پرۆفیسۆرێكی ئەمەریكی: بارزانى هەنگاوی دیپلۆماتی و پشودرێژ دەنێت بۆ سەربەخۆیی

پرۆفیسۆرێكی ئەمەریكی: بارزانى هەنگاوی دیپلۆماتی و پشودرێژ دەنێت بۆ سەربەخۆیی
ئەگەرچی كوردەكان ڕۆڵێكی گەورەیان بینی لەپشتیوانیكردنی نوری مالیكی بۆ پێكهێنانی حكومەتە نوێیەكەی بەڵام دوا بەدوای گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن مالیكیەوە، پێوەندیەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان بەرەو خراپی چوون. خۆدزینەوە هەبوو لەچارەسەركردنی كێشە هەمیشەییەكانی پەیوەست بە كەركوك و دابەشكردنی داهاتی نەوت. هەر لەبەر ئەو هۆیانە، مەسعود بارزانی ڕایگەیاند هەرێمی كوردستانی عێراق مافی ئەوەی هەیە بڕیار لەچارەنووسی خۆی بدات.

ئەم وتانەی سەرەوە بەشێكە لەو وتارەی پرۆفیسۆری ئەمەریكی مایكل گەنتەر لەژێر ناونیشانی (بارودۆخی ئێستای عێراق و ئاماژەكردنی بارزانی بە سەربەخۆیی) بۆ گوڵانی نووسیوە. گەنتەر ئوستادى زانسته‌ سیاسیه‌كانه‌ له‌ زانكۆى تێنیس له‌ ئه‌مریكا و شاره‌زا له‌سه‌ر كورد، تورك، ئه‌رمه‌نیه‌كان، قانونى نێوده‌وڵه‌تى، سیاسه‌ت، ناشیۆنالیسم و تیرۆریزم. مایكل گەنتەر یەكێكە لە نووسەرە بەردەوامەكانی گۆڤاری گوڵان، دوو هەفتە جارێك وتاری بۆ دەنوسێ.

لە بەشێكی تری وتارەكەیدا گەنتەر دەڵێ: لەچەند چالاكیەكی چڕ و پڕدا، بارزانی گەشتی بۆ هەریەكە لەئەمریكا، توركیا و ئەوروپا كرد، بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی ئاشكرا و كراوە ئەنجام بدات. ئەو قسانەی لەتوركیا كردینی شایستەی باسكردنن، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی چۆن پێوەندیەكانی هەردوولا-توركیا و هەرێمی كوردستان- لەم چەند ساڵە ڕابردودا بەشێوەیەكی دراماتیكی بەرەوپێشچوون. لەئێستادا توركیا پشتیوانی هەرێمی كوردستان دەكات لەناكۆكیەكەیدا لەگەڵ بەغدا.

مايكل گەنتەر ئەو رێكەوتنانەی بارزانی لەگەڵ توركیا، بەبەشێك لەو پلانە دیپلۆماتیكە درێژخایەنە دەزانێ كە بارزانی كاری لەسەر دەكات بۆ داهاتووی نزیك یان دووری كوردستان ئەویش سەربەخۆ بوونە، بۆیە دەڵێ: بارزانی لایەنی توركیای گرت لە بەرهەڵستیكردنی ڕژێمی ئەسەد لەسوریا كە دووچاری تەنگ و چەڵەمە بۆتەوە. لەلایەكی دیكەوە مالیكی، بەردەوام بوو لەپاڵپشتیكردنی ئەسەد. لەنێوان ئەم دوو هەڵوێستە ناكۆك بەیەكەدا، كوردە دابەشبووەكانی سوریا بەسەر پەتێكی هەستیاردا هەنگاویان هەڵدەگرت. هەرچۆنێك بێت، پشت ئەستوور بەم پاڵپشتیەی توركیا، ڕەنگە هەرێمی كوردستان جەسارەتی ئەوە بكات لەعێراق جیاببێتەوە كە بەرەو پارچە پارچە بوون دەچێت.

پرۆفیسۆرە ئەمەریكییەكە لێهاتوویی سیاسەتی بارزانی بەنمونە دەخاتە باسەوە، چونكە لەدووای رووحانی رژێمی پێشوو، كورد بیری لە سەربەخۆبونێك نەكردەوە كە هیچ لایەك پشگیری ناكەن، بەڵكو لە هەرێمێكدا مومارەسەی هەموو ئیمتیازاتێكی سەربەخۆ بوون دەكات بەبێ ئەوەی دژایەتی بكرێت، بۆیە پشاندانی كورد كە ئەوپەڕی توانای خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ پاراستنی یەكێتی عێراق، لە ژیری و رێگە چارەیەكی گەورەیە. بۆیە رایدەگەیەنێ (سەرەڕای ئەم هەڕەشەیەی بارزانی، زۆرێك لەچاودێران پێیانوابوو ئەمە لەڕاستیدا مانۆڕێكە بۆئەوەی پێگەی خۆی لەعێراقی دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بەهێز بكات. سەربەخۆبوونی پێشوەختەی كوردستان، كە بەو شێوەیە لێی دەڕوانرێت دەبێتەهۆی تێكشكاندنی عێراق، نەك تەنیا لەلایەن ئەمریكاوە، بەڵكو لەلایەن دەوڵەتە دراوسێكانی هەرێمی كوردستانیشەوە دژایەتی دەكرێت. لەوەش زیاتر، هەرێمی كوردستان لەعێراقی فیدراڵدا مومارەسەی هەموو ئیمتیازەكانی سەربەخۆیی دەكات، بێ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو مەترسی و گرفتانە ببێتەوە كە لەجاڕدانی سەربەخۆیی دەكەونەوە. باشترە بەو شێوەیە لەكوردەكان بڕوانرێت كە ئەوپەڕی توانای خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ پاراستنی یەكێتی عێراق. چونكە ئەگەر كوردەكان ئەوپەڕی توانای خۆیان بخەنەگەڕ و ئەم كۆششانە شكست بهێنێت و عێراقیش دابەش بێت، ئەوكاتە بەو شێوەیە لە هەل و مەرجەكە دەڕوانرێت كە كوردەكان ناچاربوون جاڕی سەربەخۆیی بدەن و پاساوی خۆیان دەبێت. لەوەش زیاتر، كوردەكان ڕێگاچارەی دیكەیان لەبەردەمدایە لەدژی مالیكی بەكاری بهێنن، وەك پشتیوانیكردن لەسەندنەوەی متمانە لەمالیكی لەپەرلەمانی عێراقدا. ئەگەرچی سەرۆك كۆماری عێراق، جەلال تاڵەبانی بەرهەڵستی پرۆسەی سەندنەوەی متمانەی كرد، بەڵام سەبرو پەنابردن بۆ رێگەچارەی دیپلۆماتی پشوودرێژ باشترین رێگەچارەیە).


بۆ خوێندنەوەی وتارەكەی مایكڵ گەنتەر لێرە كلیك بكە
Top