پەیامی نێچیرڤان بارزانی بەبۆنەی ساڵیادی كارەساتی هەڵەبجە
هاوڕێیانى ئازیز، ئەمڕۆ 16ى ئادار یادى کارەساتى کیمیابارانى هەڵەبجەى شەهید دەکەینەوە. لەو رۆژەى ساڵى 1988 شارى هەڵەبجە کەوتە بەر پەلامارى دڕندانەى رژێمى بەعسى گۆڕبەگۆڕ و لەئاکامدا زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتى ئەو شارە گیانیان لەدەستدا و هەزارانى تریش برینداربوون. ئەمڕۆ دەبێ ئەم بۆنەیە بکەین بە هاندەرێک بۆ زیاتر ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان و پێشخستنى هەرێمى کوردستان. لە هەمان کاتیشدا سەرى رێز و نەوازش لەبەردەم خانەوادەى خۆڕاگرى شەهیدانى هەڵەبجە و ئەنفالەکان دادەنوێنین و پەیمانیان بۆ دووپات دەکەینەوە کە بەردەوام بین لە خەباتکردن لە پێناو مافەکانیان و ئایندەیەکى گەش بۆ هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان.