شۆرشی گوڵان، بڵێسەی شۆڕشی تێكشكێنەری تێلسمی دوژمنان ودگیركەرانی كوردستان

شۆرشی گوڵان، بڵێسەی شۆڕشی تێكشكێنەری تێلسمی دوژمنان ودگیركەرانی كوردستان

45 ساڵ پێش ئێستا، شۆڕشی 26ی گوڵانی پێشكەوتنخواز لە ساڵی 1976 خاڵێكی وەچەرخانی گرنگ بوو لە خەبات و بزاڤی رزگاریخوازی وئازادیخوازی گەلی كورد، كە درێژە پێدانی شۆرشی مەزنی ئەیلوول بوو ، لە كاتێكی هەستیار و بێ ئومێدی ئەو شۆڕشە بەرابەرایەتی بارزانی نەمر و سەركردایەتی شەهیدی هەردەم لە یاد كاكە ئیدریسی جوانە مەرگ ، و سەرۆك بارزانی توانی ئومێدی سەركەوتن و هیوای ئایندەیەكی گەشتر بە نەتەوەی كورد ببەخشێت
شۆڕشی 26ی گوڵانی پێشكەوتخواز دوای ئەو هەموو كارەساتانەی بەسەر گەلی كورددا هات، هاتە كایەوە، كە نەك بەس لە عێراق بەڵكو لە هەر چوار پارچەی كوردستان، سەرۆك بارزانی، بڕیاری دا بە پەلە دووبارە ڕێكخستەكانی خۆیان ڕێك بخەنەوە، ئەوە بوو سەرۆك بارزانی، توانی بەربەستەكانی كوردستان بشكێنێت و قۆناغی پارتیزانییش زیاتر بكات و شۆڕش لە هەموو ناوچەكانی كوردستان بەرپا بوو.
شۆڕش پێشكەوتنخوازی 26ی گوڵان درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول بوو، دوای رێككەوتننامەی جەزائیر و نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی گوڵان هەڵسانەوەیەكی دیكەی كورد بوو، نسكۆی 1975 دەرەنجامی گەلەكۆمەكییەكی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بوو، بەڵام دەسپێكردنەوەی شۆڕشی گوڵان هیوایەكی نوێی بە گەلی كوردستان بەخشییەوە. لە 26ـی گوڵانی 1976 بە فەرمانی بارزانی نەمر، شۆڕشی پێشكەوتنخوازی گوڵان، وەك درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، بۆ تەواوكردنی ئامانجە بەدی نەهاتووەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی خەڵكی كوردستان یەكەم بڵێسەیدا و كاروانی خەباتی نەپساوەی گەلەكەمانی درێژەپێدا. جێی ئاماژەیە،شۆرشی پێشكەوتتخوازی گوڵان رۆژی 26/5/1976 لە دۆڵ زەوی یەكەم مەفرەزەی شۆڕش كە 23 پێشمەرگە بوون لەگەڵ سوپای عێراق دەبێتە شەڕیان و سەید عەبدوڵڵای حاجی ئۆمەرانی دەبێتە یەكەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان.شۆڕشی گوڵان لە كاتێكدا دەستی پێ كرد، لەناو جەرگەی نائۆمێدیدا ئۆمێدی دروست كردەوە و هەڵسانەوەی نەتەوەیەك بەرەو رووی ستەمكاریی بوو و ئەو شۆڕشە بە نەفەس و بیركردنەوەیەكی نوێوە هاتەوە مەیدان.

شۆڕشی پیًشكەوتنخوازی26ی گوڵان لە كاتێكدا دەستی پێ كرد، كە نائۆمێدییەكی گەورە بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتبوو، ئەو شۆڕشە بە نەفەس و بیركردنەوەیەكی نوێوە هاتە مەیدان، شۆڕشی گوڵان بەردەوامیدان بوو بە شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشەكانی دیكەی گەلی كورد، هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان ئۆمێدێكی گەورەی لەناو خەڵكی كوردستاندا دروستكرد، بە سەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی پێشمەرگە قارەمانەكان، خەڵكی كوردستان دووبارە دەستیان دایە چەك و دەستیان بە خەبات كرد ئەو ناوچانەی كە رژێمی بەعسی لێ بوو توانیان بگرنەوە و بە دەیان داستانی گەورەش تۆمار بكەن.

