وەزیری كارەبا : پرۆژەو هەنگاوەكانی وەزارەتی كارەبا بارودۆخی كارەبا لەهەرێمی كوردستان باشتر دەكەن و لەماوەیەكی نزیكدا هاوڵاتیان هەست بەو گۆڕانكارییە نەوعی یە دەكەن

وەزیری كارەبا : پرۆژەو هەنگاوەكانی وەزارەتی كارەبا بارودۆخی كارەبا لەهەرێمی كوردستان باشتر دەكەن و لەماوەیەكی نزیكدا هاوڵاتیان هەست بەو گۆڕانكارییە نەوعی یە دەكەن

 

كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا لەدیمانەیەكی تایبەتی گۆڤاری گوڵاندا كە رۆژی دوو شەممە بڵاودەبێتەوە جەختی لەسەر پرۆژەو كارەكانی وەزارەتی كارەبا كرد كە لەتەمەنی نزیكەی 2 ساڵی كابینەی نۆیەم ئەنجامدراوە، ئەوەشی راگەیاند ئەو هەنگاوو پرۆژانەی وەزارەتی كارەبا ئەنجامی داوە رۆڵێكی گرنگی لە بونیاتنانی ژێرخانی كارەبا لەهەرێمی كوردستان هەبووەو خەرجییەكی زۆریش بۆ داهات و گەنجینەی هەرێم گەڕاوەتەوە . سەبارەت بەو گۆڕانكاریی و چاكسازییانەی كە لەسێكتەری بەرهەمهێنان ئەنجامدراوە وەزیری كارەبا باسی لەبەگەڕخستنی وێستگەی 300 مێگاواتی هەڵمی خەبات و زیادكردنی 200 مێگاواتی دیكە و چارەسەركردنی یەكەكانی دوكان و دەربەندیخان كرد.
سەبارەت بەو پرۆژانەی كە لەپلانی وەزارەتی كارەبادایە كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا لەو دیمانەیەدا چەند پرۆژەیەكی گرنگی راگەیاند بەتایبەتی بەگەڕخستنی پرۆژەی گەرمیانی گازی بەتوانای 165 مێگاوات كارەبا كە لەئێستادا 100 مێگاواتی بەگەڕخراوەو چووەتە ناو تۆڕی كارەبای كوردستانەوە هەروەها چەند وێستگەیەكی دیكەی بەرهەمهێنانی كارەبا بەوزەی خۆرو ئاو كە لەئێستادا لەقۆناغی راگەیاندندایە ، ئەمە جگە لەتەواو بوونی وێستگەكانی گۆڕین و گواستنەوەی هێڵی پاڵەپەستۆی بەرز و بەستنی پێوەری زیرەك بۆ تەواویی هاوبەشانی كارەبا كە لەئێستادا بۆ 48%ی هاوبەشانی كارەبای هەرێمی كوردستان بەستراوەو لە 52% ی ماوە .
سەبارەت بەكەمبوونەوەی سەرپێچیەكانیش وەزیری كارەبا رایگەیاند بەبەستنی پێوەری زیرەك سەرپێچیەكان بەرێژەیەكی زۆر بەرز نامێنێت و كۆنترۆڵێكی باشتری سیستەمی كارەبا دەكرێت . لەبواری دابەشكردنی كارەباش دا وەزیری كارەبا ئاماژەی بەژمارەی ئەو پرۆژانە كرد كە لەپارێزگاكانی كوردستاندا ئەنجامدراوە بەشێوەیەك لەهەولێر 186 پرۆژە و لە سلێمانی 178 پرۆژە و لەدهۆك 79 پرۆژە و لەگەرمیان 26 پرۆژە .
لەكۆتایی دیمانەكەدا كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا رایگەیاند: كارەبا تەنیا كەرتێك نییە پەیوەندی بەوەزارەتەوە هەبێت بەڵكو هەماهەنگی و هاوكاری هاوڵاتیان و پاڵپشتی وەزارەتەكانی دارایی و سامانە سروشتیەكانی پێویستە ، ئەوەشی راگەیاند هەموو داتاو ئامارەكان ئەو راستییە دەردەخەن كە كەرتی كارەبا لەهەرێمی كوردستان روو لەباشی یەو ئەو گرفت و كێشانەی ناوبەناو روودەدەن هەرهەمووی هەنگاوی گرنگی بۆ نراوە تاوەكو بەتەواوەتی چارەسەر بكرێت.

Top