لە دهۆك 165 هەزار هاوبەش پێوەری زیرەكیان بۆ دانرا
لەپارێزگای دهۆك لەكۆی 378 هەزار هاوبەشی كارەبا توانراوە 165 هەزار هاوبەش پێوەری زیرەكیان بۆ دانرێت و لەو ژمارەیەش 113 هەزاریان كەوتوونەتە كار و لەرێگەی ئەلەكترۆنی یەوە نرخەكان دەخوێنرێتەوە، بەمەش ژمارەی سەرپێچیەكان و زێدەڕۆیی بەشێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە، بەپێی لێدوانێكی بەڕێوەبەری گشتی كارەبای پارێزگای دهۆك لەو 40%ی كارەبای بەرهەم هێنراو لەئێستادا بەرێژەیەكی بەرچاو سەرپێچیەكان كەمی كردووەو رێژەی كارەبای بەفیڕۆچووش هاتۆتە خوارەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای پارێزگای دهۆک گوتی: "ئەو کارەبایەی بۆ پارێزگای دهۆک دێت 24.5%ـی کارەبای هەرێمی کوردستانە کە 600-700 مێگاواتە؛ بەڵام خواستی هاووڵاتییان گەیشتووەتە نزیکەی 900 مێگاوات. ئەوە مانگێکیشە 20-21 کاژێر کارەبا دەدەین. لە زستان و هاویندا خواستی هاووڵاتییان دەگاتە 1000-1400 مێگاوات".
زیاتر لە ملیۆنێك و 700 هەزار هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستاندا هەن، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 60%یان پێوەری زیرەکیان بۆ بەستراوە.