"گۆڕان" داوای سەرۆكایەتیی هەندێك لە لیژنەكانی پەرلەمان ده‌كات

كۆدەنگییەكی گشتی لەسەر لاوازی و كەموكورتیی لیژنەكانی پەرلەمان هەیە، هەر بۆیەیش ئەو پەرلەمانتارانەی لە كۆبوونەوەی لیژنەكاندا بەشدار نەبن، لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت.

هاوكات ئەولەوییەتدان بە پڕۆژەیاساكان بە هەماهەنگیی سەرجەم فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمان دەبێت و لەگەڵ ئەوەیشدا فڕاكسیۆنی گۆڕان داوای سەرۆكایەتیی هەندێك لیژنە دەكات.

دوای ئەوەی كۆمەڵێك گلەیی و گازندە لەسەر ئەدای پەرلەمان و كاروباری لیژنەكان كەوتەوە و چاودێران و بەشێكی زۆری پەرلەمانتارانیش پێڕۆی ناوخۆی پەرلەمانیان بە ناكارامە و جۆری كاری لیژنەكانیان بە ناسەركەوتوو لە قەڵەم دا، دوێنێ (28\\3) سەرۆكی سەرجەم فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆكایەتیی پەرلەماندا كۆ بوونەوە. سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە و قسەی فڕاكسیۆنەكان، سەرۆكی فڕاكسیۆنی گۆڕان (كاردۆ محەممەد) بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند كە سەرۆكی فڕاكسیۆنە جیاجیاكانی پەرلەمان لەسەر داڕشتنی میكانیزمێكی گونجاو و هاوبەش بۆ هەمواركردنی پێڕۆی ناوخۆی پەرلەمان قسەیان كردووە و هەروەها لەگەڵ سەرۆكایەتیی پەرلەمان داوایش كراوە كە ئەولەوییەت بەو پڕۆژەیاسایانە بدرێت، كە ڕەهەندی نیشتمانییان هەیە و هاوكات بە تەوافوقی نیشتمانییش تێپەڕێندرێن.

هاوكات لەلایەكی دیكەیشەوە، سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی (عومەر عەبدولعەزیز) بە “هەولێر”ـی گوت كە سەرۆكی فڕاكسیۆن و نوێنەری پێكهاتەكان و سەرۆكایەتیی پەرلەمان، لەسەر ئەوە ڕێك كەوتن كە غیابات بۆ كۆبوونەوە ئاسایی و هەروەها دانیشتنی لیژنەكانیش هەبێت.

ئەو ڕوونیشی كردەوە كە هەر پەرلەمانتارێك بە ئاگاداریی سەرۆكایەتیی پەرلەمان غیابی هەبێت، بە پێی پێڕۆی ناوخۆی پەرلەمان مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، هەروەها داوایش كراوە كە پەلە لە بودجەی گشتیی هەرێمدا بكرێت. هاوكات لەگەڵ ئەوەیشدا بڕیار دراوە كە هیچ پڕۆژەیاسایەك بە بێ ئاگاداریی سەرۆكی فڕاكسیۆنەكان ئەولەوییەتی پێ نەدرێت.

سەرۆكی فڕاكسیۆنی توركمانی لە هەولێر (شێردل تەحسین) وێڕای پشتڕاستكردنەوەی ئەوە، گوتی كە لیژنەكان دەبێ ڕاپۆرتی خۆیان لەسەر پڕۆژەیاسا دواكەوتووەكان لە ماوەی (10) ڕۆژدا ئامادە بكەن.

سەرۆكی فڕاكسیۆنی گۆڕان (كاردۆ محەممەد) بۆ “هەولێر”ـی ڕون كردەوە كە لە ئێستادا داوای سەرۆكایەتیی هەندێك لیژنەیان كردووە، لەگەڵ ئەوەیشدا فڕاكسیۆنەكانی دیكەی پەرلەمانیش داوای گۆڕانكاریی جیددی لە لیژنەكاندا دەكەن و فڕاكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆنـیش چاوەڕێی ئەوە دەكەن كە بە كردەوە ئەو گۆڕانكاریانە لە ماوەی مانگی داهاتوودا بكرێن.
Top