قەشە دكتۆر عیماد خۆشابا جێگری گشتیی ئەبرەشیەی كلدانی دهۆك و ئامێدی بۆ گوڵان:   پاپا مەبەستی بوو بە شەخسی سوپاسی سەرۆك بارزانی بكات بۆ پێشوازیی كوردستان لەو هەموو ئاوارەیە

قەشە دكتۆر عیماد خۆشابا  جێگری گشتیی ئەبرەشیەی كلدانی دهۆك و ئامێدی بۆ گوڵان:     پاپا مەبەستی بوو بە شەخسی سوپاسی سەرۆك بارزانی بكات بۆ پێشوازیی كوردستان لەو هەموو ئاوارەیە

 

 

ناسنامەی گەشی ئێستای كوردستان لەسەر ئاستی جیهان، لێبوردەیی و پێكەوەژیانی نێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەكانە، هەر ئەمەش بووەتە هۆكاری ئەوەی تەواوی ئایین و نەتەوە جیاوازەكان، كوردستان بە شوناس و وڵاتی خۆیان بزانن. بۆ قسەكردن لەسەر ئەو واقیعەی ئێستای كوردستان كە لێبوردەیی و پێكەوەژیانی بۆ هەمووان كردووەتە نیعمەتێكی گەورە، سەردانی (ئەبرەشیەی كلدانی دهۆك و ئامێدی)مان كرد لە شاری دهۆك و ئەم دیدارەمان لەگەل قەشە دكتۆر عیماد خۆشابا ئەنجام دا و، بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

 

* سەرەتا دەمانەوێت بپرسین: ئایا لێبوردەیی و پێكەوەژیان لە كوردستان چ مانایەكی لای ئێوە هەیە، یان هەڵسەنگاندنتان بۆ ئەم لێبوردەیی و پێكەوەژیانە چۆنە؟

- گومانی تێدا نییە، لێبوردەیی و پێكەوەژیان لە كوردستان بابەتێكی هێجگار گرنگە، ئەمەش كوردستانی كردووەتە باخچەیەك كە پڕیەتی لە گوڵی هەمەجۆر و هەموو گوڵەكانیش پێكەوە گوڵستانێكیان دروست كردووە، لەمەوە دەمەوێت بڵێم: ئەگەر باخچەیەك تەنیا یەك جۆر گوڵی تێدا بێت، ئەوە بۆ باخچەیەك كەمە، تەنیا یەك جۆر گوڵی هەبێت، بەڵام ئەگەر گوڵی هەمەڕەنگی تێدا بوو، سیمای باخچەكەش جوانتر و ڕازاوەتر دەردەكەوێت. ئەو فرەیی ئایینەی ئەمڕۆ لە كوردستانیشدا هەیە، هەر ئایینێك وەك گوڵێك دەردەكەوێت. خوای گەورە وەك نیعمەتی خۆی ئەم دیارییەی بە كوردستان بەخشیوە، بۆیە ئەركی هەموومانە كە لەژێر سایەی سەرۆك بارزانی ئەم نیعمەتە بپارێزین و هەوڵ بدەین ئەم سیمای لێبوردەیی و پێكەوە ژیانە بكەینە ناسنامەی كوردستان و هەموو جیهانیش ڕێز لەم ناسنامەیە دەگرێت.

* ئێمە هەموومان لە ناوچەیەك دەژین كە پێی دەگوترێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەر سەیری دەوروبەری خۆمان بكەین، دەبینین لەو وڵاتانەی دەوروبەریشمان فرەیی بوونی هەیە، بەس پێكەوە ژیان و لێبوردەیی نییە، ئەگەر عێراق بە نموونە وەربگرین، دەبینین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پێكەوە ژیان و لێبوردەیی كەم دەبێتەوە، بەڵام لە كوردستان زیاتر دەبێت، ئایا هۆكاری ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

