ده‌قی ووتاری به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی له‌ رێوره‌سمی ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم

ده‌قی ووتاری به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی له‌ رێوره‌سمی ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم
نێچیرڤان بارزانی: من وەك سەرۆك وەزیران و تەواوی كابینەكەم، پەیمان دەدەین گوێ لە خەمەكانی هەموو چینەكانی كۆمەڵگە بگرین و داواكانیان بەپێی توانا جێبەجێ دەكەین.


به‌ناوی خوای گه‌وره‌

به‌ڕێز سه‌رۆكی په‌ڕله‌مانی كوردستان

به‌ڕێز جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

به‌ڕێزان ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان

ئاماده‌بووانی به‌ڕێز ...

خۆشحاڵ و سه‌رفرازین ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان كابینه‌ی حه‌فته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راده‌گه‌یه‌نین.
به‌ڕێزان... ئه‌مه‌ به‌رپرسیاریه‌تیه‌كی مه‌زنه‌ به‌ ئێمه‌ سپێردراوه‌، به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ برای به‌ڕێزم كاك عیماد ئه‌حمه‌د و ته‌واوی هاوكارانم له‌كابینه‌، هه‌موو توانامان ده‌خه‌ینه‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ئاست ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تیه‌دا بین. گه‌لی كوردستان سه‌رچاوه‌ی شه‌رعیه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمه‌ و شه‌ره‌فمه‌ندین ئه‌مڕۆ بۆ به‌خشینی ئه‌م شه‌رعیه‌ته‌ له‌ به‌رده‌م په‌ڕله‌مانی كوردستان كه‌ نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی كوردستان ئێمه‌ ئاماده‌ ده‌بین.

بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی پێشكه‌وتنی زۆری به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاسته‌نگ و كه‌م و كوڕی ماون، به‌ڵام كاروانه‌كه‌مان به‌رده‌وامه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ جێبه‌جێ‌ بكه‌ین كه‌ به‌ هاوڵاتیانی به‌ڕێزمان داوه‌.
سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراسته‌ی برای به‌ڕێز كاك د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌ره‌ك وه‌زیری كابینه‌ی شه‌شه‌م و برای به‌ڕێز كاك ئازاد به‌رواری جێگری سه‌ره‌ك وه‌زیر ده‌كه‌ین، كه‌ به‌ هه‌وڵ و كۆششی ته‌واوی ئه‌ندامانی كابینه‌كه‌یان توانیان كاری گرینگ به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م ئه‌نجام بده‌ن كه‌ ئه‌و كارانه‌ جیچی ته‌قدیری ئێمه‌و گه‌لی كوردستانه‌.

هه‌ر لێره‌شدا رێز و وه‌فاداری خۆمان بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیدانی رێگای ئازادی و سه‌رفرازیی گه‌لی كوردستان دووباره‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، سڵاو بۆ گیانی پاكیان ده‌نێرین، به‌ڵێن ده‌ده‌ین به‌رده‌وام بین له‌ كاروانی خه‌باتی ئاوه‌دانی و خۆشگوزه‌رانی له‌ پێناو سه‌رفرازی گه‌له‌كه‌مان. بێ‌ خه‌بات و گیان به‌خشی ئه‌وان ئه‌مڕۆ ئێمه‌ به‌م شێوه‌یه‌ لێره‌ كۆنه‌ده‌بووینه‌وه‌.

ئه‌مرٍۆ ئێمه‌ به‌ ئیراده‌یه‌كی پته‌و هاتووینه‌ته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان، به‌رنامه‌ی ئێمه‌ له‌ لایه‌كه‌وه‌ درێژه‌ پێده‌ری كارنامه‌ی كابینه‌ی پێنجه‌م و كاره‌كانی كابینه‌ی شه‌شه‌مه‌و، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌ ره‌چاوكردنی گۆرانكارییه‌ سیاسی و ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی، هه‌ڵگری نه‌خشه‌ڕێ‌ و به‌رنامه‌ی گشتگیره‌ به‌ ستراتیژی تازه‌وه‌ كه‌ له‌ داهاتوو دایان ده‌ڕێژین و به‌ ره‌زامه‌ندی په‌ڕله‌مان ده‌یانخه‌ینه‌ بواری جێبه‌جێ‌ كردنه‌وه‌.

گۆڕانكاریه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و باكوری ئه‌فریقیا سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ چه‌سپاندنی سیسته‌می دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری له‌و وڵاتانه‌دا، هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌هه‌ر گۆڕانكایه‌ك ده‌كات كه‌ به‌ئاراسته‌ی دیموكراسی و ئازادی و پاراستنی مافی مرۆڤ بێت. 21 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌هاری كوردی ده‌ستی پێكرد و خه‌ڵكی راپه‌ڕیوی هه‌رێمی كوردستان به‌ پشتیوانی هێزو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی گۆڕه‌پانی خه‌بات توانیان كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی ترسناكترین دیكتاتۆری سه‌رده‌م بێنن و حوكمی یاساو دیموكراسی و سه‌ربه‌ستی و ئازادی هه‌ڵبژێرن، بێ‌ یارمه‌تی و پشتگیری ئه‌وتۆی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌.

هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ به‌ڕێز مسعود بارزانی بانگه‌وازی راسته‌وخۆی كرد بۆ هه‌ڵبژاردن له‌ رێگه‌ی سه‌ندووقی ده‌نگدان، پرۆسه‌ی دیموكراسی هه‌رێم چه‌كه‌ره‌ی كردو پێگه‌یشت. ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی زۆرینه‌یه‌و شه‌رعیه‌تی له‌ میلله‌ت وه‌رگرتووه‌.

له‌م رووه‌وه‌ رۆڵی به‌ڕێز مام جه‌لال به‌ گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتێكی شۆڕشگێڕی بۆ ده‌سه‌ڵاتێكی هه‌ڵبژێردراو و مه‌ده‌نیانه‌ هه‌نگاوی له‌بیر نه‌كراون له‌ مێژووی پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌ كوردستاندا.
رووداوه‌كان زۆر به‌ خێرایی تێپه‌ڕ ده‌بن. گرینگه‌ هۆشیارانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ین و ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان زیاتر به‌ره‌و پێش ببه‌ین. كارنامه‌ی سیاسیمان په‌یوه‌ست بێت به‌ به‌رژه‌وه‌ندی باڵای گه‌لی كوردستان نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی تاك یان پارت و لایه‌نی سیاسی.

به‌ پێویستی ده‌زانین هه‌ڵسه‌نگاندێكی بابه‌تیانه‌ی بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین و بزانین ئێمه‌ ئێستا له‌ چ قۆناغێكداین! ئه‌مڕۆ ئێمه‌ له‌ قۆناغێكی گرینگ و وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی داین. له‌ هیچ كات و سه‌رده‌مێك گه‌لی كوردستان به‌شێوه‌ی ئێستا به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی هیواو ئومێدی به‌ ئاینده‌ نه‌بووه‌. هاوكات هێشتا رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی زۆرمان له‌ پێش ماوه‌. یه‌كڕیزی نێوانمان و یه‌كگرتوویی گوتاری سیاسی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ نیشتیمانیه‌كان مه‌رجی سه‌ره‌كی سه‌ركه‌وتنمانه‌.

په‌یوه‌ندیه‌ سیاسیه‌كانمان له‌ قۆناغی خه‌باتی چه‌كداری یارمه‌تیده‌ر بوون بۆ مسۆگه‌ركردنی ئازادی له‌م وڵاته‌دا. ئه‌مڕۆ ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ پێویستیان به‌ پێداچوونه‌وه‌ و نوێكردنه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی سیاسی ئه‌م سه‌رده‌مه‌.

