پاش چاكبوونەوە لە كۆڤید19 پشكنینی دڵ پێویستە

پاش چاكبوونەوە لە كۆڤید19 پشكنینی دڵ پێویستە

  تووشبووانی كۆڤید19 بەگشتی پاش 14 رۆژ چاك دەبنەوە و دەگەڕێنەوە ژیانی ئاسایی خۆیان، بەڵام هەوكردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری چەند گرفتێك لە كۆئەندامی دڵ و سووڕاندا، بۆیە پێویستە كە پاش چاكبوونەوەی تەواو، لە لایەن دكتۆری كۆئەندامی دڵ و سووڕان بەسەربكرێنەوە. ئەگەرچی كۆڤید19 سەرەتا لە كۆئەندامی هەناسەدا دەست پێ دەكات، بەڵام لە راستیدا نەخۆشیی بۆڕییەكانی خوێنە، بۆیە گەلێك لە تووشبووان دوچاری جەڵتەی مێشك، یان گرفت لە بۆڕییەكانی خوێن لە بەشی جیاوازی لەش دەبن. ئەوە سەلمێنراوە كە هەوكردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەوانەیە كاریگەریی نەرێنی بكاتە سەر ماسوولكە و فرمانی دڵ، هەروەها كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر ناوپۆشی بۆڕییەكانی خوێن، واتە خوێنبەر و خوێنهێنەرەكان، بە شێوەی هەوكردن و ئەگەری دروستبوونی تۆپەڵی مەییوی خوێن Blood clots، كە هۆكارن بۆ كەمبوونەوەی هاتووچۆی خوێن بۆ دڵ و بەشەكانی دیكەی لەش. ئەو نیشانانەی كە لە ئەنجامی گرفت، یان نەخۆشی لە كۆئەندامی دڵ وسووڕاندا بەدی دەكرێن، بریتین لە: هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكیی زۆر، هەناسەبڕكێ، سینگ ئێشە، دڵەكوتێ، هەر یەكێك لەم نیشانانە لەوانەیە كە پەیوەندی بە دڵەوە هەبێت، بەتایبەتی حاڵەتی نۆرەی دڵ جۆری دووەم Type2 heart attack كە باوە لە نەخۆشانی كۆرۆنادا، لە ئەنجامی دابەزینی ئاستی ئۆكسجینی خوێن و كەمخوێنی.

Top