یاسای لێبووردنی گشتی له‌هه‌رێمی كوردستان په‌سند كرا

یاسای لێبووردنی گشتی له‌هه‌رێمی كوردستان په‌سند كرا
به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.ئه‌رسه‌لان بایز سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان‌ و ئاماده‌بوونی د.حه‌سه‌ن محه‌مه‌د سووره‌ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و فه‌رسه‌ت ئه‌حمه‌د سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (7)ی ئاسایی خولی گرێدانی دووه‌م له‌ساڵی سێیه‌م له‌خولی سێیه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.

به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ بریتی بوو له‌به‌رده‌وامبوون له‌خستنه‌ڕوو ‌و گفتوگۆكردنی پێشنیازی یاسای لێبووردنی گشتی له‌هه‌رێمی كوردستان-عیراق، كه‌ به‌هۆی ته‌واونه‌بوونی راپۆرتی كۆتایی‌و هاوبه‌شی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساكه‌ بۆ ئه‌مڕۆ دواخرابوو بۆئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م راو سه‌رنجی په‌رله‌مانتاران كه‌له‌دوو دانیشتنی پێشووتردا له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساكه‌ خستبوویانه‌ڕوو جێبكه‌نه‌وه‌.

له‌دانیشتنی ئه‌مڕۆدا یه‌كه‌ به‌یه‌كه‌ی بڕگه‌‌و ماده‌كانی پڕۆژه‌ یاساكه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌‌و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی ئاماده‌بوو په‌سندكرا. پێویسته‌ بوترێت دوو دانیشتنی پێشووتر بۆ گفتوگۆكردنی پرۆژه‌ یاساكه‌و دانیشتنی ئه‌مرۆ كه‌ ده‌نگدان بوو له‌سه‌ر برگه‌و مادده‌كان به‌نهێنی به‌رێوه‌چوون.
Top