- پێوەرێك بووەتە هۆكار بۆ ئەم پێكەوە ژیان و لێبوردەیەیی كە ئێستا لە كوردستان بوونی هەیە، ئەو پێوەرەش بایەخ و پارێزگاریی سەرۆك بارزانی-یە بۆ مانەوەی ئەم لێبوردەیی و پێكەوەژیانە و ئەمەی كردووەتە كەلتووری كوردستان، ئەگەر سەرنج بدەین كە ساڵی 2014 داعش هات، ئەگەر كوردستان دەرگای بە ڕووی ئەو هەموو ئاوارەیە واڵا نەكردبا و پێشوازیی لێ نەكردنایە، ئەو هەموو خەڵكە بۆ كوێ دەچوو؟ بۆیە ئەو خەڵكە هەموویان ڕوویان كردە كوردستان و نەچوونە شوێنێكی دیكە، هۆكاری ئەوەش ئەوە بوو كە لە كوردستان دڵنیایی و ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەمووان مسۆگەرە، لەلای تەواوی ئەو خەڵكەش ئەو مەزندەیە هەبووە كە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان ئامادەیە پێشوازییەكی شایستە لە هەمووان بكات.

لێرەدا دەخوازم ئاماژە بەوە بكەم، كە ئێمەش بەشێكین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە كوردستانیش هەڵكشانی تەوژمی ئیسلامی سیاسی و توندڕۆیی بوونی هەیە و، گەلیك هەوڵیش هەبوون بۆ ئەوەی ئەم لێبوردەیی و پێكەوە ژیانە لاواز بكەن، بۆیە پرسیاری من ئەوەیە: ئەگەر لۆژیكی سەرۆك بارزانی نەبووایە چۆن دەتوانرا لە كوردستانیش ئەم لێبوردەیی و پێكەوە ژیانە بپارێزریت؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێم: كاتیك پاپا لە 7ی ئاداری 2021 هاتە كوردستان، من وەرگێڕی ئەو بووم و یاوەری بووم لە هەموو دیدارەكانی لەگەڵ بەڕێز سەرۆك مسعود بارزانی و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و بەڕێز مسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، لەم دیدارانەدا پاپا بەوانی گوت: «سوپاسی ئێوە دەكەم كە بەم ئاستە بەرزە پێشوازیتان لەمن كرد، بەڵام سوپاسێكی زۆر گەورەتری ئێوە دەكەم كە دەرگای كوردستانتان واڵا كرد و پێشوازیتان لەو هەموو ئاوارەیە كرد»، ئەم قسانەی پاپا بۆ ئێمەی كوردستانی پەیامێكی هێجگار گەورە بوو و پشتگیرییەكی زۆر گەورەش بوو، لەبەر ئەوەی جیا لەوەی پاپا مەرجەعێكی گەورەی كریستیانە لە جیهاندا، لە هەمانكاتدا بەم پەیامەی جیهانی ئاگادار كردەوە لەوەی كوردستان چۆنە و لەسەر ئەم خاكە مامەڵەیان لەگەڵ فرە ئایینی لە چ ئاستێكدایە.

هەر لەسەر ئەم پرسە و بایەخدانی سەركردایەتیی سیاسی بە پاراستنی ئەم فرەیی و لێبوردەییە، دەمەوێت باس لە هەنگاوێكی ئەم دواییەی بەڕێز مسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بكەم، بەر لەماوەیەك سەرۆك وەزیران لەگەڵ ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و چەند وەزیرێكی دیكە لێژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ هەڵگرتنی زیادەڕۆیی لەسەر زەویی كریستیانەكان، ئەم هەنگاوەی سەرۆك وەزیران ئاماژەیە بۆ بایەخدان بە كریستیانەكان، ئەگەر بایەخدان نەبێت، ئەو بریارە دروست نابێت.

ئەم بایەخدانەی سەرۆك بارزانی و سەرۆكایەتیی هەرێم و سەرۆكی حكومەت، كاریگەری زۆری هەیە، لەبەر ئەوەی ئێمە هەموومان لەسەر ئاستی دەرەوە دۆست و برادەرمان هەیە و ئەم بایەخدانانەیان پێ ڕادەگەیەنین و ئەوانیش هەر یەك لای خۆیەوە دەیگەیەننە لایەنی دیكە و سیمایەكی گەشی كوردستان لە جیهاندا دروست دەكەن.