شۆڕشی گوڵان لە قۆناغێكدا هەڵگیرسا كە جۆرێك لە بێئۆمێدی باڵی بەسەر كوردستاندا كێشابوو، شۆڕشی گوڵان نەك هەر بێئۆمێدی ڕەواندەوە، بەڵكو ئۆمێدیشی خستەوە نێو ڕێزەكانی خەبات و گیانی ئازادیخوازانەی گەلی كورد لە هەر چوارپارچەی كوردستان، هەر بۆیە لە سەرەتاكانی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، تێكۆشەران و ئازادیخوازانی كوردستان بەوپەڕی گەرموگوڕییەوە بەشداریان لەو شۆڕشە ئومێد بەخشەیان كرد.شۆڕشی گوڵان، بەهێزترین شۆڕشی كورد بوو، چونكە زۆرترین پارتی سیاسیی كوردی تێدا كۆ كرابوونەوە، مكوڕبوونی گەلی كوردیشی بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی سەلماند و لە ئەنجامیش بەشێكی زۆری ئامانجەكانی ئەو شۆڕشە دەستەبەربوون.

ئەو شۆڕشە توانی بە هەموو دووژمنانی كورد ڕابگەیەندرێت كە كورد شكەستی نەهێناوە و دەتوانێت لە شۆڕشدا بەردەوام بێت، لەگەڵ ئەوەیشدا شۆڕشی گوڵان لە قۆناغێكی زۆر سەختدا هاتە پێش كە ئەوكات دووژمنانی كورد هێزێكی زۆری لەشكری دامەزراندبوو بۆ ئەوەی بتوانێت رێگر بێت لە پەڕەسەندنی شۆڕشدا. سەركردایەتیی شۆڕش لەسەر خەباتی خۆی مكوڕبوو، توانی بە شێوەی پارتیزانی بە قووڵایی وڵاتدا بسووڕێتەوە، هەروەها شۆڕش توانی لەو كاتە رادیۆی دەنگی كوردستانیش دابمەزرێنێت و سەركردایەتیی شۆڕش توانی، سەركردایەتیی كاتییش لەناو كوردستان دابمەزرێنێت.

"كاتێك شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانی نەمر، بە پاڵپشتیی گەلی كورد بەردەوام لە بەهێزبووندا بوو، بە تایبەتی دوای ڕێككەوتنامەی 11ـی ئازاری ساڵی 1970، كە كورد توانی نێوماڵی خۆی تا ڕادەیەكی زۆر ڕێك‌بخاتەوە، دوژمنەكانی گەلی كورد دڵنیا بوون كە ناتوانن كورد لەناو ببەن، بۆیە پەنایان بۆ ئەنجامدانی ڕێككەوتنی جەزائیر برد، كە لە نێوان شای ئێران و سەدام حوسێن ـدا مۆر كرا، كە ئەو كات جێگری سەرۆككۆماری عێراق بوو و سەرۆككۆماری ئەو كاتی جەزائیر ناوبژیوانی ڕێككەوتنەكە بوو، بە هۆی ئەو ڕێككەوتنە شۆڕشی ئەیلوول تووشی نسكۆ بوو و گەلی كورد تا ڕادەیەكی زۆر تووشی نائۆمێدی بوو، بۆ ڕەواندنەوەی ئەو نائۆمێدییە و وەك درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول، بە فەرمانی (بارزانی نەمر) و بەسەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی) و (كاكە ئیدریس)ـی هەمیشە زیندوو، لەو ساتە هەستیارەدا شۆڕشی گوڵان بەرپا بوو، كە گشت ناحەزانی كوردی سەرسام كرد و ئۆمێدێكی گەورەشی بە گەلەكەمان بەخشی. بۆیە،كاتێك كە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول تووشی گەلەكۆمەكی و راوەستانێكی كاتی بوو، سەددام و رژێمەكەی وایان دەزانی كە كورد ئیتر هەموو شتێك كۆتایی هات و هەستانەوەی بۆ نییە، گەلی كورد رٍەوشێكی خراپی دەروونی بوو، بە هۆی ئەو پیلانگێرییە گەورەیە و هەندێكیان دوور خرانەوە بۆ خوارووی عێراق، هەندێكیان، سیاسەتی خراپ بەرانبەریان بەكار دەهێنرا و دەربەدەر بوون، لەبەر ئەوە دیار بوو كە كورد بەو ڕەوشە ناڕازییە، بەرە بەرە سیاسەتی كورد ئەوە بوو جارێكی دیكە دەست بە شۆڕش بكاتەوە و بەرگری لە خۆی بكات، ئیتر ئەوەبوو شۆڕشی گوڵان هەڵگیرسا و وەڵام دانەوە بوو بۆ سیاسەتی حكوومەتی بەعس، بە هێز و ڕۆحیەتێكی نوێ هاتەوە مەیدان و توانی هیوا و ئاوات بۆ گەلی كورد بگەڕێنێتەوە.

