خێری بۆزانی بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری ئێزدییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف بۆ گوڵان: مەلا مستەفا بارزانی چەترێك بوو بۆ هەموو نەتەوە و پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكانی كوردستان

خێری بۆزانی  بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری ئێزدییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف بۆ گوڵان:  مەلا مستەفا بارزانی چەترێك بوو بۆ هەموو نەتەوە و پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكانی كوردستان

 

 

پێكەوەژیان و كولتووری لێبووردەیی لەناو ئایینی ئێزدیدا مێژوویەكی كۆنی هەیە و، تێكەڵ بە مۆركی نەتەوەیی و ڕەسەنی كوردی بووە، كوردانی ئێزدی لەبەر كوردبوون و ئایینەكەیان بە درێژایی مێژوو چەندین جار پەلاماردراون و كۆمەڵكوژییان بەرامبەر ئەنجام دراوە. بۆ قسەكردن لە سەر ڕەسانەیەتیی كوردانی ئێزدی و بوونی كولتووری پێكەوەژیان لە ناو كوردانی ئێزدیدا، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی خێری بۆزانی بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری ئێزدییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

 

 

* هەرێمی كوردستان پێگە و لانكەی پێكەوەژیان و كولتووری یەكترقبووڵكردن بووە، بوونی ئەم هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزایانەش بەڵگەیە بۆ ئەم كولتوورە جوان و ڕەسەنە، وەكو شارەزایەكی بواری مێژوو كە هاوكات لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بەرپرسیارێتیی كاروباری ئێزدییەكانت پێ ڕاسپێردراوە، چۆن ئەم پێكەوەژیانە لە هەرێمی كوردستان هەڵدەسەنگێنیت؟

- كوردستان لە كۆنەوە پێگە و لانكەی پێكەوەژیان و لێبووردەیی بووە، بوونی نەتەوە و ئایین و ئایینزا و مەزهەبی جۆراوجۆر و، نەبوونی گرفتی ئایینی و نەتەوەیی بەڵگەی حاشاهەڵنەگرە، بەوەی كوردستان بووەتە نموونەیەكی جوانی ئەو پێكەوەژیان و كولتووری لێبووردەییەی كە لە زۆر وڵاتانی جیهاندا بەدی ناكرێت، پێكەوەژیان وەكو كولتوور و میراتییەكی جوانی كوردستانی لە مێژوودا بۆمان ماوەتەوە و، نەوە لە دوای نەوە و سەركردە لە دوی سەركردەو پیر و شێخ و مامۆستا و پیاوان و زانایانی ئایینی پارێزگاریان لێ كردووە، من كاتێك باسی كوردستان دەكەم، مەبەستم هەرچوار پارچەی كوردستانە، كە خاوەنی نەتەوەو ئایین و ئایینزا و مەزهەبی جۆراوجۆر و ئەم كولتوورە ڕەسەنەن، تەنانەت لەناو یەك ئاییندا چەند مەزهەبێك هەیە، من لێرەدا ناتوانم بڵێم گرفت و كێشە نەبووە و ئەم كولتوورە جوانە بێ كەموكورتی نەبووە و بۆ پێكهاتەكان شامی شەریف بووە، بۆ نموونە ئێمە وەكو ئێزدییەكان لە مێژوودا تاكو ئێستا زیاتر لە 300 هێرشی جۆراوجۆر كراوەتە سەرمان، كە دوایینیان هێرشی داعش و كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزدی بوو، ئامانج و مەبەستی سەرەكیی ئەم هێرشانە بۆ سڕینەوەی كوردبوون و ئایینەكەمان دەگەڕێتەوە، تەنانەت دوچاری پرۆسەی تەعریب و كۆچپێكردنیش بووینەتەوە، سەرەڕای هەموو ئەم كارەسات و ڕووداوانەی كە لە مێژوودا لەم ناوچەیەدا ڕوویان داوە، كوردستانییان توانیویانە پارێزگاری لە ڕەسەنایەتیی مۆركی كوردستانیبوون و پێكهاتە و نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانیان بكەن و كولتووری یەكترقبووڵكردن و ئاشتی و تەبایی باڵی بەسەر هەموواندا كێشاوەو، ڕێگەی نەداوە هزری توندڕەوی و دەمارگیری و ناكۆكیی مەزهەبی و ئایینی لێرەش تەشەنە بكات، ئەمەش جوانی و ناوبانگی كوردستانی بە دنیای دەرەوە نیشان داوە.

