دادگەیەكی توركیا بڕیاری 14 ساڵ گرتن بۆ ئەیسل توغلوك دەردەكا

دادگەیەكی توركیا بڕیاری 14 ساڵ گرتن بۆ ئەیسل توغلوك دەردەكا
دادگەیەكی توركیا دوێنێ سێشەم بڕیاری سزای گرتن بۆ ماوەی 14 ساڵی بەسەر ئەیسل توغلوك جێگری سەرۆكی كۆنگرەی گەلی دیموكراتیی كوردی سەپاند بە تۆمەتی پێوەندیی بە پەكەكەوە. كەناڵی CNNی توركی ئەمەی گواستەوە.

كەناڵەكە گوتی لەدادگەدانی ئەندامی سەربەخۆی پەرلەمانی توركیا لەسەر پارێزگەی وان ئەیسل توغلوك كە دادگە داوای سزای 82 ساڵ و 5 مانگ گرتنی بۆ كردبوو بەكۆتا هات.

هەروەها گوتی، دادگەی تاوانی 4 لە پارێزگەی دیاربەكر كە بە فایلەكەدا چووەتەوە، بڕیاری گرتنی توغلوكی بە 14 ساڵ و 7 مانگ دەركرد، ئەویش بە تۆمەتی پێوەندیی بە پارتی كرێكارانی كوردستان \"پەكەكە\"" و پاڵپشتیكردنی.

توغلوك پێشتر بۆ ماوەی چەند ساڵێك خاتوونە پارێزەری عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆكی گرتیی پەكەكە بوو، لە 2005ەوە هاتە ناو كاری سیاسی و لە 2007دا وەك ئەندامی پەرلەمان هاتە هەڵبژاردن. پاشان بووەتە جێگری كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیی توركیا كە دوو ساڵ بەر لە ئێستە هاتە دامەزراندن و ئەحمەد تورك كرایە سەرۆكی.

پاشان توغلوك وەك ئەندامێكی سەربەخۆ لەسەر بارستەی دیموكراتی و ئاشتیی سەر بە حزبی ئاشتی و دیموكراتی بووە ئەندامی پەرلەمان."
Top