ئەو حاڵەتانەی لە توندیی كۆڤید19 زیاد دەكەن

ئەو حاڵەتانەی لە توندیی كۆڤید19 زیاد دەكەن

 هیچ كەس بەدەر لە تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا نییە، بەڵام توندی و سەختییەكەی لە تووشبوویەكەوە بۆ یەكێكی دی جیاوازە. ئەگەرچی زۆربەی تووشبووان بە شێوەیەكی سووك، یان مامناوەند نەخۆش دەكەون و، پێویستیان بە خەوتن لە نەخۆشخانە نابێت، بەڵام چەند نەخۆشی و حاڵەتێك لەكاتی تووشبووندا لە توندیی كۆڤید19 زیاد دەكەن و، ئەگەری ئاڵۆزییەكانیش زیاتر دەكەن، وەك: یەكەم، كێشی زیاد و قەڵەوی، بۆنموونە ئەوانەی كە تێكڕای بارستایی لەشیان BMI لە 23 كگم/ م2 زیاترە. دووەم: كەمیی كێشی لەش كە تێكڕای بارستایی لەش كەمتر بێت لە 18.5 كگم/ م2. سیێەم: نەخۆشیی شەكرە بەتایبەتی كە هاوكات بێت لەگەڵ نەخۆشیی دڵ، ئەوا ئەگەری تووشبوون بە سەختی و ئاڵۆزییەكان و ئەگەری مردن زیاتر دەكات. چوارەم: دووگیانی كە جگە لە توندتربوونی نیشانەكان، ئەگەری پێویستی بە نەشتەرگەریی قەیسەری زیاد دەكات، لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری خوێنبەربوونی پاش منداڵبوون و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، لەكاتی دووگیانیدا و منداڵبوونی پێشوەختە Preterm birth. پێنجەم: چارەسەری كیمیایی شێرپەنجە كە جگە لە زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە هەوكردنە درێژمەوداكان، ئەگەری تووشبوون بە كۆڤید19 بە سەختی زیاد دەكات، لەبەر كزیی سستمی بەرگریی لەش لە ئەنجامی نەخۆشیی شێرپەنجە و چارەسەری كیمیایی.

 

Top