پرۆسه‌ی خۆگونجاندن كارێكی ئاسان نیه‌ و بێ‌ ئازاریش نابێت. بۆیه‌ پێویسته‌ سوود له‌ هێزی رابردوومان وه‌ربگرین.

رێكخستنه‌وه‌ی نێوماڵمان و دروستكردنی كۆده‌نگی له‌سه‌ر پرسه‌ نیشتیمانی و چاره‌نوسسازه‌كان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كانی سه‌ر وڵات، له‌ ئه‌وله‌ویاتی كاری ئێمه‌ ده‌بێت.

له‌و بواره‌شدا ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌ت هه‌وڵ ده‌ده‌ین خاڵێكی كۆكه‌ره‌وه‌ بین له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌ كوردستان، به‌ لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات . وه‌ك حكومه‌تی گه‌لی كوردستان ره‌فتار ده‌كه‌ین.

ئێمه‌ له‌ساڵی 2003 ه‌وه‌ له‌ پرۆسه‌یه‌كی سه‌رتاسه‌ریداین كه‌ چیتر خۆمان رۆژانه‌ هه‌ستی پێناكه‌ین كه‌ ئه‌ویش پرۆسه‌ی نوێكردنه‌وه‌ی هیوایه‌ به‌ بڕیاری سیاسیمان. له‌م پرۆسه‌یه‌دا ئێمه‌ گه‌لێك بڕیاری بوێرانه‌ماندا كه‌ دۆستانیش پێیان وابوو هه‌رگیز له‌ ده‌ست ئێمه‌ نایه‌ت.

وه‌ك زۆربه‌ی گه‌لانی سته‌م لێكراوو ماف پێشێلكراو خۆشمان گه‌یشتبووینه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ناهێنین. ترسی سه‌رنه‌كه‌وتن رێگری سه‌ره‌كی بوو له‌ خه‌ونی ئێمه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئاینده‌یه‌كی گه‌ش و ژیانێكی ئاسووده‌.

گشت كارێكی كه‌ له‌وه‌وپێش نه‌كرابێت ئه‌گه‌ری سه‌رنه‌كه‌وتنی هه‌یه‌. له‌و پرۆسه‌یه‌دا ده‌كه‌وینه‌ به‌ر تاقیكردنه‌وه‌. ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ به‌شێكی جیانه‌كراوه‌یه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجێكی مه‌زن.

ئه‌م پرۆسه‌یه‌ هێشتا به‌رده‌وامه‌. كاتێك ئێمه‌ ترسی سه‌رنه‌كه‌وتنمان له‌ بیرو ره‌فتاری خۆمان داماڵی، ده‌روازه‌ی زۆر شت له‌ به‌رده‌ممان كرایه‌وه‌. ئێمه‌ نه‌ترساین له‌وه‌ی تووشی نووشوستی بین.

له‌ده‌ستبه‌كار كردنی یه‌كه‌م حكومه‌تی هه‌ڵبژێردراوی هه‌رێمی كوردستان له‌ساڵی 1992ه‌وه‌، به‌تایبه‌ت پاش ساڵی 2006، ئێمه‌ وویستوومانه‌ په‌ره‌ به‌ هه‌موو لایه‌كی كاری حكومه‌ت و ژیانی هاوڵاتیان بده‌ین. هه‌موومان چاوه‌ڕوانی كاری باشتر و خێراتر بووین. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌بووایه‌ باوه‌ڕمان به‌ دوو بنه‌مای سه‌ره‌كی هه‌بووایه‌: یه‌كه‌م ده‌توانین كاری موسته‌حیل بكه‌ین، دووه‌م ترسی سه‌رنه‌كه‌وتن ره‌ت بكه‌ینه‌وه‌. له‌ داهاتووشدا ده‌بێت باوه‌ڕمان به‌و دوو بنه‌مایه‌ هه‌بێت.

له‌ سه‌رجه‌م شۆڕش و راپه‌ڕینه‌كانی كوردستاندا، هه‌ر له‌ سه‌ركردایه‌تیه‌وه‌ تا پێشمه‌رگه‌یه‌كی گه‌نج، هه‌ر هه‌موو پێكه‌وه‌ باوه‌ڕیان به‌وه‌ هه‌بوو كه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ده‌هێنن. ئه‌گه‌رچی هه‌ل و مه‌رجی سه‌ركه‌وتن له‌بار نه‌بوو، هیچ كات ترس میوانیان نه‌بوو، خۆبه‌خشانه‌ باوه‌ڕیان وابوو ده‌توانن بگه‌نه‌ ئامانجی موسته‌حیلیش. ئه‌و فیداكار و خۆبه‌خشانه‌ بێ‌ ترس بوون. باوه‌ڕی ته‌واویان به‌ خه‌ون و توانای خۆیان هه‌بوو.

به‌ داخه‌وه‌ هه‌ندێ‌ جار گومان و ترس دروست ده‌كرێت، ده‌یانه‌وێ‌ بیكه‌نه‌ به‌شێك له‌ بیرو ره‌فتاری هاوڵاتیان. ده‌یانه‌وێت بۆچوونێك دروست بكه‌ن كه‌ كه‌سێكی دیكه‌ هه‌یه‌، كه‌سێكی ژیرتر، خاوه‌ن توانا تر، خاوه‌ن سه‌رچاوه‌ی باشتر له‌ هاوڵاتیانی ئه‌م وڵاته‌، بتوانن گرفته‌كانمان وه‌ك جادووگه‌ر له‌ چاوتروكاندنێكدا چاره‌سه‌ر بكه‌ن. مخابن كه‌سێكی دیكه‌ نییه‌ جگه‌ له‌ خۆمان بتوانێت گرفته‌كانمان چاره‌سه‌ر بكات.

دوای رووخانی رژێم له‌ ساڵی 2003 بڕیارێكی گونجاومان دا به‌ به‌شداریكردنمان له‌ بوونیاتنانی عیراقێكی دیموكرات و فیدراڵ كه‌ تێیدا ماف و ئازادیمان له‌رێگه‌ی ده‌ستووره‌وه‌ پارێزراو بێت. به‌ڵام ئه‌مڕۆ هۆكاری زۆرمان له‌ پێشه‌ تا له‌خۆمان بپرسین ئایا ئه‌م سیسته‌مه‌ ده‌توانێت به‌رده‌وام بێت له‌ پاراستنی به‌رژوه‌ندیه‌كانمان یان نا. مخابن عیراق هێشتا له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی ناسه‌قامگیری سیاسیدایه‌.

وه‌كو هه‌رێم تا ئێستا كۆمه‌ڵێ‌ پرسی گرینگمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ بێ‌ وه‌ڵام ماوه‌ته‌وه‌. لێره‌دا پێداگریمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ ده‌بێ‌ حكومه‌تی فیدڕاڵ به‌ شه‌فافی وه‌ڵامی داواكانی گه‌لی كوردستان بداته‌وه‌ كه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌یان ئه‌ركێكی ده‌ستووری و یاساییه‌ به‌ پێی ده‌ستووری عیراق. كه‌ گرینگترینیان پرسی جێبه‌جێ‌ كردنی ماده‌ی 140 پرسه‌كانی بودجه‌و پرسی پێشمه‌رگه‌و یاسای نه‌وت و غاز و هاوبه‌شی كردنی راسته‌قینه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات. ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ داكۆكی كردن له‌سه‌رجه‌م ئه‌و داواكاریه‌ ره‌وایانه‌ به‌ پێی ده‌ستوورو یاساكان و به‌ پێی میكانیزمێكی گونجاو له‌گه‌ڵ به‌غدا.

چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنمان له‌گه‌ڵ به‌غدا پرسێكی نیشتیمانیه‌، ده‌بێت شاره‌زایان و سیاسه‌تمه‌دارانی هه‌رێم به‌بایه‌خه‌وه‌ هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ بكه‌ن. هه‌روه‌ها كار ده‌كه‌ین بۆ دامه‌زراندنی به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتوو بۆ دانووستانه‌كانمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ. ئێستا میكانیزمێكی ئه‌وتۆ له‌ئارادا نیه‌ بۆ ئه‌و یه‌ك هه‌ڵوێستی و كۆده‌نگیه‌. قۆناغه‌كه‌ ئه‌وه‌ ده‌خوازێت به‌په‌له‌ هه‌نگاو بنێین بۆ دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی باڵای دانووستان له‌گه‌ڵ به‌غدا. ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موو پارته‌ سیاسیه‌كانی كوردستانه‌، به‌ حكومه‌ت و ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌، به‌شداری له‌م ئه‌نجوومه‌نه‌ بكه‌ن بۆ دروستكردنی یه‌ك هه‌ڵوێستی به‌ مه‌به‌ستی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ له‌سه‌ر پرسه‌ چاره‌نووسازه‌كان. ئه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان و به‌رپرسیاریه‌تیه‌كی مێژووییه‌.
ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیارمان داوه‌ كار بكه‌ین به‌ میكانیزمی جیدی و هاوبه‌ش و به‌رنامه‌دار، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش زه‌مینه‌سازی ده‌كه‌ین و هاوكار ده‌بین. كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتیانی ناوچه‌ ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان چیتر له‌ نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێی به‌رده‌وام نه‌ژین. ئێمه‌ دڵنیاین ئه‌گه‌ر به‌پێی ده‌ستوور پرسه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت ئه‌وا ته‌واوی ئه‌و ناوچانه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.

له‌و بواره‌شدا هه‌ماهه‌نگی پێویست له‌ نێوان حكومه‌ت و كوتله‌ی وه‌زاری و په‌ڕله‌مان، سه‌ر به‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی كوردستان له‌ به‌غدا به‌ پێویستیه‌كی گرینگ ده‌بینین و كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.

حكومه‌تی فیدراڵ تا ئێستا ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی به‌جێ‌ نه‌گه‌یاندووه‌ كه‌ به‌هاوڵاتیانی عیراق به‌ گشتی، هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستانی به‌تایبه‌ت داوه‌.

هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندیه‌كی باشی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ‌ و ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌، به‌رده‌وام ده‌بین له‌به‌رو پێش بردنی په‌یوه‌ندیه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتنی دوولایه‌نه‌و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش. په‌یوه‌ندیه‌كانمان له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی و جیهان پێشكه‌وتنی زۆری به‌خۆیه‌وه‌ دیوه‌. زۆر له‌ وڵاتانیش ئاماده‌یی خۆیان نیشان داوه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان. له‌م هه‌وڵانه‌شماندا به‌رده‌وام ده‌بین له‌ بونیادنانی په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتانی جیهان.

ده‌ستوور گرنگترین گرێبه‌ستی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌موو ووڵات و گه‌لێكه‌، مایه‌ی رێز لێگرتنی گشتیه‌. له‌ ماوه‌ی دووساڵی رابردوو قسه‌و باسی زۆر سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان كراوه‌، كه‌ ئایا ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستان و پێكهاته‌ و پێگه‌ی ده‌ستووریمان چۆن ده‌بێت؟

پڕۆژه‌ی ده‌ستوور گه‌لێك ماده‌ و بڕگه‌ و بابه‌تی باشی له‌خۆ گرتووه‌ و له‌لایه‌ن خولی رابردووی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ په‌سندكراوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ له‌و بڕوایه‌داین كه‌ هه‌وڵ بدرێت ئه‌م پڕۆژه‌ ده‌ستووره‌ به‌ به‌شداری و هه‌ماهه‌نگی هه‌موو پارته‌ سیاسیه‌كان و پێكهاته‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی و ئاینیه‌كان و شاره‌زایان و یاسادانه‌ران پێداچوونه‌وه‌ی بۆ بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستورێكی كۆكه‌ره‌وه‌ی گه‌لی كوردستان دابڕێژین بۆ ئاینده‌ی سیسته‌می وڵات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ یه‌كه‌م ده‌ستووری كوردستان ده‌بێت به‌ ئازادی له‌ ریفڕاندۆم ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت، پێویسته‌ ماوه‌ی په‌یڕه‌و كردنێكی درێژخایه‌نی بۆ له‌به‌رچاو بگیرێت.

هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌زووترین كات یه‌ك دامه‌زراوه‌یی له‌نێو دام و ده‌زگاكانی حكومه‌ت به‌ته‌واوه‌تی به‌رجه‌سته‌ بكه‌ین و حكومه‌ت حكومه‌تی هه‌موو تاكێكی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ بێت له‌ سه‌رانسه‌ری كوردستاندا.

دوای بیست ساڵ ده‌بینین هێشتا ده‌سه‌ڵات له‌ لوتكه‌ی هه‌ڕه‌می حكومه‌ته‌، ئه‌مه‌ ئه‌نجامێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراو بوو به‌ فه‌لسه‌فه‌ی یاسا دانراوه‌كانی رابردوومان. له‌و بروایه‌دین ئه‌م مه‌ركه‌زی بوونه‌ له‌ هه‌وو حاڵه‌تێكدا ئیجابی نییه‌ و زۆر جار ده‌بێته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی بۆشاییه‌ك له‌ نێوان حكومه‌ت و هاوڵاتیان دروست ببێت. یه‌كه‌م كاری ئێمه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێت پلانێك دابڕێژین بۆ گواستنه‌وه‌و دابه‌شكردنی هه‌ندێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان و ته‌رخانكردنی بودجه‌ی زیاتر بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و قه‌زاو ناحیه‌كان. ئه‌وكات هاوڵاتیان ده‌توانن له‌گه‌ڵ حكومه‌تدا به‌شدار بن و نزیك بن.

له‌م رۆژانه‌دا هه‌وڵده‌ده‌م له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی كوتله‌كانی په‌رله‌مان كۆببمه‌وه‌ بۆ باسكردنی ئه‌و پرۆسه‌یه‌و له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م پرۆژه‌یه‌ك پێشكه‌ش بكه‌ین بۆ گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی زیاتر بۆ پارێزگاكان و خوارووتر. نابێ‌ هیچ پارێزگایه‌ك هه‌ست بكات كه‌ په‌راوێز خراوه‌، به‌م شێوه‌یه‌ش ده‌مانه‌وێ‌ زیاتر حكومه‌تی سه‌رتاسه‌ری بچه‌سپێنین.

پرسی گه‌نده‌ڵی ئێستا باسێكی گشتیه‌ له‌ كوردستان. حكومه‌ت له‌ رێگه‌ی ده‌زگای تایبه‌تمه‌نده‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌و باره‌یه‌وه‌ كردووه‌. كار له‌سه‌ر پێناسه‌و شێوه‌كانی كاركردن له‌سه‌ر نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی كراوه‌. ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت. به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌ له‌م رووه‌وه‌ كوردستان به‌ دانپیانانی ده‌زگا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عیراق باشتره‌ به‌م شێوه‌یه‌ نییه‌ كه‌ نه‌توانین به‌ره‌نگار ببینه‌وه‌. ده‌كرێ‌ چاره‌سه‌ر بكرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ هانده‌رمانه‌ بۆ زیاتر كاركردن بۆ نه‌هێشتنی ، نه‌ك پشتگوێ‌ خستنی ئه‌و مه‌له‌فه‌. راسته‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی به‌ یه‌ك هه‌نگاو ده‌ست پێده‌كات. به‌ڵام دواتر پێویستی به‌ چه‌ند هه‌نگاوێكی گرینگ هه‌یه‌، له‌وانه‌: ئیڕاده‌ی سیاسی، به‌رنامه‌یه‌كی واقعی ، یه‌كده‌نگی نیشتمانی، ده‌سه‌ڵاتێكی دادگایی به‌ هێزو شاره‌زا، میدیایه‌كی چاودێریكار، چه‌ندین یاساو بڕیاری پێویست له‌لایه‌ن په‌ڕله‌مانی كوردستانه‌وه‌.

