پرینتەرێكی بچووك وەك پێنووسێك
پرینتەر، یا بە واتایەكی دیكە ئامێری چاپی دیجیتاڵی، ئەو ئامێرەیە كە لەگەڵ كۆمپیوتەر یا مۆبایل دەبەسترێتەوە و ئەوەی لەسەر شاشەی كۆمپیوتەرە دەگوازێتەوە بۆ سەر كاغەز..
زۆربەی پرینتەرەكان قەوارەیان لانی كەم بەقەد لاپەڕەیەكی A4 دەبێت.. بە زۆریش لەگەڵ كۆمپیوتەر پەیوەند دەدرێن نەك مۆبایل..
كۆمپانیایەك پرینتەرێكی زۆر جیاوازی بەرهەم هێناوە، پرینتەری EVEBOT هەندێك لە قەڵەمێك گەورەتر. ئەم پرینتەرە بچووكە ئەو ئەرك و كارانەی كە كۆمپیوتەرە مەزنەكان ناتوانن ئەنجامی بدەن، دەیكات. پرینتەرەكە لەسەر هەموو تەنێك (كاغەز، دار، شووشە، پێست، گلاس و میدالیای كلیل...تاد) چاپ دەكات. بەهۆی وای-فای بە مۆبایلەوە پەیوەند دەدرێت.
هەر لە وێنەكەدا دیارە قەوارەیەكی زۆر گونجاوی هەیە. باترییەكەی 1200 میلی ئەمپێرە و هەتا دوو هەزار جار چاپ كردن پێویستی بە شەحن نییە. بەهۆی ئەو پرینتەرەوە دەتوانیت وێنە و لۆگۆ و ئارمی تایبەت بەخۆت لە هەر شتێك بدەی. بۆیە بۆ ریكلام كردن زۆر گونجاوە. لە یەك چركەدا دەست بە پرێنت كردن دەكا و كوالیتیەكەی 300 Dpiیە. كاترێجێك (قوتوی هەڵگرتنی حیبر) هەتا 3500 جار چاپ كردن تەواو نابێت. ئەو رەنگەی لە كاتریجەكە دایە كێشە بۆ پێست دروست ناكا. كێشی پرینتەرەكە 240 گرامە.