* سەرەڕای ئەم كۆمەڵكوژی و كوشتارانە، كوردانی ئێزدی توانیویانە بەردەوام بن لەسەر ئەم كولتوورە جوانەی پێكەوەژیان و لێبووردەیی، ئایا ئەم پێكەوەژیانە لای كوردانی ئێزدی لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟

- كوردبوون و ئایینەكەمان لەپشت هەموو ئەو كۆمەڵكوژی و هێرشانەوەیە كە دەكرێتە سەر كوردانی ئێزدی، ئەوەتا ئەگەر باسی مێژووی نزیك بكەین، لەساڵانی حەفتاكانەوە ئێزدییەكان دوچاری هێرشی ئایینی و نەتەوەیی بوونەتەوە، لە زۆربەی هەرە زۆری ناوچە ئێزدینشینەكاندا پرۆسەی تەعریب دەستی پێ كردووە و، جگە لە تەعریبكردنی مێشك و زمان، خاكی ئێزدیانیش لەلایەن ئەو عەرەبانەی لە ناوچەكانماندان داگیر كراوە. لە شۆڕشی ئەیلوولدا و بەتایبەتی ئەو ناوچانەی لە دهۆك و بادینان نزیك بوون، كاریگەریی ئەو شۆڕشە لە سەر هزرو بیری ئێزدییەكان زۆر بووە، بەتایبەتی كاریگەریی مەلا مستەفا بارزانی وەكو سەركردەیەكی كاریزما، كە بووبووە هۆی كۆكردنەوەی هەموو نەتەوەو پێكهاتەو ئایین و ئایینزاكان، لەناو كوردانی ئێزدیدا خەڵكانێكی زۆرمان چووبوونە ناو ڕیزەكانی ئەو شۆڕشەوە، بۆ ئەوەی داكۆكی لە مافە نەتەوەیی و ئایینەكەمان بكرێت. لە شۆڕشی گوڵانیشدا جارێكی دیكە سەرهەڵدانی یەكەمی ئەم شۆڕشە لە ناوچەی ئێزدینشینەكان لەسەر دەستی شەهید مەحموود ئێزدی بوو، تا ساڵانی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو ڕاپەرین و ئازادكردنی ناوچە ئێزدینشینەكان هەر لەگەڵ شۆڕش و تەوژمی بیری نەتەوەیی كوردی بوون، لەم پێناوەشدا قوربانییەكی زۆریان داوە و بەسەدان ئێزدی شەهید و بریندار و زیندانی بوون.

* وەك ئاماژەت پێ دا كاریزمایی مەلا مستەفا بارزانی بووە چەتری پارێزگاریكردنی هەموو پێكهاتەو ئایین و ئایینزاكان، بەتایبەتی كە ڕێگەی نەداوە كوردانی ئێزدی غەدریان دەرهەق بكرێت، ئایا تاچەند لە ئێستادا بوونی كەسایەتییەكی وا كاریزما بۆ پاراستنی كوردانی ئێزدی گرنگە؟

- جوانی و كاریزمایی مەلا مستەفا بارزانی زیاتر لەوەدا بوو كە چەترێك بوو بۆ هەموو نەتەوە و پێكهاتەو ئایین و ئایینزاكانی كوردستان، لەمەشدا زیاتر لایەنگیری ئەو لایەنە بووە كە هێزی نەبووە، بە گوزارشتێكی دیكە واتا لایەنی مەزڵووم، یان لاواز) بووە، تەنانەت ئەگەر لە ناوچەیەكیشدا موسڵمانەكان كەمینە بوونایە، ئەوا پشتیوانی كردوون و لەو ناوچانەی مەسیحی و ئێزدی كەمینە بوون، لایەنگری ئەوان بووە و هەمووانی ڕێك خستووەتەوەو، ڕێگای نەداوە زوڵم لە كەس بكرێت. مەلا مستەفا پاڵپشت و پشتیوانێكی گەورەی كوردانی موسڵمان و ئێزدی و مەسیحی و كاكەیی و هەموو ئایین و ئایینزاكان بووە، زۆربەی میر و بنەماڵەی میری ئێزدییەكانیش لەگەڵ شۆڕش بوون و، زۆر زۆر لە جەنابی مەلا مستەفا بارزانی نزیك بوون.

