سلێمانى.. لەشەش مانگى رابردوودا نزیکەى 600 سەرپێچیکارى ژینگە دەستگیر کراون

سلێمانى.. لەشەش مانگى رابردوودا نزیکەى 600 سەرپێچیکارى ژینگە دەستگیر کراون
لە سنورى شارى سلێمانى و بەهۆى سەرپێچى ژینگەوە لەشەش مانگی‌ ئەمساڵدا، نزیکەى 600 هاوڵاتى دەستگیرکراون، هاوکات (42) ڕووداوی‌ ئاگرکەوتنەوەش تۆمارکراون.

لێپرسراوی‌ بەشی‌ ڕاگەیاندنی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ دارستان‌ و ژینگەی‌ شارى سلێمانی، موقەدەم، هێمن کەمەرخان، بە ئاژانسى هەواڵى پەیامنێرى راگەیاند: لە ماوەى شەش مانگى ئەمساڵدا لە ناوچە جیاجیاکانى سنورى چالاکیماندا لەلایەن مەفرەزەکانى پۆلیسى دارستان و ژینگەوە، 521 هاوڵاتی‌ لەسەر ڕاوی‌ ئاژەڵ‌و باڵندەی‌ کێوی‌ و ماسى و 47 هاوڵاتیش‌ لەسەر داربڕین‌و خەڵوزکردن دەستگیرکراون کە کۆى غەرامەى لەو دابڕانە وەرگیراوە نزیکەى 12 ملیۆن دینار بووە، هاوکات 14 هاوڵاتی‌ لەسەر بیرلێدان و 2 هاوڵاتیش لەسەر ئاگرکەوتنەوە دەستگیرکراون بەو شێوەیە کۆى ئەوانەى لەسەر ئەو سەرپێچیانە گیراون 584 هاوڵاتین.

موقەدەم هێمن کەمەرخان گوتى، لەو چالاکیانە ئەو کەلوپەلانەش بەو سەرپێچیکارانەوە گیراون کە بۆ راوکردن بەکاریان هێناون، چەکی‌ جۆری‌ کڵاشینکۆف : 19 دانە، چەکی‌ جۆری‌ تاپڕ : 82 دانە ، چەکی‌ جۆری‌ بادی‌‌: 8 دانە، موەلیدەی‌ کارەبا: 16 دانە ، لایت‌و بلاجکتۆر‌ : 13 دانە، داو : 52 دانە، تۆڕ: 982 دانە، شەداو: 23 دانە، کەڵەک: 12 دانە، قولاپ: 317 دانە.

کەمەرخان راشیگەیاند، هەر لەو ماوەیەدا 42 ڕووداوی‌ ئاگرکەوتنەوە ڕوویانداوە‌ کە بە هۆیانەوە روبەرى 15 هەزار‌و 734 دۆنم زەوى لە لەپۆش‌و پاوان‌و داری‌ سروشتی‌‌و ڕەز‌و باخی‌ هاوڵاتیان سوتاوە کە زۆربەیان بەهۆى کەمتەرخەمى و پابەندنەبوونى هاووڵاتیان و جوتیاران و گەشتیارانەوە بە رێنماییەکانى ئاگرکەوتنەوەوە بووە.
Top