داوا دەكرێ بۆردمانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێم لە لووتكەی عەرەبیدا بخەرێتە روو

داوا دەكرێ بۆردمانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێم لە لووتكەی عەرەبیدا بخەرێتە روو
لێژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەم داوای لە حكوومەتی عێراق كرد پرسی بۆردمانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن توركیا و ئێرانەوە لە كۆبوونەوەكانی لووتكەی عەرەبیدا باس بكا.

ئەسكەندەر وتوت جێگری سەرۆكی لێژنەی ئاسایش و بەرگری بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، تا ئێستە توركیا و ئێران دەستدرێژی دەكەنە سەر خاكی هەرێمی كوردستانی عێراق بێ ئەوەی سنوورێك بۆ ئەو دەستدرێژییانە هەبێ، بۆیە پێویستە لایەنی عێراقی لە كۆبوونەوەكانی لووتكەی عەرەبدا ئەو پرسە بخاتە بەردەم سەرانی عەرەب بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ ئەو جۆرە پێشێلكارییانە دابنرێ.

زیاتر گوتی، عێراق پێی باشە پرسی بۆردمانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی سیاسییەوە چارەسەر بكرێ.

وتوت ئاماژەی دا بەوەی كە بەردەوامبوونی بۆردمانەكان پێوەندیی نێوان عێراق ئەو وڵاتانە بەرەو خراپی دەبا.
Top