ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم: بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچە سنوورییەکان زیاتر لە ٨٠٠ گوند چۆڵکراون و بێ خزمەتگوزاری ماونەتەوە

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم: بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچە سنوورییەکان زیاتر لە ٨٠٠ گوند چۆڵکراون و بێ خزمەتگوزاری ماونەتەوە

 

لەو کاتەوەی کە شەڕ و پێکدان و بۆردومانەکانی سەر سنوور دەستی پێکردووە، بۆتە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هاووڵاتی و زیان گەیاندن بە گیان و موڵک و ماڵیان. هاوکات، هیچ لایەنێکی نیشتمانی و نێودەوڵەتی دەستپێشخەر نەبوونە بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامێک بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو هاووڵاتیانەی کە موڵک و ماڵیان وێران بووە، زەوی و زاریان زیانی پێگەیشتووە، و ژیانیان لە مەترسی دابووە.

سەبارەت بەم بابەتە، د.دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەدا "کە هێرش و بەرەنگارییەکان بوونەتە هۆی ئەوەی کە دانیشتووانی ئەم ناوچانە بە کۆمەڵ ئاوارە بن و هەروەها بۆتە هۆی ناجێگیری بەردەوام. لە نێوان مانگی ١ بۆ ٨ی ساڵی ٢٠٢١ دا، ١٦٥ هێرشی ئاسمانی، ٢٧٤ گولەتۆپ، و ٦ هێرشی سەرزەمینی ئەنجامدراون. بۆردومانەکان ناوچەکانی پێنجوێن، چوارتا، هەوارە کۆنی سەربە پارێزگای سلێمانی، شنگال، ئەسکبلان، شیلانی، کلکا نسارا، کلکا ئیسلام، کشانی، هروری، کورزار، دشیش، سکیر، ئاورا، باپیری، هرور، خامتیر، کەلها شابانی، لیفانی، دیری، هفشن، بیدهوهی، بونکستای سەر بە پارێزگای دهۆکی کردۆتە ئامانج."

هەروەها، لە رێگەی هێرشی ئاسمانی و گولەتۆپ گوندەکانی نزیک ناوچەی سیدەکانی سەر بە پارێزگای هەولێر بۆردومان کراوە، لەگەڵ ئەوەش، گولەتۆپ گوندەکانی نزیک ناوچەکانی باتووفە، کانی ماسی، درکاری سەر بە پارێزگای دهۆکی لەسەرەتایی مانگی ٩/٢٠٢١ دا تۆپباران کرد.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گووتیشی "ئەم هێرشانە مەترسی دەخەنە سەر گیانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، زیان دەگەیەنن بە موڵک و ماڵ و زەوی و زاری جووتیاران، و بینا و خانووەکان وێران دەکەن، و زیان دەگەیەنن بە دارستانەکان. سەرەڕای ئەمەش، چەندین دانیشتووی گووند نشینەکان ئاوارە بوونە بەهۆی ئەم بۆردومانانە، و چەندین هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە و دەیانی تر بوونەتە قوربانی. سەرباری ئەمەش، بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکان نێوان پەکەک و سووپای تورکیا زیاتر لە ٨٠٠ گوند چۆڵکراون و بێ خزمەتگوزاری ماونەتەوە."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا زێباری گوتی کە "داوا دەکەین کە کۆتایی بە گرژی و ئاڵۆزیەکان لە ناوچە سنورییەکان بهێندرێت. هەروەها، داوا لە وڵاتانی دراوسێ دەکەین کە ڕەچاوی بارودۆخی هاووڵاتیان لە ناوچەکانی سەر سنور بکەن کە ئێستا رووبەڕووی بۆردومانەکان بوونەتەوە و ناچارن ماڵەکانیان جێبهێڵن و دەست لە موڵک و ماڵەکانیان هەڵبگرن."

Top