پەرلەمانی كوردستان كۆتاییی بە وردبینی سیڤیی پاڵێوراوانى كابینەى حەوتەمی هەرێم هێنا

پەرلەمانی كوردستان كۆتاییی بە وردبینی سیڤیی پاڵێوراوانى كابینەى حەوتەمی هەرێم هێنا
ئەندامێكی لێژنەی یاساییی پەرلەمانی كوردستان رای گەیاند، كەمێك بەر لە ئێستە ئەندامانی لێژنەی یاسایی كۆتایییان بە ووردبینیكردنی سیڤیی كاندیدانی پۆستە وەزارەتییەكانی كابینەی 7 ی حكوومەتی هەرێمى كوردستان هێنا و بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمانى رەوان كردەوە.

كاردۆ محەمەد لە فراكسیۆنى گۆڕان بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، كەمێك بەر لە ئێستە سەرجەم ئەندامی لێژنەی یاسایی وردبینیان لە سیڤی سەرجەم ناوی كاندیدانی پۆستی وەزارەتی لە كابینەی 7 كۆتایی پێ هێنا.

محەمەد گوتی، پاش تەواوبوونی ووردبینی لە ناوی كاندیدكراوەكان، سەرجەم ناوەكان بە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان درایەوە بۆ ئەوەی لە دانیشتنی سبەی پەرلەماندا ناوی كاندیدكراوەكان بخرێتە ناو كارنامەی دانیشتنەكە و دەنگی لەسەربدرێ.

بڕیارە ئێوارەى سبەى پێنجشەم پەرلەمانى كوردستان لە دانیشتنێكی ئاساییدا دەنگ بەكابینەىحەوتەمى هەرێمی كوردستان بدا و لە دوێنێشەوە سیڤی و زانیاری كاندیدانى پۆستەوەزارەتییەكان گەیشتووەتە پەرلەمان، سەرچاوەیەك لە پەرلەمانى كوردستان گواستییەوە.

لە راگەیاندراوێكدا سەرۆكایەتیی پەرلەمانى كوردستان داوالە ئەندامان دەكا كە سبەى پێنجشەم لەكۆبوونەوەی ژمارەى 6ى ئاساییدا بەشدار بن بەمەبەستی دەنگدان بەكابینەى حەوتەمى حكوومەتى هەرێم.

بە پێی زانیارییەكانی ئەو ئەندامەی لێژنەی یاسایی ئەو ناوانەی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتییەكان كاندید كراون وەك پاڵێوراوان بۆ كابینەی حەوتەمی حكومەتی هەرێم یكوردستان برێتین لە:

1. كەریم سنجاری ــ وەزیری ناوخۆ
2. جەعفەر مستەفا ــ وەزیری پێشمەرگە
3. بایز سەعید ــ وەزارەتی دارایی
4. د. ئاشتی هەورامی ــ وەزیری سامانە سروشتییەكان
5. شێروان حەیدەری ــ وەزیری داد
6. د. عەلی سندی ــ وەزیری پلاندانان
7. د. رێكەوت حەمە رەشید ــ وەزیری تەندروستی
8. د. عیسمەت محەمەد خالد ــ وەزیری پەروەردە
9. دڵشاد شەهاب ــ وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار
10. كامەران ئەحمەد ــ وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن
11. د. عەلی سەعید ــ وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی
12. ئاسۆس نەجیب ــ وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی
13. كاوە مەحمود ــ وەزیری رۆشنبیری و لاوان
14. سەباح ئەحمەد ــ وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان
15. د. سیروان بابان ــ وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
16. سینان چەلەبی ــ وەزیری بازرگانی و پیشەسازی
17. جۆنسۆن سیاوش ــ وەزیری گواستنەوە و گەیاندن
18. كامل عەلی عەزیز ــ وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی
19. یاسین ئەبوبەكر ــ وەزیری كارەبا
Top