* پێكەوە ژیان و لێبوردەیی لە كوردستان ڕیشەیەكی مێژوویی هەیە و كاریگەری زۆری شێخانی «بارزان»ی لەسەر بووە، هەر ئەم ڕیشە مێژووییەش مەلا مستەفا بارزانی زیاتر فراوانی كردو ئێستا سەرۆك مسعود بارزانی درێژەپێدەریەتی، ئایا تاچەند سەرۆك مسعود بارزانی بووەتە دڵنیایی و متمانە بۆ ئەم پێكەوە ژیان و لێبوردەییەی كوردستان؟

- لە گەڵ ڕێز و ئیحترامم بۆ هەموو لایەنە سیاسییەكان، زۆر ڕاشكاوانە دەڵێم و ئەوەشی دەڵێم ڕای زۆربەی كریستیانەكانی كوردستانە، ئەگەر ئەو ڕێبازەی بارزان نەبوایە، ئێستا پێكەوە ژیان لەكوردستان لە ئاستیكی زۆر نزم و لاواز دەبوو، بۆیە بە قەناعەتی ئێمە ڕێبازی بارزان بناخەیە بۆ پێكەوە ژیان و هەر ئەو ڕێبازەشە ئەمڕۆ سەرۆك بارزانی درێژەپێدەریەتی و هەوڵ دەدات فراوانتریشی بكات. من وەك قەشەیەك بە ئێوە دەڵێم و ئاگاداری ڕای بەشێكی زۆری كریستیانەكانم و هەموویان دەڵێن «بوونی ئێمە لەگەڵ ڕێبازی بارزان و لۆژیكی سەرۆك مسعود بارزانی-یەو ئەگەر ماڵی بارزان نەبن، ئێمە ناتوانین لە كوردستان بمێنینەوە»، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئێستا سەرۆك مسعود بارزانی بووەتە زامنی ئەمان بۆ كریستیانەكان و مانەوەیان لەم وڵاتە، بۆیە دۆعای ئێمە هەموو ئەوەیە خوا كوردستان بپارێزیت لە ژێر سایەی سەرۆك مسعود بارزانی-دا.

* دیاردەیەكی دیكە كە جێی سەرنجە ئەوەیە كە لە عێراق ژمارەی كریستیانەكان ڕووی لە كەمییە، بەڵام لە كوردستان ڕووی لە زیادكردن و هەڵكشانە، ئایا ئەم بەراوردە لای ئێوە چ مانایەكی هەیە؟

- لای من لۆژیكێك هەیە، هەموو جارێك كە دەچمە شوێنێك و پێم دەڵین بگەڕێوە، پێیان دەڵێم ئەگەر پێشوازیكردنتان بەرز بوو، دڵنیابن دەگەڕێمەوە، ئەگەرنا جارێكی دیكە ناگەڕێمەوە، كەواتە ئەگەر ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین، بۆچی كریستیانی شارەكانی دیكەی عێراق هاتوون و ئێستا ناگەڕێنەوە بۆ مووسڵ و بەغدا و شارەكانی دیكە؟ وەڵامەكەی ئەوەیە پێشوازیی كوردستان لەوان لە ئاستێكی بەرز بووە. جارێكیان گوێم بۆ شوانێكی كریستیان گرتبوو كە لە مووسڵەوە هاتبووە كوردستان و پێی گوتم: ئێمە هەتا داعش مووسڵی نەگرت لە 2014 و نەهاتبووینە كوردستان نەماندەزانی كوردستان بەم جۆرەیە، بۆیە ئەگەر پێشتر بمانزایبایە، دەبوو زووتر بهاتباین بۆ كوردستان، ئەمانە بۆ خەڵكانی سادەش بوونە پێوەر بەو مانای لە كوردستان دڵنیایی و سەقامگیری هەیە و، ئەمانەش هەمووی ڕەنگدانەوەی لۆژیكی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانە، بەتایبەتیش سەرۆك مسعود بارزانی.

