وەزیری شەهیدانی هەرێم سەردانی دادگەی باڵای تاوانەكانی ناودەوڵەتی لە لاهای دەكا

وەزیری شەهیدانی هەرێم سەردانی دادگەی باڵای تاوانەكانی ناودەوڵەتی لە لاهای دەكا
بڕیارە دووسبەی دووشەم ئارام ئەحمەد وەزیری شەهیدانی هەرێم، بە مەبەستی ناساندی جینۆسایدی گەلی كوردستان بە هەموو دنیا، سەردانی دادگەی باڵا ناودەوڵەتی تاوانەكان لە لاهای هۆڵەندا بكا و هاوكات سبەی بەبۆنەی ساڵوەگەڕی كیمیاباران و ئەنفالكردنی دۆڵی مەلەكان و بلە، وەزارەت رێوڕەسمێك ساز دەكا.

فوئاد عوسمان گۆتیاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، بڕیارە دووسبەی دووشەم لە چوارچێوەی هەوڵەكانی وەزارەت ئارام ئەحمەد وەزیری شەهیدانی هەرێم بە مەبەستی ناساندنی جینۆسایدی گەلی كوردستان لە ناوەندە ناودەوڵەتییەكان سەردانی دادگەی باڵا ناودەوڵەتی تاوانەكان لە هۆڵەندا بكا.

عوسمان گوتی، بەبۆنەی 25 ساڵەی كیمیاباران و ئەنفالكردنی دۆڵی مەلەكان و بلە لە پارێزگەی هەولێر، وەزارەتی شەهیدانی هەرێم بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەكانی كارگێڕی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە سنوورەكە رێوڕەسمێك ساز دەكا.

زیاتر گوتی، ئەو رێوڕەسمە سەعات 16:00 بەكاتی ناوەخۆ لە دۆڵی مەلەكان دێتە سازكردن، كە خاوەنی 22 ئەنفال و 36 شەهیدی كیمیابارانی هەیە.

\"بڕیارە دووسبەی دووشەم لە چوارچێوەی هەوڵەكانی وەزارەت ئارام ئەحمەد وەزیری شەهیدانی هەرێم بە مەبەستی ناساندنی جینۆسایدی گەلی كوردستان لە ناوەندە ناودەوڵەتییەكان سەردانی دادگەی باڵا ناودەوڵەتی تاوانەكان لە هۆڵەندا بكا\""، فوئاد وای گوت.

هەروەها گوتی، وەزارەت لە بەرنامەی دایە، لە داهاتوویەكی نێزیكدا پروسكی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی زنجیرە چیای حەمرین كە 159 قوربانییە و لەلایەن پزیشكی دادوەری بەغداوە نموونەیان لێ وەرگیراوە رەوانەی هەرێم بكاتەوە.

ئاماژەی دا، حكوومەتی بەغدا داوای لە وەزارەتی شەهیدانی هەرێم كردووە، ئامادەكاریی بۆ بردنەوەی پروسكەكان بكەن، ئێَستە وەزارەت سەرقاڵی ئامادەكارییەكانە، تا ئامادەكارییەكان تەواو نەبێ ناتوانین پروسكەكان بهێنینەوە.

\""ئەو پرووسكانە لە مۆنۆمێنتی رزگاری لە كەلار بە خاك دەسپێردرێن\""، عوسمان گوتی"
Top