فەرەنسا کۆنسۆڵی نوێی وڵاتەكەی لە كوردستان دەستنیشاندەكات

فەرەنسا کۆنسۆڵی نوێی وڵاتەكەی لە كوردستان دەستنیشاندەكات
بە بۆنەی دەستنیشانكردنی بەرێز ئالان گیپرات Alain Guepratte وەك کۆنسۆڵی نوێی فەرەنسا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرەنسا، بە مەبەستی ئاشنا كردنی کۆنسۆڵی نوێی فەرەنسا و ناساندنیان بە رەوەندی كوردی، مەراسیمێكی یەكترناسینی بەم بۆنەیەوە رێكسخت.


ئەو مەراسیمە، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا و نوێنەری كۆمانیایی تۆتال و ژمارەیەكی زۆری كوردانی دانیشتووی فەرەنسا و نوێنەرانی حزب و دامودەزگاكانی فەرەنسی و چەندین كەسایەتی سیاسی و رۆشنبیر لە بارەگای نوێنەرایتیی كورد لە فەرەنسا بەرێوەچوو.



لە سەرەتادا خەمان زرار نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرەنسا، پیرۆزبایی لە ئالان گیپرات وەك کۆنسۆڵی نوێی فەرەنسا لە هەولێر كرد و هیوای خواست چۆن فەرەنسا لەكاتە ناخۆش و دژوارەكاندا هاوكاریی خەڵكی كوردستان بووە، بەتایبەت لە پاش رووخانی رژێمی پێشوو و ئەو گۆِرانەی بەسەر عێراقدا هات كە دانپێنان بە كوردستان وەك هەرێمێكی فیدراڵ و خاوەن دەزگا وكۆمەڵێك ماف لە دەستوری نوێی عراقدا لەلایەن فەرەنسا پاڵپشتێكی گەوەری گەلی كورد بوو.

خەمان زرار، گوتی: فەرەنسا لە سەرەتای ئەو وڵاتانە بوو كە کۆنسۆڵییەی خۆی بە فەرمی لە كوردستان كردەوە و فرێدریك تیسۆ لە ساڵی ٢٠٠٨وەك دۆستیێكی میللەتی كورد و یەكەم کۆنسۆڵی فەرەنسا دەست بەكار بوو. هیوادارین لەسەردەمی کۆنسۆڵی نوێشدا پەیوەندییەكان بەرەو پێشتر بچن.



ئالان گیپرات، کۆنسۆڵی نوێ ر سوپاسی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەم دەرفەتە تا لە نزیكەوە رەوەندی كوردی لە فەرەنسا بناسێت و بەڵێنیشیدا لە پەرەپێدان و پێشخستنی پەیوەندییەكاندا هاوكارێكی باش بێت.



کۆنسۆڵی نوێی فەرەنسا، هه‌وه‌ها گوتی: هەروەك لە ساڵی رابردوودا دوای سەركەوتنی كۆنفراسی ئابووری، ئەمساڵیش لە چەند مانگی داهاتوودا شاندێكی گەورەی ئابووری و سیاسی دێته‌ هه‌رێمی کوردستان، تا لە تەك كۆمپانیا فەرەنسیەكانی تر زیاتر بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان هانبدرێن.



کۆنسۆڵی نوێی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان، له‌کۆتاییدا گوتی: بێگومان پەیوەندییەكانی تری وەك پەیوەندییە زانكۆییەكان و پەیوەندییە فەرهەنگی و كولتورییەكان لە نێوان هەرێمی كوردستان و فەرەنسادا، لە پێشەنگی كاری هاوبەشی نوێنەرایەتی و کۆنسۆڵی دەبن.
Top