بێگومان ئه‌م هه‌نگاوانه‌ ده‌بنه‌ هۆكارێك بۆ نه‌هێشتن و بنبڕكردنی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی و كه‌مته‌رخه‌می. ئێمه‌ش سوڕین له‌سه‌ریان. هه‌ر له‌ م روانگه‌یه‌وه‌ كاره‌كانی لیژنه‌ی چاكسازی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رچاوه‌ له‌ دروستكردنی نه‌خشه‌ڕێی به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیدا. ئه‌و كارانه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵمێنن كه‌ خواستی خه‌ڵك و سه‌ركردایه‌تی یه‌كه‌ له‌ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیدا.

ئێمه‌ به‌ ده‌نگی گه‌ل حوكمڕانی وڵات ده‌كه‌ین و به‌بێ‌ دوو دڵی ئه‌و به‌ڵێنه‌ی به‌ هاوڵاتیانی ئازیزمان داوه‌ جێبه‌جێی ده‌كه‌ین، له‌ هه‌موو وڵات و ناوچه‌یه‌كی دوای شه‌ڕ و وێرانكاری كۆمه‌ڵێ‌ كێشه‌و گرفت دێنه‌ پێش، به‌ڵام ده‌بێ‌ مرۆڤ كاره‌كانیش ببینێ‌ ، پێشكه‌وتنه‌كان نادیده‌ نه‌كات. بۆ ئه‌وه‌ی هیوادار بوون به‌ دوارۆژێكی باشتر نه‌كوژێت. هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی گه‌ش هه‌نگاو ده‌نێت، چونكه‌ ئیڕاده‌یه‌كی به‌هێز هه‌یه‌ بۆ نه‌هێشتنی كه‌م و كوڕیه‌كان. كار ده‌كه‌ین بۆ دروستكردنی لیژنه‌یه‌كی بێلایه‌ن بۆ به‌دواداچوونی هه‌ر پرسێكی په‌یوه‌ست به‌ كه‌موكوڕی و هه‌ست نه‌كردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تی. ئه‌و لیژنه‌یه‌ش به‌ كرده‌وه‌ له‌ رێگه‌ی یاساوه‌ به‌دوای هه‌نگاوه‌كانیدا ده‌چێت.

جه‌ماوه‌ری ئازیزی كوردستان له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ به‌ بێ‌ ووچان كارده‌كه‌ین بۆ مسۆگه‌ركردنی ئاینده‌یه‌كی روون و داهاتوویه‌كی باشتر، ئه‌ویش به‌ حوكمڕانیه‌كی باش و ده‌سه‌ڵاتێكی شه‌فاف و دادپه‌روه‌ر.
زۆر گرنگه‌ بڕواو متمانه‌ له‌ نێوان حكومه‌ت و خه‌ڵك زیاتر په‌ره‌ی پێبدرێت. ئه‌و بڕوایه‌ ئه‌و كاته‌ پته‌وتر ده‌بێت، كه‌ حكومه‌ت كاره‌كانی به‌ ڕوونی بكات، و ئاماده‌ بێت بۆ لێپرسینه‌وه‌ و لێپێچینه‌وه‌.

هه‌ر كارێكی حكومه‌ت ده‌یكات ده‌بێت به‌ لێهاتوویی و كاریگه‌رانه‌ ئه‌نجامی بدات. حكومه‌ت ده‌بێت بایه‌خی زیاتر به‌كارو خزمه‌تگوزاریه‌كان بدات و یارمه‌تی و پشتگیریش بۆ هه‌ژاران و ئه‌و خانه‌وادانه‌ دابین بكات كه‌ ناتوانن بژێوی ژیانیان مسۆگه‌ربكه‌ن.
هه‌موو لایه‌ك ده‌بێ‌ ئه‌و راستیه‌ بزانن كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی شه‌رعی و گرنگترین دامه‌زراوه‌ی دیموكراتیه‌ له‌ هه‌رێمدا. به‌بێ‌ له‌به‌رچاوگرتنی لایه‌نی سیاسیان ئه‌ندامانی په‌رله‌مان به‌رپرسیاریه‌تی پیرۆزیان له‌سه‌رشانه‌ بۆ چاودێریكردن و به‌دواداچوونی كاره‌كانی حكومه‌ت.

ئێمه‌ په‌یوه‌ندی پته‌ومان ده‌بێت له‌گه‌ڵ په‌ڕله‌مانی كوردستان و ره‌خنه‌و پێشنیاره‌كانتان به‌ سینگێكی فراوان وه‌رده‌گرین و ئاماده‌ی بانگهێشت و لێپرسینه‌وه‌ین له‌به‌رده‌م په‌ڕله‌مانی كوردستاندا.

وه‌ك سه‌ره‌ك وه‌زیر پابه‌ند ده‌بم به‌كاركردن له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی كوردستان و كۆبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی كارمان به‌رفراوانترین پشگیری به‌ده‌ست بێنێ‌.

هه‌رێمی كوردستان هاوشێوه‌ی هه‌موو سیسته‌مێكی دیموكراسی پێویستی به‌ پارت و لایه‌نی سیاسی و بۆچوونی جیاواز هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌بێ‌ هێلی جیاكه‌ره‌وه‌ له‌نێوان پارته‌ سیاسیه‌كان و حكومه‌ت به‌دی بكرێت، هه‌رلایه‌نه‌و به‌ ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تی خۆی هه‌ڵبستێ‌. ئێمه‌ سیاسه‌تێكی روون و ئاشكرا داده‌ڕێژین بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزب له‌كاری حكومه‌ت. له‌سه‌رده‌می كابینه‌ی پێنجه‌م و هه‌روه‌ها له‌ كابینه‌ی شه‌شه‌میشدا به‌ شێوه‌یه‌كی چڕتر هه‌نگاوی گرینگ نراوه‌ له‌م بواره‌دا. ئێستاش سوڕین له‌سه‌ر ته‌واو كردنیان.

به‌شێكی جددی كاری ئێمه‌ جه‌خت كردن ده‌بێ‌ له‌سه‌ر چه‌سپاندنی سه‌روه‌ری یاسا. بێگومان ئه‌وه‌ش هه‌ر به‌ قسه‌ نابێت. به‌ڵكو ده‌بێ‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و داواكاری گشتی له‌ هه‌رێم وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی ته‌واو سه‌ربه‌خۆ كاری خۆیان بكه‌ن. مه‌به‌ستمانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و ئه‌وانه‌ی له‌م بواره‌دا كارده‌كه‌ن ده‌بێ‌ چاككردن بیانگرێته‌وه‌. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زه‌مینه‌ ساز بكات بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ رێگه‌ گرتن له‌ ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروباری یاسا، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌موو كه‌س له‌به‌رده‌م یاسادا یه‌كسان بێت. بنه‌مای دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌نها به‌ چه‌سپاندنی یاسا و سه‌روه‌ری یاسا به‌دی دێت. نابێت كه‌س رێگه‌ به‌خۆی بدات ده‌ست له‌ كاروباری دادوه‌ری و دادگا وه‌ربدات، ئێمه‌ له‌و باوه‌ره‌داین كه‌ هه‌موو كارێكی یاسایی ده‌كه‌ین وه‌ك حكومه‌ت له‌م بواره‌دا.

