ددان بە هیچ ئۆپۆزسیۆنێكی سووریادا نانێین، ئەگەر ددان بە مافەكانی كورددا نەنێت

ددان بە هیچ ئۆپۆزسیۆنێكی سووریادا نانێین، ئەگەر ددان بە مافەكانی كورددا نەنێت
ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا، ڕایگەیاند كە ددان بە هیچ ئۆپۆزسیۆنێكی سووریادا نانێت ئەگەر بە تەواوەتی ددان بە مافەكانی گەلی كورددا نەنێت.

سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا (د. عەبدولحەكیم بەشار) لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە دوێنێ لە شاری هەولێر بەسترا، هەڵوێستی ئەنجوومەنەكەیانی لە بارەی ڕەوشی سووریا و ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریا خستە ڕوو و گوتی: \"ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریا، لەو مافانەی كورد پاشگەز بووەتەوە كە پێشتر ددانی پێدا نابوون، ئێمەیش ددان بە هیچ ئۆپۆزسیۆنێكی سووریادا نانێین ئەگەر ددان بە مافەكانی كورد بە تەواوەتی نەنێت.\""

(بەشار) ڕوونی كردەوە كورد بە هیچ شێوەیەك نابێتە بەشێك لە هیچ شەڕێكی ناوخۆیی لە سووریادا، گوتی: \""نەبوونی چەترێكی سیاسیی شەرعی كە هەموو لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن كۆ بكاتەوە، بە لاوازترین خاڵی شۆڕشی ئێستای سووریا دەزانین.\""

بە ڕەخنەگرتنیشەوە ئاماژەی دا: \""تا ئێستا درۆز و عەلەوی و مەسیحی و ئیسماعیلییەكانیش نەڕۆییشتوونەتە نێو شۆڕشەوە، چونكە هێشتا تێڕوانینی ڕوونیان لە بەردەمدا نییە و ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریایش نەیتوانیوە قەناعەت بەوانە بكات كە سووریای ئاییندە هیی هەمووان دەبێت، ئەو چەند كەسایەتییەیش كە لە ئەنجوومەنەكەدان، نوێنەرایتیی پێكهاتەكانیان ناكەن بە تەنیا.\""

هاوكات لە قسەكانیشدا ئاماژەیەكی ڕوونی بۆ تێڕوانینی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا خستە ڕوو لەمەڕ شێوازی حوكم و ڕوونی كردەوە: \""یەكگرتوویی ئۆپۆزسیۆن گرنگە بۆ ئەوەی ببێتە بەردی بناغەی ڕوخانی ڕژێمی سووریا و بونیادنانی سووریایەكی عەلمانیی فرە نەتەوە.\""

ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا، پێوەندیی بە هیچ وڵاتێكی بیانییەوە نییە."
Top