" شۆڕش گوڵان بە نەیاران و داگیركەرانی گووت كە خەباتی رەوامان بۆ گەیشتن بە مافەكانی كۆتایی پێنەهاتووە پێنەهاتووە، لە ئەنجامی خەباتی گەلی كوردە، زەمینەی باش هەیە، كە هەموو پارت و لایەنەكان لەسەر ئاستی پارچەكان رێز لە خەباتی یەكدی بگرین، هاوكار بین بۆ تەواوكردنی یەكدی، فكر و هزری خۆمان لەسەر یەكدی فەرز نەكەین، بەڵكو چاومان لەوە بێت لە هەر پارچەیەكی كوردستان كورد پێویستی بە هاوكاری بێت دەستی هاوكاری بۆ درێژ بكەین، نەك فكر و پڕۆژەی داگیركەری بەسەریەكدا بسەپێنین.

بەرهەمی دروستبوونی حكوومەتی كوردستان و ئەو ئازادییەی ئەمڕۆ ئێمە تێیدا دەژین، بەرهەمی ئەو شۆڕشەیە، كە هیچ وڵاتێكی دونیا ئامادەنەبوو پێشوازی لە ئێمە بكات، ئەمڕۆ ئێمە لە زۆربەی دانیشتنەكاندا بەشدارین، كە لە كاتی شۆڕشی گوڵان گەلی كورد بێجگە لە خوا و ئەو هیوایەی هەیانە هیچی دیكەیان نەبوو، كە ئەو كات هەموو جیهان پشتگیرییان لە حكوومەتی عێراق دەكرد، بۆیە دەستكەوت و سەروەرییەكانی شۆڕشی گوڵان زۆرن و بریتین لە دەستكەوتەكانی ئێستا و سەركەوتنەكانی ڕابردووی گەلەكەمان، چونكە ئەوەی كە ئێستا هەمانە بە ڕەنجی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و خوێنی شەهیدەكان و بەرهەمی شۆڕشی گوڵان هاتووەتە دی.

ئەمرٍۆ لە كاتێكدا ، یادی 45 مین ساڵیادی شۆرٍشی پێشكەوتنخوازی گوڵان دەكەینەوە، كە ناوچە و عێراق لە قۆناغێكی هەستیار و چارەنووسسازدایە، لە ماوەی 7ساڵی رابردوو، هەرێمی كوردستان رووبەرووی مەترسی و هەرٍەشە وپیلانگێری گەورە بۆوە ،بەڵام بە بەخشینی خوێنی شەهیدان ، خۆراگری گەلی كورد و قارەمانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و حیكمەت و رابەرایەتی سەرۆك بارزانی و سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی كوردستان توانیویانە بەرەنگاری ئەو ئاستەنگە ببنەوە و پارێزگاری لە دەستكەوتەكان بكەن ، چونكە مێژوو سەڵماندوێنی كە هەر كاتێك گەلی كورد بەرەو سەركەوتن و دەستكەوتی گەورە هەنگاویی نابێ‌ ئەوا نەیارانی گەلەكەمان بەردەوام كاریان بۆ لێكترازانی نێوماڵی كورد و لاوازكردنی كوردستان داوە ،بۆیە، ئەمرۆ رۆژی یەكبوونی نیشتیمانییە و كلیلی سەركەوتنیش لە خۆشەویشتی گەل و نیشتیمانە ..

Top