دوای ساڵی 2003 عیراق توشی ده‌یان قه‌یرانی سیاسی و ئاسایش بووه‌و ناسه‌قامگیری ته‌واوی عیراقی گرته‌وه‌ جگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان. زۆر هه‌وڵی نه‌گریسانه‌ دران بۆ ئه‌وه‌ی كوردستانیش وه‌ك به‌شه‌كانی دیكه‌ی عیراق ببێته‌ گۆڕه‌پانی ململانێی شه‌ڕی تایه‌فه‌گه‌ری و نه‌ته‌وه‌یی، به‌ڵام سوپاس بۆ هاوده‌نگی و یه‌ك ده‌ستی و رێكه‌وتنی ستراتیژی نێوان هێزه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ بێ هووده‌ ده‌بن و له‌ ئاینده‌شدا بێ‌ هووده‌ ده‌بن.

ئه‌و ئارامی و ئاسایشه‌ی هه‌رێم له‌و ناوچه‌ پڕ له‌ كێشه‌و ململانێیه‌ به‌ رێكه‌وت نه‌بووه‌، به‌ڵكو به‌ هه‌وڵ و شه‌ونخونی رۆڵه‌ دڵسۆزه‌كانمان بووه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌و زێره‌ڤانی و پۆلیس و ئاسایش و فریاگوزار و هێزی ئاماده‌ و هێزی دژه‌ تیرۆر. ئه‌مانه‌ رۆڵه‌ی به‌ ئه‌مه‌ك و وه‌فاداری ئه‌م گه‌له‌ن و شایسته‌ی ئه‌وه‌ن رێزیان لێبگیرێ‌. كارده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوه‌تی باشتر بكرین و وه‌ك ده‌زگایه‌كی گرینگی نیشتیمانی سه‌یر بكرێن.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه‌ شانازی به‌و ره‌وشه‌ ئارام و سه‌قامگیره‌ ده‌كات كه‌ توانیویه‌تی بۆ هاوڵاتیانی خۆی مسۆگه‌ری بكات.

له‌كه‌ش و هه‌وایه‌كی پڕله‌ لێبوورده‌یی و رێزگرتن، كابینه‌كه‌مان چه‌ند بڕیارێكی تازه‌ ده‌دات بۆ كاركردن. هه‌ندێكیان ئه‌ركی حكومه‌ته‌و ده‌بێ‌ حكومه‌ت ئه‌نجامی بدات. هه‌ندێكی تریان په‌یوه‌سته‌ به‌ تاكه‌كه‌س و گروپ و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی كه‌ ده‌بێت به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌ت كاری له‌سه‌ربكه‌ن.

ئێمه‌ ده‌زانین حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رپرسیاره‌تیان له‌سه‌ر شانه‌ بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری باشترو كاریگه‌رتر بۆ گه‌له‌كه‌مان. ئه‌وه‌ش ئه‌ركێكی پیرۆزی حكومه‌ته‌.

له‌ماوه‌ی ساڵانی رابردوو توانیمان له‌زۆر بوار پێشكه‌وتنی به‌رچاو به‌ده‌ست بهێنین، به‌لاًم به‌ هۆی فراوانبوونی شاره‌كان به‌ خێرایی هێشتا كاری زۆرمان ماوه‌ بیكه‌ین. بێگومان دامه‌زاروه‌كانی حكومه‌ت راپۆرت و شیكردنه‌وه‌ی خۆیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، به‌ڵام لایه‌نێكی تر كه‌ زۆر به‌لامانه‌وه‌ گرینگه‌ بۆچوون و هه‌ڵسه‌نگاندنی راسته‌وخۆی هاوڵاتیانه‌ بۆ ئه‌م پڕۆژانه‌.

هه‌رسێ‌ شاره‌ گه‌وره‌كه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری زۆریان به‌خۆیانه‌وه‌ دیوه‌ و ده‌رفه‌تی كارو پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری هه‌ستی پێده‌كرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ هه‌ندێ‌ ناوچه‌ی كوردستان تا ئێستاش ژماره‌یه‌كی زۆری هاوڵاتیانمان له‌ ئاستی پێویست ناژین.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی نیشتمانی، ده‌یه‌وێ هاوڵاتیان له‌ رێگه‌ی په‌رله‌مان، و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان و دامه‌زراوه‌ مه‌ده‌نی و سیاسیه‌كانه‌وه‌ به‌شداری بریاره‌كانی حكومه‌ت بن. ده‌مانه‌وێ‌ یه‌كسانی له‌ خزمه‌ت كردن هه‌بێت.

پسپۆران و فه‌رمانبه‌رانی نه‌خۆشخانه‌كان ده‌بێ‌ كاراتر كار بكه‌ن و هه‌ر نه‌خۆشێك ڕوویان تێبكات ده‌بێ‌ به‌وپه‌ڕی بایه‌خه‌وه‌ گرینگی پێبده‌ن. ده‌بێ‌ هه‌میشه‌ پزیشكی پسپۆرو تایبه‌تمه‌ند له‌ نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتن بوونیان هه‌بێت. ده‌بێ‌ نه‌خۆشخانه‌كان جێگه‌ی متمانه‌ی هاوڵاتیان بن. هه‌وڵ ده‌ده‌ین سنوور بۆ هێنان و فرۆشتن و بازرگانی كردن به‌ ده‌رمانی خراپ دابنێین و هه‌ر كه‌سێك له‌هه‌ر پله‌و پایه‌یه‌ك بێت ده‌ستی له‌م دیارده‌یه‌ هه‌بێت ده‌بێ‌ وه‌ك تاوانێكی گه‌وره‌ لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت. وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ده‌زگا په‌یوه‌ندداره‌كانی دیكه‌ ئه‌ركدار ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌وه‌ بكه‌نه‌ یه‌كێك له‌ كاره‌ له‌ پێشه‌كانیان. یاسای مافی به‌كاربه‌ر بنچینه‌یه‌ك ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه‌. هاوكات حكومه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌و بنكه‌ی ته‌ندروستی و پێگه‌یاندنی پسپۆرو شاره‌زا و دكتۆری كارامه‌. وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌بێ‌ كار بكات له‌سه‌ر دابینكردنی ته‌ندروستیه‌كی باش بۆ هاوڵاتیان، نه‌ك ته‌نها چاره‌سه‌ر كردنی نه‌خۆشه‌كان.

هاوڵاتیان به‌رده‌وام نیگه‌رانن له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕاده‌به‌ری نرخی كه‌ل و په‌ل و كاڵا سه‌ره‌كیه‌كان. گله‌یی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ نرخه‌كانی بازار له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وام دایه‌ و ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر كار وا بڕوات ناتوانن وه‌كو جاران پێداویستی رۆژانه‌یان دابین بكه‌ن.
بێگومان ئه‌مه‌ ده‌بێت چاره‌سه‌ری گونجاوی بۆ بدۆزرێته‌وه‌. له‌كاتێكدا ئێمه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئاینده‌ی ئابووریمان بوونیاد بنێین و پشتگیری كه‌رتی تایبه‌ت بكه‌ین، كه‌چی به‌ داخه‌وه‌ له‌ولاوه‌ نرخی كه‌ل و په‌ل و كاڵاكانی ماڵ به‌بێ‌ هیچ هۆكارێك له‌ به‌رز بوونه‌وه‌ دابێ‌. ئه‌گه‌ر بزانین بازارو بازرگانان ئه‌م ده‌رفه‌ته‌یان قۆستۆته‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ بۆمان مسۆگه‌ركردوون، ئه‌وا راسته‌وخۆ هه‌نگاوی جدی ده‌نێنین بۆ رێگه‌گرتن له‌م دیارده‌یه‌.