* ماوەی چەند ساڵێك بۆ خوێندنی نامەی ماستەر و دكتۆرا لە ڤاتیكان بوویت، ئایا ئەوانەی باست كردن، كاریگەری و ڕەنگدانەوەی لەسەر ڤاتیكان هەبووە؟

- بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەمەوێت ڕووداوێكی تایبەتیتان بۆ بگێڕمەوە. من ساڵی 2015 لە ڤاتیكان بووم، ڤاتیكان خۆی ئامادە دەكرد بۆ قوداسێكی گەورە لە ڕۆژی 6ی كانوونی دووەمی 2015، لە ڤاتیكانەوە ئاگادار كرامەوە كە لەو قوداسەدا نوێژێك بە زمانی «ئارام»ی بخوێنم، منیش لە وەڵامدا پێم گوتن، بۆ نوێژەكە بە كوردی نەخوێنم؟ لەوەڵامدا پێیان گوتم بە كوردی بۆ كێی دەخوێنی؟ لە وەڵامدا گوتم: لە جیهاندا بە ملیۆنەها كورد هەن، ئەمەش پشتگیری و ڕێزە بۆ هەموو كورد و كوردستان كە ڕێز لە فرەیی و لێبوردەیی و پێكەوەژیان دەگرن، سەرەنجام ڤاتیكان ڕازی بوو نوێژەكە بە كوردی بخوێنم و، ڕۆژی 6ی كانوونی دووەمی 2015 لە قوداسی مەزن لە ڤاتیكان كە هۆیەكانی ڕاگەیاندنی هەموو جیهان ئامادە بوون و، بە ئامادەبوونی مار بوترس مەرجەعی هەموو كاسۆلیكەكان لە جیهاندا، نوێژی قوداسم بە كوردی خوێند، هۆكاری ئەو پێداگرییەم لەسەر خوێندنی نوێژی قوداس بە كوردی، هەست بە ئینتما و پشتگیری بوو بۆ ئەم خاكە كە ناوی كوردستانە، من لێرەدا دووبارەی دەكەمەوە پیاوانی ئایینی ئەوجا (كریستیان، یان موسڵمان، یان ئێزیدی) لەناو كۆمەڵگە كاریگەری خۆیان هەیە و دەبێت هەموو كات ببنە هۆكاری خێر، نەك هۆكاری سلبی بۆ وڵاتەكەی خۆیان، زۆر جار ئەو فرسەتەی بۆ پیاوانی ئایینی هەڵدەكەوێت و دەتوانن ڕۆڵی خۆیان بە خێر بگێڕن، لەوانەیە بۆ خەڵكانێكی تر هەڵنەكەوێت، بۆیە لەخوا دەپاڕێمەوە ئێمە هەموو ببینە هۆكاری خێر بۆ پاراستنی ئەم كوردستانە.

* ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەردانەكەی پاپا بۆ كوردستان، بێگومان سەردانی پاپا بۆ عێراق و كوردستان ڕۆڵیكی گەورەی هەبوو، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا ئەنجامدانی قوداسی گەورە لە هەولێر چ پەیامێك بوو پاپا لە كوردستانەوە بۆ جیهانی نارد؟

