سەبەتە و سەللەی كوردەواری

سەبەتە و سەللەی كوردەواری

پیشەی كاری دەستی لە نێو پیاوان و دەستڕەنگینیی دەست و بازووی ئافرەتانی كورد، لە ژیانی کوردەواریدا جێکەوتەی خۆی هەیە، لە دێر زەمانەوە زۆربەی كەلوپەل و كەرەستەكانی ماڵ دەستکرد بوون، تەنانەت کەرستە و سەرچاوەی دروست كردنی کەلوپەلەکانیش خۆماڵی بوون، یەكێك لەوانە سەبەتە و سەللەی ماڵە، وەك كەرەستەیەك بۆ هەڵگرتنی شتومەك و خواردن و سەوزە و میوە و نان، تا ئێستاش بەكاردەهێنرێت، سەللە و سەبەتە لە چڵەداری باریک و گژ و گیای تەڕ دروست دەكرێت. مام غەریب عەبدوڵا کە پیاوێکی دەستڕەنگینە، وەک خۆی دەڵێت، سەرەتا بە كۆكردنەوەی دار و پەلك و قەدی دار دەست پێ دەکات، کە دواتر دەهینیێتەوە ماڵ و پاشان وشكی دەكاتەوە، قەد و بەرگی دارەكان لێ دەكاتەوە، تا ببێتە قەش و پارچە بۆ دروستكردنی سەبەتە، کە بۆ نان و زۆر پێداویستیی دیکە بەکار دێت، مام غەریب لە ساڵانی شەشتەكانی سەدەی رابردووەوە ئەو كارە دەكات، كەرەستەكان خۆماڵین، بۆیە بەكارهێنانی زۆر باشە و بۆگەن نابێت و دەمێنێتەوە، چونكە هیچ ماددەیەكی ژەهراوی ناهێڵێت و لە پلاستیك زۆر باشترە، سەبەتە و سەللەی نان و كەرەستەهەڵگرتن ساڵانێكی زۆرە هەیە، بە جۆرێك ئەو سەبەتانە دروست دەكرێت، كە رێگەی دەرچە و هاتوچۆی هەوای هەیە، بۆیە كەرەستەكانی وەك خواردن و نان ئەگەر بۆ ماوەیەكی زۆریش تیایدا بمێنێنەوە تێكناچن.

Top