سه‌رۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی له‌ باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا له‌ عیراق ده‌كات

سه‌رۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی له‌ باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا له‌ عیراق ده‌كات
ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ 18/6/2012 به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هەرێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له‌ به‌رێز كریستیان بیرگه‌ر باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا له‌ عیراق به‌ بۆنه‌ی كۆتایی هاتنی ئه‌ركه‌كه‌ی .

له‌ دیدارێكدا كه‌ به‌رێز رۆلف ئولریش كونسوڵی گشتی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێم ئاماده‌ی بوو ، په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا وه‌كو وڵاتێكی گرنگ و خاوه‌ن پێگه‌ی ئابووری و ته‌كنۆلۆژی ته‌ئكیدكرایه‌وه‌ كه‌ ده‌توانێت رۆڵێكی به‌رچاو له‌ پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بوژانه‌وه‌ی هه‌رێم ببینێت .

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا دۆخی سیاسی هه‌رێم و عیراق بیرورا ئاڵوگۆڕكرا و له‌م رووه‌وه‌ باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا له‌ عیراق ستایشی ره‌وشی هه‌رێمی كرد و رایگه‌یاند كه‌ له‌ ده‌ ساڵی رابردوودا هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌وتنێكی به‌رچاوی بینیوه‌ و هیوای خواست ئه‌و سه‌قامگیری باری ئه‌منی و پێشكه‌وتنانه‌ی هه‌رێم ته‌واوی شاره‌كانی عیراق بگرێته‌وه‌ .

سه‌رۆك بارزانی _ش ئاره‌زووی هه‌رێمی بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا دووپاتكرده‌وه‌ و هیوای سه‌ركه‌وتنیشی بۆ باڵیۆز خواست له‌و ئه‌رك و كارانه‌ی كه‌ له‌ داهاتوودا پێی ده‌سپێردرێ‌.
Top