ئەمڕۆ لە سووریا بە خۆپێشاندان یادی دامەزراندنی یەكەم پارتی سیاسیی كورد كرایەوە

ئەمڕۆ لە سووریا بە خۆپێشاندان یادی دامەزراندنی یەكەم پارتی سیاسیی كورد كرایەوە
ئەمڕۆ پێنجشەم بە بەشداری هاووڵاتییانی كورد لە سووریا، بە خۆپێشاندان و ناڕٍەزایی دەربڕین دژی رێژیمی ئێستەی سووریا، 55ەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەكەم پارتی سیاسیی كورد لە سووریا كرایەوە.

شەلال گەدۆ ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی چەپی كوردی سووریا ئەمڕۆ بە ئاژانسی (ئاكانیوز)ی راگەیاند، 55 ساڵ لەمەوبەر یەكەم پارتی سیاسیی كورد لە سووریا هاتە دامەزراندن بەناوی حزبی دیموكراتی كورد لە سووریا، لەو كاتەوە تا ئێستە كورد بەشێوەیەكی سیاسیی و مەدەنییانە خەبات لە دژی چەوساندنەوە و زەوتكردنی مافەكانی لە سووریا دەكا.

گەدۆ ئاماژەی دا، ئێستەیش بەهەمان هەستی وڵاتپارێزی و كوردایەتی، لە سووریا لە دژی رێژیم خەبات دەكەین و ئەمڕۆ بە رێنوێنی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی سووریا و بە بەشداریی هەزاران هاووڵاتی كورد، بە ناڕەزایی دەربڕین و خۆپێشاندانی جەماوەریی لە شارە كوردنشینەكانی سووریا، یادی دامەزراندنی پارتەكە كرایەوە.

\"پێموایە یادكردنەوەی ئەم ساڵوەگەڕە كە بۆ نەتەوەی كورد لە سووریا رۆژێكی پیرۆز و بەرزە، خۆپێشاندان و ناڕەزاییەكانی كورد لە سووریا دژی رێژیمی ئێستەی ئەسەد دەباتە قۆناغێكی نوێوە و زیاتر پەرە دەسێنێ\"" گەدۆ گوتی."
Top