* دەكرێت ئەم نەریت و كولتوورە جوانەی مەلا مستەفا بارزانی كە بەرامبەر هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان هەیبووە، لە ئێستاشدا بەردەوامیی پێ بدرێت و، ڕێگا نەدرێت جیاكاری و هزری توندڕەویی زیان بەم كولتوورە نەتەوەییە بگەیەنێت؟

- سەركردەو میللەت پێكەوە ڕۆڵیان لە پاراستنی پێكەوەژیان و كولتووری میانڕەوی و یەكتر قبووڵكردندا هەیە، لە ئێستاشدا سەرۆك مەسعود بارزانی ئومێدی ئێمەی كوردانی ئێزدی و هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكانی دیكەیە، كە بە سەدان هەڵوێست و كردەوەی گەورەی بەرامبەر كوردانی ئێزدی و پێكهاتەكانی دیكە هەبووە، بەلای ئێمەی كوردانی ئێزدییەوە هەڵوێستەكانی سەرۆك مەسعود بارزانی بەرامبەر پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان نامۆ نییە، چونكە لەسەر هەمان ڕێبازی مەلا مستەفا بارزانی-یە، لە كاتی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق لە ساڵی 2005 ئەگەر سەرۆك مەسعود بارزانی پێداگری نەكردایە، كە دەبێت ناوی ئێزدییەكان و هەموو پێكهاتەكان بچێتە ناو دەستووری هەمیشەییەوە، ئەوا لە ئێستادا هیچ مافێك بۆ پێكهاتەكان دەستەبەر نەدەبوو، هەمووان دەزانن زۆربەی ئەو هێزو لایەنە سیاسییانەی كە بەشدارییان لە نووسینەوەی دەستووردا كرد، هزری ڕادیكاڵیان هەبوو، بەهێزكانی شیعە و سوننەشەوە، تەنانەت ناوی ئێزدییان قبووڵ نەبوو، بە پێداگری سەرۆك مەسعود بارزانی ناوی كوردانی ئێزدی لە عێراق چووە ناو دەستوور، ئەمە لەكاتێكدا لە وڵاتانی دراوسێ لە هیچ دەستوورێكدا ناوی كوردانی ئێزدی نەهاتووە. لە هێرشی تیرۆرستانی داعشدا كاتێك ئەو ڕێكخراوە تیرۆرستییە هەموو دڕندەییەكانی ئاراستەی كوردانی ئێزدی كرد، هەڵوێستی سەرۆك بارزانی دیار و لەبیر نەكراوە، لەو سەردەمەدا سەرۆك بارزانی بڕیاری دا سنوور و باوەشی كوردستان بە ڕووی كوردانی ئێزدیدا واڵا بكرێت، كوردانی ئێزدی بەتایبەتی ئەوانەی ئاوارەن و لەكوردستان نیشتەجێن، بە ویژدانەوە دەگێڕنەوە كە ئەوان 400 هەزار كەس بوون، ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد، بەتایبەت لە دەڤەری بادینان، لەسەر بڕیاری سەرۆك مەسعود بارزانی گەلی كوردستان و حكومەتی هەرێم هەموو سنوورەكانی كردەوە و، شوێنە گشتییەكان و قوتابخانە و تەنانەت مزگەوتەكانیش خرانە خزمەتی لێقەوماوەكانی خێزانە ئێزدییەكانەوە، لەبیرمە لە دهۆك چەندین مزگەوت هەبوو، چەندین هەفتە وتاری هەینیان تێدا نەخوێندرا، ئەم هەڵوێستە لە زۆربەی وڵاتان بەتایبەتی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نییە. تەنانەت هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ڕزگاركردنی كچانی ئێزدی لە دەستی داعش لەبیر ناكرێت، فەرمانی كردنەوەی نووسینگەیەكی دا بە ناوی (نووسینگەی ڕزگاركردنی ڕفێنراوە ئێزدییەكان) و منی ڕاسپارد بۆ جێبەجێكردنی ئەم كارە و بە پاڵپشتی و پشتیوانیی بەڕێزی 3455 ڕفێندراوی كوردی ئێزدی ڕزگار كران، كە لە 84%ی ئەم ژمارەیە لە ڕێگەی ئەم نووسینگەیەوە بووە و 7 ملیۆن دۆلاریشی لەم پێناوەدا خەرج كردووە.

