم بەرپرسیارێتییە جێبەجێ بكات.

* پێشبینیت بۆ ئایندەی عێراق لە ڕووی باشترین سیناریۆ و خراپترین سیناریووە چییە؟

- ئەگەر عێراق بە ناسەقامگیری بمێنێتەوە و بەرەو لەبەریەكهەڵوەشاندنەوە بڕوات، ئەوا پێویستە ئەمریكا ئیدارەی ئەم دۆخە بكات بۆ ئەوەی پارێزگاری لە بەرژەوەندییەكانی بكات لە كوردستانی عێراقدا و، هاوكارییەكی ئەمنی و ئابووریی پتەوی هەبێت لەگەڵ هەرێمی كوردستانی عێراقدا.

• ئێوە لە ساڵی 2018دا كتێبكتان نووسی بە ناوونیشانی ناپاكییە گەورەكە، چۆن ئەمریكا پشتی لە كورد كرد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەدەست دا، ئێستا چۆن لە پەیوەندیی نێوان كورد و ئەمریكا دەڕوانن؟

- جگە لە كورد ئەمریكا دۆستێكی دیكەی نییە لە عێراقدا، و جگە لە ئەمریكاش كورد دۆستێكی دیكەی لە عێراقدا نییە. پێویستە هەردوولا جەخت لەسەر زەمینەی هاوبەش و بەهێزكردنی هاوكاری نێوانیان بكەنەوە، چونكە لە ڕێی هاوكارییەوە هەردوولا دەتوانن برەو بە بەرژەوەندییەكانی هەردوولا بدەن.

Top