مه‌زنانیش دڵداری ده‌كه‌ن ٢
بەشی دووەم: (2-2)
نووسه‌ر: هاشم ساڵح
وه‌رگێڕ: تاریق كارێزی
به‌ده‌ر له خۆشه‌ویستی، وێنای خۆت بكه، بیر له دڵی وشك و برینگت بكه‌وه، كه چه‌شنی بیابانه..
زۆر سوپاس بۆ تۆ خانمه‌كه‌م، به‌خته‌وه‌رم كه تۆم هه‌یه، تۆم به‌سه، سوپاس بۆ یه‌زدان كه وێنه‌ی كێشای و دروستی كردی، بێ له تۆ هیچ شتێكی دیكه‌م ناوێت.
ڕه‌نگه هه‌ر له پای ئه‌وه‌وه بێت، گه‌وره فه‌یله‌سووفی ئه‌ڵمان لایپنتز ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ی گوتووه "دڵداری بكه‌یت، به واتای ئه‌وه‌ی به شادیی ئه‌و ژنه‌ی خۆشت ده‌وێت، به‌خته‌وه‌ر بیت."
باشه له‌وه حاڵی بووین. ئه‌دی ئه‌گه‌ر خانم له ئامێزی پیاوێكی دیكه‌دا شاد و به‌خته‌وه‌ر بوو؟ ئایا ئێمه به شادی و به‌خته‌وه‌ریی ئه‌و شاد و به‌خته‌وه‌ر ده‌بین؟ من له‌و دۆخه‌دا ده‌بمه كڵۆڵترین مرۆڤی سه‌ر زه‌وی، نه‌فره‌ت له ئه‌ڤین و عه‌شق و دڵداران ده‌كه‌م. له لای جه‌نابی لایپنتز وا نییه، ئه‌ویش له‌به‌ر هۆیه‌كی ساده، چونكه ئه‌و فه‌یله‌سووفێكی گه‌وره‌یه، منیش كه‌سێكی ڕقن و دڵپیس و به ئیره‌ییم.
ڕۆماننووسی ناوداری فه‌ره‌نسا بلزاك ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه ده‌ڵێ، كه پێم وا نییه هاوتایه‌كی هه‌بێت، پێشم وایه قووڵترین پێناسه‌ی خۆشه‌ویستییه:
"ئه‌ڤین وه‌ك ده‌ریایه، به‌ڵام بێ كه‌نار!"
ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه خۆشه‌ویستی وه‌ك ده‌ریا فراوانه، به‌ڵكوو به ملیۆنان جار له ده‌ریا به‌رینتره. له‌به‌ر چی؟ چونكه ده‌ریا وێڕای مه‌زنی و گه‌وره‌یی خۆی، به‌ڵام به كه‌نار ده‌وره دراوه، به‌ڵام ئه‌ڤین بێ كه‌ناره: بێ سنووره، بێ كۆتایه، ڕه‌ها مه‌به‌سته.
فیكتۆر هیگۆ كه هیچ خانمێكی له به‌دی و تووڕه‌یی خۆی بێ به‌ش نه‌كردووه، ده‌ڵێ "خۆشه‌ویستی وامان لێ ده‌كات خه‌ون ببینین، بژین و باوه‌ڕ بكه‌ین." ئا ئه‌مه‌یه ئه‌ڤین: ڕۆح و گیان ده‌بووژێنێته‌وه، كانی وزه ده‌ته‌قێنێته‌وه، په‌رجوو به‌دی ده‌هێنێت. پاشان ده‌ڵێ "پیاو ده‌یه‌وێت یه‌كه‌مین خۆشه‌ویست بێت له ژیانی ژن‌دا، ژنیش ده‌یه‌وێت دوایین ئه‌ڤینداری ژیانی پیاو بێت." به واتای ژن ده‌ڵێ: وریا به ئه‌هریمه‌ن، نه‌كه‌ی كه‌سی دیكه‌ت خۆش بوێت! دوای من ڕه‌شه‌با و زریانه. یان باشتره وایه بڵێین: نه پێش و نه پاش من! هیچ كه‌س.
