عێراقیش بەهەمان شێوەی هەرێمی كوردستان گرنگی بەوەبەرهێنان لەگازی سروشتی و وزە نوێبووەكان دەدات

عێراقیش بەهەمان شێوەی هەرێمی كوردستان گرنگی بەوەبەرهێنان لەگازی سروشتی و وزە نوێبووەكان دەدات

وەزیری نەوتی عێراق لە وۆركشۆپی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە ئاماژەی بە پلانەکانی حکومەت و وەزارەتی نەوت لە وەبەرهێنان لە وزەی پاکكردوو وتی: هەنگاوی جیددییان ناوە بەرەو کەمکردنەوەی فڕێدانی گازی دووانەئۆکسیدی کاربۆن و جێگرەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزە پاكەكانەوە، لەوانە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی جیاکردنەوەی گازی بەفیڕۆچووی نەوت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا ، ئەمەش دەبێتەهۆی زیادبوونی بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا و کەمتر دەرهاوێشتنی گازە زیانبەخشەکان بۆ نێو کەشی زەوی.
بەگوێرەی گوتەکانی وەزیری نەوت، عێراق ستراتیژییەتێکی روونی لەبارەی وەبەرهێنان لە وزەی پاک داناوە، ئەوەش بە گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی ئەو بوارە لە شارەکانی بەسرە، میسان و زیقار، دامەزراندنی کۆمپانیای گازی بەسرە لە هەمان چوارچێوە دایە، هاوکات رێککەوتنی حکومەتیش لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ کە زنجیرەیەک پڕۆژەی وەبەرهێنانە لە گازی هاوەڵی نەوت دەرخەری تامەزرۆیی حکومەتی عێراقە بۆ بەدەستهێنانی وزەی پاک.

وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوە کرد، یەکێکی دیکە لە پلانی حکومەت زیادکردنی 12 کیلۆوات کارەبایە بۆ سیستەمی کارەبای نیشتمانییە لە رێگەی وزەی جێگرەوە ئەوەش بە گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ بەکارهێنانی گاز وەک جێگرەوەیەکی سووتەمەنی قورس.
حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ یەكەمینجار لەسەر ئاستی عێراق لە كێڵگەی نەوتی حەسیرە توانی 165 مێگاوات كارەبا لە گازی سروشتی بەفیڕۆچووی كێڵگە نەوتەكانی حەسیرە بەرهەم بهێنێت و ئەمە وێڕای ئەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر لەلایەن كەرتی تایبەتەوە لەچەندین شوێنی تایبەت دەستی پێكردووەو لەیاسای نوێی وەزارەتی كارەبا بڕگەیەك دانراوە بۆ كڕینەوەی ئەو كارەبایەی لەو پرۆژانە بەرهەم دەهێنرێت.

Top