ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریا كوردێك وەك سەرۆكی هەڵدەبژێرێ
بەپێی بەیاننامەیەكی ئەنجوومەنەكە، دوای لێدوانی ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئەنجوومەنەكە كە لایەنی ئیسلامی و لیبرال و سەربەخۆكان لەخۆ دەگرێ، لەبارەی گەیشتن بە تەوافوق، عەبدولباست سەیدا ئەندامی نووسینگەی جێبەجێكاری ئەنجوومەنەكە وەك سەرۆكی ئەنجوومەن هەڵبژێردرا.
لە كۆبوونەوەی 33 ئەندامی ئەمینداریەتیی ئەنجوومەنەكەدا، سەیدا تاكە پاڵاوك بوو و پێشتر سەرۆكایەتیی نووسینگەی مافی مرۆڤی لە ئەنجوومەنەكە دەكرد، سەیدا لە 1956 لە شاری عاموودا لەدایك بووە و خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە فەلسەفە و سەر بەهیچ پارتێكی سیاسی نییە و لە سوێد دادەنیشێ.
دوای هەڵبژاردنی بە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە سەیەدا گوتی، ئێستە كار بۆ رێكخستنەوەی ناوماڵ و یەكخستنی هەوڵەكان دەكەین و دووپاتی لە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەكانی تری بەرهەڵستكار كردەوە و ئاماژەی كرد، كاری لەپێشینەمان فرەوانكردنی ئەنجوومەنەكە و ئەنجامدانی وتوێژە لەگەڵ كەسایەتییە بەرهەڵستكارەكان بۆ هاتنە ناو ئەنجوومەنەكەیە، كە هەندێك كەس بە كۆنترۆڵكردنی لەلایەن ئیسلامییەكانەوە تۆمەتباری دەكەن.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی بەرهەڵستكاری سووریا لە سەرەتای تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری رابردوو هاتە دامەزراندن و لە گرووپەكانی، ئیخوان موسلمین و راگەیاندنی دیمەشق بۆ گۆڕانكاریی دیموكراسی و سەربەخۆكان پێك هاتبوو، هاوكات پارتە كوردییەكان ئەندامەتیی خۆیان هەڵپەسارد و ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی سووریایان دامەزراند.
ئاكانیوز