سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كونسوڵی ئیمارات لە هەولێر و شاندێكی مانگی سووری ئیماراتی دەكات

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كونسوڵی ئیمارات لە هەولێر و شاندێكی مانگی سووری ئیماراتی دەكات

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ـی ئایاری ٢٠٢١لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەحمەد ئەلزاهری كونسوڵی گشتیی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی و شاندێكی مانگی سووری ئیماراتی بە سەرۆكایەتیی دكتۆر محەمەد ئەلفەلاحی سكرتێری گشتیی دەستەی مانگی سووری ئیماراتی كرد.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی گەلی كوردستانیان كرد كە بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ دەرگەیان بەڕووی سەدانهەزار ئاوارە و لێقەوماودا كردووەتەوە و پێزانینیشیان بۆ خەبات و ماندووبوونی سەرۆك بارزانی لە بەهێزكردنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و مرۆڤدۆستی هەبوو. ئاماژەشیان بەوەدا كە سەرباری بوونی كێشەی زۆر هەرێمی كوردستان لەڕووی ژێرخانی ئابووری و بووژانەوە هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە. لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا شاندی میوان كورتەیەكیان لە چالاكی و كاری مرۆیی و خێرخوازیی خۆیان لە هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە كار و چالاكییەكانی مانگی سووری ئیماراتی كرد و ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی بە دۆستێكی نزیكی گەلی كوردستان وەسف كرد. هەروەها سوپاسی پاڵپشتی و هاوكارییەكانی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی كرد لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان بۆ حەواندنەوەی ئاوارە و پەنابەرەكان.

سەرۆك بارزانی پێزانینی تایبەتیشی بۆ شێخ محەمەد بن زاید جێنشینی ئەبوزەبی و سەركردایەتیی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی هەبوو كە ڕۆڵێكی زۆریان لە پێشكەوتنی وڵاتەكەیان و هەروەها قووڵتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی هەبووە.

Top