نووسه‌ری ناودار ستندال خاوه‌نی ڕۆمانی "سوور و ڕه‌ش"، خۆشه‌ویستی بابه‌تێك بوو له كرۆكی بایه‌خی ئه‌ودا، ته‌نانه‌ت كتێبێكی مه‌زنی له باره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌وه نووسی، چووه نێو ورده‌كاری و ورده‌ی ورده‌كاریشه‌وه. ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه شه‌یدای چیرۆكه‌كه بوو. ئه‌دی ئه‌وه نییه هه‌ر خۆی ده‌ڵێ "ئه‌ڤین شا پرسی منه، خۆ ڕه‌نگه ته‌نیا بابه‌تی ژیانیشم بێت." ئاشكرایه شۆخێكی ئیتالی دڵی برد و له به‌رده‌می خه‌ڵكدا ریسوای كرد، وای لێ كرد ساڵانێكی زۆر له به‌رده‌می ئه‌م ده‌رگا و ئه‌و ده‌رگا، به چاوه‌ڕوانی به‌سه‌ر ببات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و شاد و كامه‌ران بوو. وا دیاره ڕێ له ئه‌ڤینی شۆخانی ئیتالی ناگیرێت، چ جای شۆخانی عه‌ره‌ب؟ دواجار ئه‌و شۆخه ئیتالییه هیچی پێ نه‌به‌خشی، به‌ڵام بۆی بوو به سه‌رچاوه‌ی یه‌كێك له ڕۆمانه ناوازه‌كان كه به ده‌گمه‌ن دووباره ده‌بێته‌وه. نه‌مری و شكۆ بۆ وێژه، جا نووسه‌ر له‌مه زیاتر چیی ده‌وێت؟
ئه‌دی پێم نه‌گوتن وێژه له‌سه‌ر كه‌لاوه‌ی ئه‌ڤینێكی وێرانكه‌ر نه‌بێت گه‌شه ناكات؟
ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ئیبن زه‌یدوون و جوانترین چامه‌ی خۆشه‌ویستی له شیعری عه‌ره‌بیدا. ستندال ده‌ڵێ "مه‌زنترین شادی كه ده‌كرێ ئه‌ڤین بیبه‌خشێت، ئه‌وه‌یه كه بۆ یه‌كه‌مین جار ته‌وقه له‌گه‌ڵ دڵدارهكهتدا ده‌كه‌یت." پاشان ده‌ڵێ "به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ده‌سته بچووك و نه‌رمه‌كه‌ی به مه‌به‌ست، بۆ ماوه‌یه‌ك له نێو له‌پی زبر و دڕندانه‌ی تۆدا هێشته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی گڕی زیاترت تێ به‌ر بدات و وێرانت بكات." ئنجا ده‌ڵێ "خۆشه‌ویستی په‌رجووی شارستانیهتهكانه." ئه‌م قسه‌یه نایابه، بۆ نا؟
ئه‌و پیاوه ناچیزه‌یه‌ی پێی ده‌گوترێت شكسپیر، قسه‌یه‌كی به‌م واتایه هه‌یه "خۆشه‌ویستی به چاو نا، به‌ڵكوو به ڕۆح و دڵ ده‌بیندرێت." به واتای ئه‌وه‌ی ئه‌ڤین زمانێكی تایبه‌تی هه‌یه له سه‌رووی هه‌موو زمانانی دی. مه‌رج نییه زمانێكی هاوبه‌ش له نێوانی ئه‌و و تۆدا هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر جێ و بالینگان له‌یه‌ك حاڵی بن. ته‌نیا زمانی ئه‌ڤین به‌سه، باوه‌كوو دوور به دووریش بێت.
ئدگار ئالان پۆ ده‌ڵێ "له سه‌ره‌وه گوێم له غهڵبهغهڵبێكه، له ئاسمانه‌وه ده‌نگ دێته گوێم. فریشته‌ن له نێو خۆیاندا گۆرانی ده‌ڵێن. ئه‌وان وشه‌یه‌كی خۆشه‌ویستی، مه‌زنتر له‌م وشه‌یه نادۆزنه‌وه: دایه!"
ئاخۆ چی له باره‌ی ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه بڵێین؟ هیچ. هیچ شتێك ناگاته پێقولهی. ئه‌و له هه‌موو كۆمێنێتك باڵاتره.
ئێستاش دێمه سه‌ر مه‌زنه شاعیری هیندستان، ڕابندرانات تاگوور، كه هێنده پێی سه‌رسامم ڕه‌نگه ئه‌و سهرسامییهم بگاته ئاستێكی نزیك له پیرۆزی. چی له باره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌وه ده‌ڵێ؟ "ئه‌ڤین دوایین واتا و كۆتا واتای هه‌موو شتێكی ده‌وروبه‌رمانه. ئه‌و ته‌نیا سۆزێكی تایبه‌تی نێوان ژن و پیاو نییه، به‌ڵكوو ئه‌و ڕاستییه‌كه و هیچ ڕاستییه‌كی دیكه‌ی له پشته‌وه نییه. ئه‌و شادییهكه كه بنه‌چه‌ی هه‌موو ئه‌فراندن و داهێنانێكی سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌یه."
دیسان، هیچ كۆمێنت نییه.
نه‌خێر، كۆمێنتێكی ساده: هه‌موو ده‌سكه‌وته مه‌زنه‌كانی شارستانیه‌ت، یه‌ك سۆزی تاقانه‌یان له پشته‌وه بووه، سۆزی ئه‌ڤین. مه‌به‌ستمه بڵێم خۆشه‌ویستی دڵ ئاوه‌دان ده‌كاته‌وه، گۆڕ و تین ده‌به‌خشێت، له نێو به‌رده‌ڵاندا شینایی ده‌ڕوێنێت.
به درێژایی ژیانی خۆیان، ڕق و كینه یه‌ك زه‌ڕڕه شارستانیه‌تیان دانه‌هێناوه.
بۆیه ئه‌گه‌ر هه‌زار جار له ئه‌ڤیندا شكستتان خوارد، دووباره‌ی بكه‌نه‌وه!
(*) ئه‌م بابه‌ته به ناونیشانی (الحب فی مرێه الكبار، شكسبیر ـ بلزاك ـ ستندال ـ هیغو ـ گاغور ـ فروید) له لایه‌ن هاشم ساڵحه‌وه نووسراوه، له ژماره‌ی 15419ی ڕۆژی 14/2/2021ی ڕۆژنامه‌ی (شه‌رقل ئه‌وسه‌ت) به زمانی عه‌ره‌بی بڵاو بووه‌ته‌وه. له به‌شی دووه‌مدا، وه‌رگێڕ، بۆ تام و خوێ، بڕێك شتی خستووه‌ته سه‌ر.