لێره‌دا ده‌مه‌وێ‌ ده‌ستخۆشی له‌ په‌ڕله‌مانی كوردستان بكه‌م كه‌ دوو ساڵ پێش ئێستا (یاسای مافی به‌كاربه‌ری) په‌سند كرد، ئێمه‌ ده‌بێ‌ ئه‌و یاسایه‌و سه‌رجه‌م یاساكانی دیكه‌ش كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچوون بخه‌ینه‌ بواری جێبه‌جێ‌ كردن. له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پلاندانان بۆردێكی تایبه‌ت به‌ نرخ و جۆری كاڵاكان داده‌مه‌زرێنین بۆ چاودێری كردنی نرخی كه‌ل و په‌ل و جۆری ئه‌و كاڵایانه‌ی دێنه‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌شێوه‌یه‌ك بازرگانان و هاوڵاتیان بتوانن سود له‌ سیاسه‌تی بازاری ئازاد وه‌ربگرن و هاوڵاتیان بتوانن پێداویستیه‌كانیان به‌ نرخی گونجاو دابین بكه‌ن.

پشتگیری هه‌موو هه‌وڵێك ده‌كه‌ین بۆ پرۆسه‌ی پێشینه‌ و قه‌رزدان به‌ هاوڵاتیان به‌رده‌وامی هه‌بێت، جا بۆ مه‌به‌ستی هاوسه‌رگیری بێت یان دروستكردنی خانوو یان ئه‌نجامدانی هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی تر.

له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی كارده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی میكانیزمێك بدۆزینه‌وه‌ بۆ گرینگی و بایه‌خدانی زیاتر به‌ خانه‌نشینانی هه‌رێم بۆ هه‌موار كردن و یه‌كخستنی مووچه‌یان.

زۆرجار گله‌یی ئه‌وه‌ده‌كرێت كه‌ حكومه‌ت به‌نهێنی كارده‌كات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی حكومه‌ت په‌یوه‌ستن به‌هاوڵاتیان و ژیان و گوزه‌رانی هاوڵاتی و ئه‌مڕۆ و ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستان، له‌م روانگه‌یه‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین هه‌نگاوی به‌په‌له‌و راسته‌وخۆ بنێین بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی بڕیاردانی حكومه‌ت زیاتر كراوه‌و شه‌فاف بێت. وه‌ زانیاری فه‌راهه‌م بكه‌ن بۆ هاوڵاتیان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوی ئاگاداری هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت بن.

حكومه‌ت وه‌ك ده‌زگایه‌كی نیشتیمانی و هه‌ڵقولاچوی پرۆسه‌ی ده‌نگدانی راسته‌وخۆی خه‌ڵكه‌، حكومه‌ت هیچی نییه‌ له‌ خه‌ڵك بیشارێته‌وه‌، بۆیه‌ كارێكی زۆر خراپه‌ گروپێك یان لایه‌نێك حكومه‌ت وه‌ك دوژمن به‌ خه‌ڵك بناسێنێ‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ بێ‌ متمانه‌ییه‌كی ماوه‌ درێژ و لێكه‌وته‌ی خراپی ده‌بێت بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان و كۆمه‌ڵگا و وڵاته‌كه‌مان.

كارده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتی بوون له‌ ناخی هه‌ر هاوڵاتیه‌كی هه‌رێم په‌ره‌ بسێنێت و خۆشه‌ویستی گه‌ل و به‌رژه‌وه‌ندی وڵات جێگه‌ی شانازی هه‌ر تاكێك بێت له‌م وڵاته‌.

هاووڵاتیان شایسته‌ی ئه‌وه‌ن زۆرترین ده‌رفه‌تی گونجاوو یه‌كسانیان پێبدرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ حكومه‌ت كار بكه‌ن. بڕیاری دامه‌زراندن له‌ حكومه‌ت ده‌بێ‌ به‌ پێی كێبڕكێ‌ و به‌ شه‌فافی بێت.

ئێمه‌ ده‌خوازین پارت و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ست له‌ كاروباری دامه‌زراندن له‌ حكومه‌ت وه‌رنه‌ده‌ن و ئێمه‌ش له‌ حكومه‌ت به‌ كرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه‌ كار ده‌كه‌ین، ده‌بێ‌ دامه‌زراندن له‌سه‌ر بنه‌مای پێویستی فه‌رمانگه‌و رێژه‌ی ده‌رچووان و بڕوانامه‌ و شایسته‌یی و له‌ژێر رۆشنایی پڕۆژه‌ی بودجه‌ی ئه‌و ساڵه‌ بێت. له‌و بواره‌شدا كابینه‌ی شه‌ش بناغه‌یه‌كی باشی دانا، ئێمه‌ش بێشك له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بین كه‌ كابینه‌ی شه‌شه‌م داینا.

ئێمه‌ گله‌یی له‌خۆمان ده‌كه‌ین كاتێك هاوڵاتی هه‌ست به‌ نامۆیی بكات، جگه‌ له‌ حكومه‌ت ده‌بێ‌ چه‌ندین ده‌زگاو دامه‌زراوه‌ هه‌بن بۆ به‌دوواداچوونی خواستی تاكی كوردستان له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌. بێگوومان ئه‌م هه‌نگاوه‌ ده‌بێته‌ فاكته‌رێكی دیكه‌ بۆ بنبڕكردنی دیارده‌ی بێزاری و خه‌مۆكی و خۆكوشتن و خۆسوتاندن.

دابینكردنی كاره‌با و سووته‌مه‌نی كاری زۆری بۆ كراوه‌، به‌ڵام له‌به‌ر خێرا گه‌شه‌سه‌ندنی هه‌رێمی كوردستان له‌ بواری بیناسازی و چڕی دانیشتوان پلانه‌كان وه‌ك پێویست ناگه‌نه‌ ئامانج. به‌ڵام دڵنیاتان ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌م بواره‌دا حكومه‌ت ئاماده‌یه‌ بودجه‌یه‌كی شیاو ته‌رخان بكات بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتیان به‌ ئاسووده‌یی بژین.

بایه‌خی زیاتر به‌ پاراستنی ژینگه‌و سامانه‌ سرووشتیه‌كان ده‌ده‌ین. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌سته‌ی ژینگه‌ ده‌بێ‌ له‌ جاران چالاكتر بێت تا ژینگه‌ی كوردستان له‌ هه‌موو رووێكه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی ستانداردی نێوده‌وڵه‌تی بێت.

ئامانجی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت كوردستان زیاتر كراوه‌بێت، زیاتر لێبوورده‌ بێت و سه‌رچاوه‌ی ئابووری جیاجیای هه‌بێت و بایه‌خ به‌ سه‌رچاوه‌و سامانه‌ سروشتیه‌كانی بدات و داهاته‌كانیش به‌ یه‌كسانی له‌ نێو هه‌موو لایه‌ك دابه‌ش بكرێت.

له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵی رابردوو كوردستان هه‌نگاوی گه‌وره‌و به‌رچاوی هه‌ڵێنا له‌ بواری په‌ره‌پێدانی سامانه‌ سروشتیه‌كان و پیشه‌سازی ووزه‌. ئێمه‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆمان و ئازادی كاركردنمان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عیراق به‌كارده‌هێنین بۆ په‌ره‌پێدانی ئه‌م سامانه‌. بۆ ئه‌وه‌ی له‌ خزمه‌تی ئاینده‌و خۆشگوزه‌رانی گه‌له‌كه‌مان بێت.

هه‌رچه‌نده‌ هێشا پرسی نه‌وت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ یه‌كلا نه‌بۆته‌وه‌، به‌ڵام به‌ بڕوای ته‌واومان به‌ سیاسه‌تی دروستی خۆمان ده‌توانین ببینه‌ لایه‌نێكی سه‌ره‌كی دابینكردنی ووزه‌ له‌ ناوچه‌كه‌و له‌ جیهان، بۆیه‌ ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ چۆن وڵاته‌كه‌مان هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان سوود له‌داهاتی نه‌وت وه‌ربگرن.

