هەفتەی داهاتوو كورد دەگەڕێتەوە نێو ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ

هەفتەی داهاتوو كورد دەگەڕێتەوە نێو ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ
سەرۆكی لیستی برایەتی نەینەوا (خەسرۆ گۆران) بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی ڕاگەیاند كە بەم زووانە لیستی برایەتیی نەینەوا دەگەڕێتەوە نێو ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ و هەموو شتێك یەكلا دەبێتەوە.

ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ لەسەر لیستی برایەتیی نەینەوا (قاسم ساڵح) بۆ هەولێر ئاماژەی دا كە ڕەنگە لە 1/4/2012ـدا ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ بە فەرمی دەست بە دەوامی ئاسایی خۆیان بكەنەوە. “جگە لەوە، هەر 16 یەكە ئیدارییەكە لە سنووری پارێزگاكە كە لەگەڵ ئێمەدا هەڵوێستیان وەرگرتبوو، دەگەڕێنەوە سەر پارێزگای مووسڵ.”

(قاسم) زیاتر گوتی: “ئێستاكە لیستی حەدبا بوونەتە دوو لایەنی جیا و لەنێو لیستەكەدا دوو ڕای جیاواز بۆ گەڕانەوەی ئێمە بە گشتی هەیە، لەنێو ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكەیشدا ئێمە زیاتر لە 25 دەنگمان دەبێت و لە نێو خودی لیستی حەدبایش كە 19 ئەندامن، زیاتر لە 11 ئەندام لەگەڵ ئەوەدان كە ئێمە بگەڕێینەوە نێو ئەنجوومەن.”

ئەو ئەندامەی لیستی برایەتی، ڕوونیشی كردەوە كە لە ئێستادا ئەوان بڕیاری ئەوەیان نەداوە كە پۆستی ئیداری وەربگرن و تاوەكوو بارودۆخەكەیش هەڵنەسەنگێنن، لەو بارەیەوە بڕیار نادەن.

ئەندامی لیستی برایەتیی نەینەوا (درمان خەتاری) گوتی كە “پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا هیچ دەستەڵاتێكی نییە، بۆیە ئێمە ئەو پۆستەمان وەرنەگرتووە.”

شیاوی گوتنە، لیستی برایەتیی نەینەوا لە هەڵبژاردنی 2009ـی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا، لە 16 یەكەی ئیداریدا بایكۆتی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵیان كرد بەو پێیەی كە لیستی حەدبا پۆستەكانی تاكلایەنانە بەسەر ئەندامانی خۆیدا دابەش كرد.
Top