وەزارەتی كار: 756 سزادراو بە یاسای لێبوردنی گشتی ئازاد كراون

وەزارەتی كار: 756 سزادراو بە یاسای لێبوردنی گشتی ئازاد كراون
بەپێی ئامارێكی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تائێستا 756 سزادراو لە هەرێمی كوردستان بە یاسای لێبووردنی گشتی ئازاد كراون. هەروەها لە سنووری پارێزگای سلێمانی 23,415 بیستوسێ‌ هەزار و چوارسەد و پانزە خێزان لە مووچەی چاودێریی خێزان سوودمەندن كە لە چوارچێوەی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی مانگانە 150 هەزار دیناریان پێدەدرێت.
بەپێی ئامارێكی تری وەزارەتی كار، (39,989) سیونۆ هەزار و نۆسەد و هەشتاونۆ كەمئەندام لە پارێزگای سلێمانی مووچەی كەمئەندامیەتی وەردەگرن و بەپێی رێنمایی تازەی كەمئەندامانیش مووچەی مانگانەیان بەپێی رێژەی كەمئەندامەتی دیاری دەكرێت كە بەرزترین مووچە 250 هەزار دەبێت، كەمترینیش 160 هەزار دینار.

هاوکات بەپێی ئامارێكی سندووقی قەرزیش لە سنووری شاری سلێمانی لە سلێمانی 825 گەنج بە بڕی (8,220,400,000) هەشتملیار و دووسەد و بیست ملیۆن و چوارسەد هەزار دینار سوودمەند بوونە لە قەرزی بچووك و لە 19/7/2012 وە لە سەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستان دەست كراوەتەوە بە مامەڵەی قەرزی بچووك.



جێی ئاماژەیە كە ئەم ئامارانە لە میانەی سەردانی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاسۆس نەجیب، بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی شاری سلێمانی خرانە ڕوو.

لە كۆی سەردانەكاندا وەزیری كار، پلان و بەرنامەی وەزارەتەكەی بۆ خزمەتكردن بەو چین و توێژانە خستە ڕوو كە بەپێی یاسا و رێنماییەكان لەلایەن وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتییەوە خزمەت دەكرێن.
Top