هەفتەی داهاتوو بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی كورد لە بەغدا تاوتوێی دۆخی سیاسیی عێراق دەكا

هەفتەی داهاتوو بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی كورد لە بەغدا تاوتوێی دۆخی سیاسیی عێراق دەكا
سەرچاوەیەك لە بەغدا رایگەیاند، چاوەڕوان دەكرێ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پاش گەڕانەوەی لە ئەمەریكا، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ نوێنەرانی كورد لە بەغدا تاوتوێی دۆخی سیاسیی عێراق و كوردستان بكا.

سەرچاوەیەك لە لیستی وەزیرانی كورد لە حكوومەتی عێراق ئەمڕۆ دووشەم لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، بڕیار وایە پاش گەڕانەوەی لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەرانی كورد لە بەغدا كۆ ببێتەوە.

روونی كردەوە، شیمانە دەكرێ حەوتووی داهاتوو ئەو كۆبوونەوەی بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی كورد لەبەغدا لە شارۆكەی پیرمام بێتە ئەنجامدان.

زیاتر گوتی، بۆ ئەو كۆبوونەوەیە بارزانی سەرجەم نوێنەرانی كورد لە بەغدا بانگهێشتن دەكا و كۆبوونەوەیەكی فرەوان دەبێ.

لەبارەی ووردەكاری كارنامەی كۆبوونەوەكەش، سەرچاوەكە ئەوەی ئاشكرا كرد، ئەوەی ئێمە بیزانین بە شێوەیەكی گشتی باس لە دۆخ و تەنگژەی سیاسیی ئێستەی عێراق و ئەنجامی سەردانەكانی بارزانی بۆ ئەەمریكا و كۆبونەوەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەكرێ.

\"تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە تەرخان دەكرێ بۆ دوایین پەرەسەندنەكانی ئالۆزیی پێوەندی لە نێوان حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان\""، سەرچاوەكە گوتی.

لای خۆیەوە فاتیح داراغایی پەرلەمانتاری عێراق لە تەباییی بارستەی كوردستانییەكان ئەوەی خستە روو، تا ئێستە بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەیەكی لەم چەشنە ئاگەدار نەكراوینەتەوە، رەنگە جارێ كاتی بانگهێشتنەكە زوو بێ، بە هۆی ئەوەی بارزانی لە دەرەوەی وڵاتە."
Top