ئێمه‌ له‌سه‌ر سیاسه‌تی خۆمان به‌رده‌وام ده‌بین بۆ گه‌شه‌پێدانی هه‌رێمی كوردستان به‌ به‌شداری كۆمپانیا ناوخۆو بیانیه‌كان، به‌م هه‌نگاوه‌مان ده‌توانین كوردستان بكه‌ینه‌ ناوچه‌یه‌كی ئازدی بازرگانی و ده‌رفه‌تی كار بۆ هاولاًتیانمان مسۆگه‌ر بكه‌ین. هه‌روه‌ها له‌ بواری نیشته‌جێكردندا هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ یاساكاندا رێنمایی گونجاو ده‌رده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی خێزانه‌ كه‌م ده‌رامه‌ته‌كانیش سوود له‌م پڕۆژانه‌ وه‌ربگرن. ئه‌و پرۆژانه‌ی له‌سه‌ر خاكی كوردستان ده‌كرێن ده‌بێ‌ هه‌موو چین و توێژه‌كانی كوردستان لێیان سوود مه‌ند بن به‌ تایبه‌ت خه‌ڵكی كه‌م ده‌رامه‌ت.

وه‌ك ده‌زانن له‌ دنیای هاوچه‌رخدا گه‌شتیاری و گه‌شتوگوزار بۆته‌ یه‌كێك له‌ كۆڵه‌كه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانی سه‌رچاوه‌ی ئابووریی وڵاتان. ئه‌مه‌ش به‌ جۆرێك وه‌كوو پیشه‌سازی و جۆرێك له‌ ژێرخانی ئابووریی و ته‌نانه‌ت وه‌كوو په‌ره‌پێده‌ری ژێرخانی كه‌لتووری وڵاتان سه‌یر ده‌كرێ‌. هه‌ربۆیه‌ گه‌شه‌پێدانی ئه‌م كه‌رته‌ به‌ پێی به‌رنامه‌یه‌كی دیاریكراو یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌جێندا سه‌ره‌كییه‌كانی كاری ئێمه‌.
ئه‌ركێكی ترمان بایه‌خدانی زیاتره‌ به‌ پێشانگا نێوده‌ڵه‌تیه‌كان له‌ هه‌رێم و په‌ره‌پێدانیان له‌ رووی چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تییه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی راكێشانی سه‌رنجی كۆمپانیا و خاوه‌ن كار و هه‌وڵدان بۆ به‌ جیهانی كردنی پێشانگاكانی هه‌رێم. ئه‌م جۆره‌ هه‌وڵانه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی دروستكردنی جموجۆڵی بازرگانی و دابینكردنی ده‌رفه‌تی كارو ره‌خساندنی زه‌مینه‌ی كاری هاوبه‌ش.

چاو به‌ میلاكی وه‌زاره‌ته‌كان ده‌خشێنینه‌وه‌، ده‌بێ‌ وه‌زاره‌ته‌كان پێداچوونه‌وه‌یه‌كی جیدی بكه‌ن و چیتر دیارده‌ی بێكاری ده‌مامكدار نه‌مێنێت. به‌م شێوه‌یه‌ ده‌توانین ده‌رفه‌ت له‌به‌رده‌م ده‌رچوانی تازه‌و گه‌نج و لاوه‌كان بڕه‌خسێنین بۆ خزمه‌تكردن.

به‌ داخه‌وه‌ تا ئێستا نه‌مانتوانیوه‌ ئاسایشی خۆراك بۆ گه‌له‌كه‌مان مسۆگه‌ر بكه‌ین. حكومه‌تی هه‌رێم به‌ بڕوای ته‌واوه‌وه‌ بایه‌خ به‌ زیندوو كردنه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵی ده‌دات و هه‌موو رێگایه‌ك ده‌گرینه‌ به‌ر بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆراك له‌ هه‌رێم، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئه‌ندازه‌ی پێویست به‌رهه‌می خۆماڵیمان هه‌بێت و كه‌متر پشت به‌ خۆراكی ده‌ره‌كی ببه‌ستین و ئامانجی خۆمان له‌ به‌دیهێنانی خودبژێوی به‌دی بهێنین و به‌رهه‌می خۆماڵیش بپارێزین.

كار ده‌كه‌ین هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌كاربه‌ر بگۆڕین بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌رهه‌م هێن، ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و بازرگانی. بێگومان ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ كاتی ده‌وێت به‌ڵام ده‌بێ‌ بناغه‌یه‌كی پته‌وی هه‌بێت و كاری بۆ بكرێت.

ئێمه‌ هه‌نگاو ده‌نێین بۆ نوێكردنه‌وه‌و دروستكردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی هاوچه‌رخ، به‌ڵام خه‌ریكه‌ ده‌كه‌وینه‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ده‌ستدانی هه‌ندێك له‌ به‌هاو كه‌لتورو دابونه‌ریته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ به‌نرخ و مێژووییه‌كان. ئه‌گه‌رچی ئێمه‌ ته‌كنۆلۆژیای تازه‌ به‌كار ده‌هێنین، به‌ڵام نه‌مان توانیوه‌ وه‌ك پێویست سوودی لێوه‌ربگرین، چونكه‌ بوونه‌ته‌ مایه‌ی دروستكردنی چه‌ندین كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی.

بۆ ئه‌وه‌ی له‌یه‌كگه‌یشتنی زیاتر دروست ببێ‌ و بتوانین درێژه‌ به‌ فه‌رهه‌نگی پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌ بده‌ین، ده‌بێت په‌نا بۆ دیالۆگی نیشتمانی ببه‌ین، هه‌موومان له‌ سه‌ر پرسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان گفتوگۆبكه‌ین. به‌ مه‌به‌ستی بونیاتنان و ده‌سته‌به‌ركردنی یه‌ك ده‌نگی سه‌باره‌ت به‌ ئاینده‌ی كۆمه‌ڵگاكه‌مان و پاراستنی به‌ها به‌نرخه‌كانمان. حكوه‌ت هه‌وڵ ده‌دات كه‌له‌پوورو مێژووی نه‌ته‌وایه‌تی و به‌های به‌رزی كومه‌ڵگای كوردستان نه‌بنه‌ قوربانی خراپ به‌كار هێنانی ته‌كنۆلۆژیای سه‌رده‌م، یان تێنه‌گه‌یشتن له‌ چه‌مكه‌ تازه‌كان.

چه‌سپاندنی زیاتری سیسته‌می دیموكراسی و بایه‌خدان به‌ بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ و مافی ئافره‌ت و منداڵ و پاراستنیان له‌ هه‌ر توندوتیژیه‌ك و دروستكردنی زه‌مینه‌ی له‌بار بۆ پێدانی ده‌سه‌ڵاتی زیاتر به‌ ئافره‌تان، له‌ كاره‌ له‌ پێشینه‌كانی حكومه‌ت ده‌بێ.
پاراستنی ته‌بایی و برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیان و پابه‌ند بوون به‌ به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتووریه‌كان و رێزگرتن له‌سه‌رجه‌م ئایین و نه‌ته‌وه‌كان ئامانجی سه‌ره‌كیمان ده‌بێت.

زۆر به‌ ئاشكرایی ده‌ڵێین كه‌ زۆرینه‌ی گه‌لی ئێمه‌ موسڵمانه‌و ئایینی پیرۆزی ئیسلامیش یه‌كێكه‌ له‌ به‌ها به‌رزه‌كانی گه‌له‌كه‌مان. بۆیه‌ رێگه‌ ناده‌ین به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌په‌نای ئازادی سووكایه‌تی به‌ ئایینی پیرۆزی ئیسلام بكرێت، هه‌روه‌ك رێگه‌ش ناده‌ین ئایین به‌مه‌به‌ستی سیاسی دژی بنه‌مای سیسته‌می دیموكراسی به‌كاربێت. ئایین به‌ لای ئێمه‌وه‌ هێزی به‌یه‌كه‌ ژیان بووه‌، نه‌ك دروستكه‌ری دوژمنایه‌تی و دووبه‌ره‌كی. هه‌روه‌ها رێگه‌ ناده‌ین به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك سوكایه‌تی به‌ ئایینه‌كانی دیكه‌ له‌ كوردستان بكرێت.

