پرۆژه‌ یاسای ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان تاوتوێ ده‌كرێ

پرۆژه‌ یاسای ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان تاوتوێ ده‌كرێ
كه‌سایه‌تی سیاسیی و شاره‌زایانی بواری هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ پێویستی ده‌زانن له‌ داهاتووێكی نێزیكدا ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان و راپرسی له‌ هه‌رێمی كوردستان پێك بهێندرێ، هاوكات ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن پێویسته‌ ئه‌ندامانی به‌رِێوه‌بردنی ده‌سته‌كه‌ به‌ ته‌وافق له‌ نێوان لایه‌نه‌كان بێته‌ ده‌ست نیشان كردن.
ئه‌مرِۆ به‌به‌شداری ده‌یان كه‌س له‌ یاساناس و شاره‌زایانی بواری هه‌ڵبژاردن و په‌رله‌مانتارانی كوردستان گفتوگۆییه‌كی كراوه‌ی له‌ باره‌ی پرۆژه‌ یاسای ده‌سته‌ی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و راپرسی له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام دا، له‌ گفتوگۆییه‌ كراوه‌كه‌دا كه‌ له‌ هوڵی هوتێل چوار چرا له‌ شاری هه‌ولێر به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌رسه‌ن بایز سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌رِێوه‌چوو، له‌ لایه‌ن رێكخراوی گه‌یاندن و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجام دراوه‌.
سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ وته‌یه‌كدا رایگه‌یاند، یه‌كێ له‌ سیماكانی پێشكه‌وتنی دنیا كاراكردنی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیی، ئه‌مرِۆ ئه‌و گفتوگۆ كراوه‌یه‌ بۆ قسه‌ كردنه‌ له‌ سه‌ر پرۆژه‌یه‌كی گرنگی نیشتمانی.
زیاتر گوتی، بوونی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن له‌ كوردستان زۆر گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ له‌ سه‌ر كاری كۆمسیۆنی به‌غا په‌كمان نه‌كه‌وێ و بۆچوونێكی نیشتمانی له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌ دروست بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌وافقی ده‌ربچێ.
هه‌روه‌ها گوتی، به‌رنامه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئێسته‌ی په‌رله‌مان ئه‌وه‌یه‌ له‌ سه‌ر هه‌ر پرۆژه‌ یاساییه‌ك یان یاساییه‌ك ده‌رچوو بێ ئه‌وه‌یه‌ زۆرترین بۆچوون و تێروانینی توێژه‌ جیا جیاكانی كوردستان تێیدا به‌ر جه‌سته‌ بكرێ، سوودیش له‌ ئه‌زموونی كه‌سانی شاره‌زا وه‌ربگرین بۆ ئه‌وه‌ی یاسایانه‌ی كه‌ پێویست ده‌كا به‌شێك له‌ مادده‌كانی هه‌موار بكرێ، بێگومان هه‌موو شتێكیش به‌ ته‌وافقی زۆرینه‌ ناكرێ به‌ڵام ده‌كرێ زۆرترین گفتوگۆی له‌ سه‌ر بكرێ به‌ لایه‌نی له‌ ساتی په‌سندكردندا كه‌مترین كێشه‌ی له‌سه‌ر بێ.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێكه‌وتین به‌وه‌ی سه‌رۆكی كۆمسیۆن به‌ ته‌وافقی دابنرێ، به‌ڵام شێوازی پێكهێنانی كۆمسیۆنه‌كه‌ چۆن بێ ئه‌وه‌ گرفتی له‌سه‌ر بووه‌، هیچ پرۆژه‌ یاساییه‌ك موقه‌ده‌س نییه‌، بۆیه‌ ده‌كرێ له‌گه‌ڵ پێداویستی نوێ و گۆرِانكارییه‌كان پێداچوونه‌وه‌ به‌ هه‌ر یاساییه‌ك بكه‌ین به‌ڵام له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان بێ.
Top