به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای ( UNHCR) باسی له‌ ره‌وشی په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد

به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای ( UNHCR) باسی له‌ ره‌وشی په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد
ئه‌مڕۆ فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت پێشوازی كرد له‌ شاندێكی كۆمسیۆنی باڵای په‌رنابه‌رانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان (UNHCR ) به‌ سه‌رۆكایه‌تی یه‌عقوب ئه‌لحلو به‌رپرسی به‌شی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و باكووری ئه‌فریقیا له‌كۆمسیۆنی باڵای په‌رنابه‌ران.

له‌ دیدارێكدا یه‌عقوب ئه‌لحلو گووتی : په‌یوه‌ندی نێوان كۆمسیۆنی باڵای په‌نابه‌ران و هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وه‌و درێژخایه‌نه‌ و له‌ هه‌مان كاتیشدا په‌یوه‌ندییه‌كی ستراتیژی و دۆستانه‌یه‌. هاوكات سوپاسی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كرد بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی به‌رده‌وامیان و پێشكه‌ش كردنی كارئاسانی بۆ نووسینگه‌ی كۆمسیۆن ناوبراو له‌ هه‌رێمی كوردستان.

به‌رپرسی به‌شی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقیا له‌ كۆمیسۆنی باڵای په‌نابه‌ران له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ووته‌كانیدا ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان خسته‌ڕوو گووتی: به‌مه‌به‌ستی گۆڕینه‌وه‌ی بیرورا له‌گه‌ڵ به‌رپرسان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌ كار و چالاكی و چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی كۆمسیۆن سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانمان كردووه‌.

له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌ فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت خۆشحاڵی خۆی بۆ ئه‌م سه‌ردانه‌ ده‌ربڕی و سوپاسی كۆمسیۆنی باڵای په‌نابه‌رانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی كرد بۆ ئه‌و هاوكاری و خزمه‌تگوزاریانه‌ی كه‌ ئێستا پێشكه‌شی ده‌كه‌ن، هاوكات ئاماژه‌ی به‌ یارمه‌تی كۆمسیۆنی ناوبراو كرد له‌ رابردوو به‌تایبه‌ت له‌و كاتانه‌ی گه‌له‌كه‌مان دووچاری نه‌هامه‌تی هاتبوو، به‌ڕێزیان گووتی: ئێمه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكار ده‌بین بۆ سه‌ر خستنی كار وبه‌رنامه‌كانی ئه‌م كۆمسیۆنه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان.

به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ سه‌ردانی شاندی ناوبراوی به‌ فاكته‌رێك بۆ زیاتر دڵنیابوونی په‌رنابه‌ران له‌ هه‌رێم وه‌سف كرد كه‌ ژیانیان پارێزراوه‌ و پشگیریشیان لێ ده‌كرێت.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ به‌رنامه‌ و هاوكاری وه‌زاره‌ت و دام و ده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد له‌ بواری پێشكه‌ش كردنی خزمه‌تگوزاری پێویست بۆ په‌نابه‌ران و هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كانی تایبه‌مه‌ند به‌ په‌نابه‌ران به‌ گشتی و كۆمسیۆنی باڵای په‌نابه‌ران به‌ تایبه‌تی.

له‌ به‌رامبه‌ردا یه‌عقوب ئه‌لحلو راگه‌یاند له‌ ماوه‌ی رابڕدوو هه‌رێمی كوردستان سه‌لماندویه‌تی كه‌ لانه‌ی ئازادی و ئارامییه‌ و هاوكاری هه‌موو نه‌ته‌وه‌و ئاینه‌كان له‌سه‌رتاسه‌ری عیراق ده‌كات به‌بێ جیاوازی . له‌م روویه‌وه‌ داتاو ئاماره‌كانی كۆمسیۆنی باڵای په‌رنابه‌رانی سه‌باره‌ت به‌ رێژه‌ی ئه‌و په‌رنابه‌رانه‌ی كه‌ روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ و ئه‌و هاوكاریانه‌ی كه‌ كۆمسیۆن پێشكه‌شیان ده‌كات خسته‌روو.

هه‌روه‌ها ره‌وشی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و ره‌وشی سیاسی له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت و داوپێشهاته‌كان ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌بوو.
Top