كورد و توركمان و عه‌ره‌ب و كلدان و سریان و ئاشوری و ئه‌رمه‌ن به‌ سه‌رجه‌م بیر و باوه‌ڕه‌ ئایینی و كه‌لتوورییه‌كانی خۆیانه‌وه‌ جێگه‌ی رێزی یه‌كتر بوونه‌ له‌ هه‌رێم. مێژوو شایه‌تی یه‌كگرتوویی نێوان كوردی شه‌به‌ك و كاكه‌یی و ئێزدی و فه‌یلییه‌و كوردایه‌تیمان له‌سه‌رووی هه‌موو پێناسه‌یه‌كمان بووه‌و ده‌بێت.

حكومه‌تی هه‌رێم رێز له‌ هه‌موو پێكهاته‌كان ده‌گرێت و دابینكردنی ئازادی و هه‌موو جۆره‌ ئیمكانیاتێك به‌ ئه‌ركی خۆمان و مافی ره‌وای ئه‌و پێكهاتانه‌ ده‌زانین. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان حكومه‌تی سه‌رجه‌م ئه‌و پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌یه‌، شانازیش به‌و پێكهاته‌یه‌ ده‌كه‌ین.

ره‌وه‌ندی كوردستانی له‌ هه‌نده‌ران، خوشك و براو كه‌س و كارو هاوڵاتی ئێمه‌ن، ئه‌گه‌ر تا ئێستا كه‌م تا زۆر كه‌مته‌رخه‌می هه‌بووبێت بۆ گوێ‌ گرتن له‌ كێشه‌و گرفته‌كانیان، ئه‌وا له‌مه‌ودوا ده‌بێ‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ئاست خواست و ویستی ئه‌وان بێت و ئه‌وانیش ده‌بێ‌ له‌ ئاست پێویستی گه‌ل و وڵاته‌كه‌یان بن و به‌ ئه‌زموون و شاره‌زاییان خزمه‌تی كوردستان بكه‌ن. ئه‌مڕۆ ئه‌وان ده‌توانن سودێكی زۆر به‌ هه‌رێمی كوردستان و گه‌له‌كه‌یان بگه‌یه‌نن.

گه‌نجان سامان و سه‌رمایه‌ی نه‌ته‌وه‌یی گه‌له‌كه‌مانن، به‌خشینی گوڕوتینی زیاتر به‌ به‌رنامه‌كان له‌ پێناو دابینكردنی ژیانێكی ئاسووده‌ بۆ گه‌نجان یه‌كێكه‌ له‌ خاڵه‌كانی كابینه‌كانی پێشوو و له‌ به‌رنامه‌ی كابینه‌ی حه‌فته‌میش به‌رده‌وام ده‌بێت.

ده‌بێ‌ لاوانی كوردستان ده‌رفه‌تی له‌باریان بۆ بڕه‌خسێ‌ بۆ وێناكردنی حه‌زو ئاره‌زووه‌كانیان له‌و بوارانه‌ی كه‌ میلله‌ته‌كه‌مان ده‌توانێ‌ شانازیان پێوه‌ بكات، وه‌ك وه‌رزش و هونه‌ری ره‌سه‌نی كوردستان. ده‌بێ‌ بایه‌خ و گرینگی زیاتر به‌ ئه‌دیبان و نووسه‌ران و مێژوونووسان بدرێ‌ و ئه‌ڕشیفی هونه‌رو كتێبخانه‌ی كوردستان ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكرێ‌.

حكومه‌ت په‌یوه‌سته‌ به‌ پاراستنی ئازادی كاری رۆژنامه‌وانی و ژیانی رۆژنامه‌نووسان له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا له‌ هه‌رێمی كوردستاندا. له‌م رووه‌وه‌ ده‌مانه‌وێ و هه‌وڵده‌ده‌ین هه‌رێمی كوردستان تۆماری خۆی بێ‌ ووچان باشتر بكات. لێره‌ش پێویستیمان به‌ هه‌وڵ و كۆششی رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی هه‌یه‌.

به‌ یاسای ژماره‌ 35 ی تایبه‌ت به‌ كاری رۆژنامه‌رگه‌ری ئاستی پێگه‌یشتوویی ئازادی كاری رۆژنامه‌نووسیمان له‌ كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی گره‌نتی كرد. له‌م كابینه‌یه‌شدا به‌و چاوه‌ سه‌یری راگه‌یاندن ده‌كه‌ین كه‌ یارمه‌تیده‌رمانه‌، ئه‌ویش به‌چاودێریكردنی كاری حكومه‌ت و دیاریكردنی كه‌موكورتی به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری و به‌دواداچوونی راستی. ئه‌وه‌ش حكومه‌ت چالاك ده‌كات له‌ هه‌موو رووێكه‌وه‌.

سه‌ربه‌ستیی رێكخراوه‌ پیشه‌یی و مه‌ده‌نی و كۆمه‌ڵاتییه‌كان مۆركی سه‌ره‌كی سیسته‌می حوكمڕانی مۆدێرنه‌ و له‌ كۆمه‌ڵگا دیموكراته‌كاندا به‌ ته‌واوی ده‌بیندرێ. ئه‌م رێكخراوانه‌ ده‌بێ‌ له‌ رابردوو چالاكتربن و وه‌ك چۆن به‌ كه‌رتی سێیه‌م ناسراون، هه‌ر به‌هه‌مان شێوه‌ش پێویسته‌ رۆڵ و پێگه‌یان له‌ گۆڕانكاری و پێشكه‌وتنه‌ هه‌مه‌لایه‌ن و هه‌ڵوێسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا زیاتر هه‌ست پێبكرێ‌. به‌ تایبه‌تی له‌ڕووی به‌رزكردنه‌وه‌ ئاستی هۆشیاری و ئاگاداركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا.

ئه‌و تاوانانه‌ی ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لی كوردستان كراوه‌ كه‌متر نین له‌و تاوانانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به‌ جینۆساید ناسراون. هه‌رچه‌نده‌ كاری زۆر كراوه‌ بۆ ناساندنی جینۆساید دژی گه‌لی كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌ت و رێكخراوه‌كان له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ به‌ دونیای ده‌ره‌وه‌، ئێستا به‌رنامه‌ی زیاترمان له‌به‌ر ده‌سته‌ تا به‌ هه‌وڵی هه‌موو لایه‌ك تاوانی ئه‌نفال و كیمیاباران و جینۆساید دژی گه‌لی كوردستان له‌ناوه‌نده‌كانی بڕیاری نێوده‌وڵه‌تی به‌ ره‌سمی بناسێنین. هه‌روه‌ها به‌ جینۆساید ناساندنی چه‌ند كۆمه‌ڵكوژیه‌كی رژێمی پێشووی عیراق دژی گه‌لی كوردستان له‌لایه‌ن دادگای تاوانه‌كانی تایبه‌ت به‌ دادڤایی كردنی سه‌رانی رژێمی پێشوو بنچینه‌یه‌كی گرینگی بۆ ئه‌و هه‌وڵانه‌ دروست كردووه‌. هه‌ر له‌م رووه‌وه‌ هه‌وڵی چه‌ند حیزبێكی ئه‌وروپی و سیاسه‌تمه‌داران به‌ ته‌واو كه‌ری هه‌وڵی خۆمان ده‌بینین و به‌ رێزه‌وه‌ سه‌یریان ده‌كه‌ین.

ره‌خنه‌ له‌وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤی عیراق ده‌گرین كه‌ هاوكاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌بوون له‌ به‌دیار خستنی زانستیانه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژیانه‌. به‌ پێی ئه‌و ستانداره‌
Top