- ئەو پەیامەی پاپا زۆر گەورە بوو، خۆتان دەزانن كە پاپا سەردانی هەر وڵاتێك دەكات، نوێژی قوداس لە سەنتەری ئەساسی ئەو وڵاتە دەكات واتە پایتەخت، بۆیە كام شار سەنتەر بێت و زۆرترین خەڵكی لێ بێت، لەوێ نوێژی قوداس دەكرێت، بەڵام لە سەردانی بۆ عێراق، پاپا داوای كرد نوێژی قوداس لە هەولێر ئەنجام بدرێت، ئەم هەڵبژاردنەی پاپا بۆ ئەوەی نوێژی قوداس لە هەولێر ئەنجام بدات، ئەو مەسجە بوو بۆ جیهان كە هەولێر ئارام و سەقامگیرە و ناوەندی لێبوردەیی و پێكەوەژیانە لە عێراقدا، ئەگەر سەرنج لە سەردانەكەی پاپا بدەینەوە، پاپا ماوەی چوار ڕۆژ لە عێراق مایەوە، بەڵام گەورەترین مەراسیم و ڕووداوی گرنگی هێنایە كوردستان، ئەویش نوێژی قوداس بوو بە ئامادەبوونی 10 هەزار كەس لە یاریگای فرانسۆ هەریری لەبەر چاوی هەموو كامێرەكانی جیهان. ئەمە كاریگەریی گەورەیشی لەسەر تەواوی كوردستانییەكان هەبوو، بڕوا بكەن دوای ئەوەی نوێژی قوداس لە هەولێر تەواو بوو، هەندێك خێزانی موسڵمان لە دهۆكەوە تەلەفۆنیان بۆ كردم و پێیان گوتم: «كاتێك بینیمان پاپا هاتە ناو یاریگای فرانسۆ هەریری لە خۆشیاندا فرمێسك بە چاوماندا هاتە خوارەوە»، ئەمە مانای ئەوەیە هاتنی پاپا بۆ كوردستان تەنیا بۆ كریستیانەكان نەبوو، بەڵكو هاتن بوو بۆ لای هەموو كوردستانیان.

* لەبەر ئەوەی لە ڤاتیكانەوە نزیكی، پێمان خۆشە ئەو پرسیارەش بكەین، ئایا دوای سەردانەكەی پاپا پشتگیریی ڤاتیكان بۆ كوردستان گۆڕانكاری بەسەردا دێت؟

- پشتگیریی ڤاتیكان بۆ كوردستان زۆرە، بەڵام سرووشتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان زۆر جار دەبنە كێشە لە بەردەمی ڤاتیكاندا، بۆ نموونە ئەگەر ڤاتیكان لە دەرەوەی ئەو پەیوەندییە نێودەوڵەتییە پشتگیریی كوردستان بكات، ئەمە مانای ئەوەیە ڤاتیكان تەجاوزی عێراق دەكات، بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ دەستی ڤاتیكان واڵا بێت و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان نەبنە ڕێگر، ئەوا سەد لە سەد ڤاتیكان پشتگیری هەرێمی كوردستان دەكات. كێشەی سەرەكیی ئەوەیە هەتا ئێستاش هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق، بەڵام وێڕای هەموو ئەمانەش سەردانی پاپا بۆ كوردستان سەلماندی كە هەرێمی كوردستان بۆ ڤاتیكان پێگەیەكی گرنگ و ستراتیژی هەیە، هەروەك قەداسەتی پاپاش بە سەرۆك بارزانی گوت: «سوپاسی ئێوە دەكەم كە پێشوازیتان لەو هەموو ئاوارەیە كرد و كوردستان بووە ماڵی هەمووان.» لێرەدا دەخوازم ئەوەش بڵێم، پاپا هەموو قسەیەكی حیسابی خۆی هەیە و هیچ شتێك ناڵێت ئەگەر پەیامێكی تێدا نەبێت.

* سەبارەت بە دیدارەكەی پاپا و سەرۆك بارزانی، خۆت دەزانی ئێستا سەرۆك بارزانی هیچ پۆستێكی فەرمیی حكوومی نییە، چۆن بە شیوەیەكی پرۆتۆكۆلی ئەم دیدارە ڕێكخرابوو؟

- پاپا كاتێك هات دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی كرد، ئەمە بەو ئیعتوبارەی سەرۆك بارزانی مەرجەع و بابی هەمووانە و ئەم دیدارە لە بەرنامەی سەردانەكەی پاپا لە پڕۆتۆكۆلێكی تایبەتدا تۆمار كرابوو، لەمەش زیاتر ئەوە لای هەموو لایەك ئاشكرایە كە ئێستا بارزانی بێ پلە و پۆستی حكوومی مەرجەع و بابی هەموو كوردستانیانە.

 

Top