* وەكو باست كرد، هێشتا ژمارەیەكی زۆری كوردانی ئێزدی ئاوارەی ناوچەكانی بادینانن، لە كاتێكدا ناوچەیەكی وێرانەی فراوان لە شنگال و دەوروبەری و دەشتی نەینەوا هەیە، ئایا ئومێد هەیە ئەم ناوچانە دووبارە ئاوەدان بكرێنەوە؟

- شنگال لە ئێستادا ناوچەیەكی سەربازگە و چەكدارییە، بە دەیان گرووپی جیاجیا و نامۆی چەكداری لە شنگال و دوروبەری نیشتەجێن، تەنانەت ئەو ئێزدییەی گەڕاوەتەوە سەر ماڵ و موڵكی خۆی، لە هەموو كاتێكدا مەترسیی ئاوارەبوونی لێ دەكرێتەوە و گیانیانی لەمەترسیدایە. هەموو ئەو شوێنانەی لە ژێر دەستی حەشدی شەعبی و پەكەكە و سوپای عێراقدایە، ناجێگیر و ناسەقامگیرە و ڕەوشی ئارامی تێدا نییە، كوشتن و ڕفاندن هەیە، تەنانەت فڕۆكەكانی وڵاتی توركیاش لە ئاسمانەوە ناوبەناو بۆردومانی ناوچەكە دەكەن، تەنیا ئەو ناوچە جوگرافیاییە نەبێت كە لە ژێر دەستی پێشمەرگەكانی كوردانی ئێزدیدایە، كە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، ئێمە داوا دەكەین زیاتر پشتگیری ئەو هێزانەی وەزارەتی پێشمەرگە بكرێت كە بەبێ هیچ ئەجندایەك كار دەكەن، هاوكات پێویستە هاوپەیمانەكان بەتایبەتی ئەمریكا كار بۆ خاوێنكردنەوەی شنگال و دەوروبەری بكەن، بۆ ئەوەی ئەو هەموو هێزە چەكدار و گرووپە چەكدارە بیانییانە لەوێ نەمێنن، با شنگال بۆ شنگالییەكان بێت و ناوچەكەیان ئاوەدان بكرێتەوە.

* وەك بەرپرسێك لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی پەیوەندیدار بە كاروباری ئێزدییەكانەوە، ئایا چ پێشنیار و بۆچوونێكت هەیە، بۆ ئەوەی ئەم ڕۆحییەت و ئەخلاقی مرۆڤپەروەر و پێكەوەژیان و لێبووردەییە لەناو ئایین و ئایینزاكانی كوردستاندا بمێنێتەوە و دەوڵەمەندتر بكرێت؟

- گەلی كورد ئەو كولتووری یەكترقبووڵكردن و پێكەوەژیانەی هەیە؛ ڕۆڵی بەرزی مامۆستا و پیاوانی ئایینی بۆ پاراستنی ڕەسانەیاتيی پێكەوەژیان و لێبووردەیی بەرز و پیرۆزە، بەداخیشەوە هەندێك مامۆستای ئایینی هەن كە هزری توندڕەویی و توندوتیژییان هەیە، ئەویش لەلایەن زانا و مامۆستا و پیاوانی ئایینیەوە ڕێگایان لێ دەگیرێت، چونكە بەو بیرو هزرە توندڕەوییە زیان بە پیرۆزيی ئایین و پەیامەكان و مرۆڤەكان دەگەیەنن، ئایین بۆ بەختەوەريی مرۆڤەكان و خەڵكە، نەك بۆ توندوتیژی، ئومێدەوارم بە هەمووان بتوانین پارێزگاری لەو ئامانجە پیرۆزەی ئایینەكان بكەین.

Top