مه‌سروور بارزانی: ئازادی‌ تا ئه‌و جێگه‌یه‌یه‌ كه‌ مافی‌ كه‌سی‌ دیكه‌ پێشێل نه‌كرێت

مه‌سروور بارزانی: ئازادی‌ تا ئه‌و جێگه‌یه‌یه‌ كه‌ مافی‌ كه‌سی‌ دیكه‌ پێشێل نه‌كرێت
سه‌رۆكی‌ ئاژانسی‌ پاراستنی‌ ئاسایشی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ته‌ئكیدی‌ كرده‌وه‌ گەشەكردنی دیموكراسییەت لە ناوچەكەدا لە بەرژەوەندیی كوردستاندایە. هاوکات دەڵێت زۆر جار خوێندنەوەی هەڵە دەكرێت بۆ ئازادی و دیموكراسی و ئەوە لەبەرچاو ناگیرێت كە ئازادیش سنووردارە.
ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سه‌رۆكی‌ ئاژانسی‌ پاراستنی‌ ئاسایشی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، مه‌سروور بارزانی‌، له‌ دیمانه‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌ی‌ خه‌باتدا ژمارەی ئەمڕۆی، ئاماژه‌ی‌ به‌ چه‌ندین مه‌سه‌له‌ی‌ گرینگی‌ په‌یوه‌ندیدار به‌ هه‌رێم و ناوچه‌كه‌ كردووه‌ و وه‌ڵامی‌ چه‌ند پرسی‌ گرینگی‌ داوه‌ته‌وه‌.

له‌ به‌شێكی‌ دیمانه‌كه‌دا سه‌باره‌ت به‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ دیموكراسی‌ و ئازادی‌ ده‌ڵێت \"زۆر جار خوێندنەوەی هەڵە دەكرێت بۆ ئازادی و دیموكراسی و ئەوە لەبەرچاو ناگیرێت كە ئازادیش سنووردارە و تا ئەوكاتە دەتوانی بە ئازادی مومارەسەی دیموكراسییەت و مافی خۆت بكەی كە، مافی كەسێكی تر ژێر پێ نەخەیت و ستەم لە لایەنەكی تری خاوەنی ماف نەكەیت.\""

مه‌سروور بارزانی‌، وێڕای‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ مەرج نییە هەرچیی ئۆپۆزسیۆن دەكات و دەڵێت راست بێت، لە هەمانكاتدا هەرچی دەڵێت لە لایەن دەسەڵاتەوە بە هەڵە لێك بدرێتەوە، ته‌ئكید ده‌كاته‌وه‌ كه‌ \""گرنگ ئەوەیە سیستەمێكی تەندروست بدۆزرێتەوە كە ئۆپۆزسیۆن رێز لە ئیرادەی زۆرینە بگرێت و دەسەڵاتیش مافەكانی كەمینە (مەبەستم كەمینەی سیاسییە) لەبەر چاو بگرێت و هەموو پێكەوە هاوكاربن بۆ پێش خستن و پاراستنی ئەزموونەكەمان.\""

سه‌باره‌ت به‌و قسانه‌ی‌ له‌ هه‌ندێك لایه‌ن ده‌رباره‌ی‌ ئاژانسی‌ پاراستنی‌ ئاسایشی‌ هه‌رێم ده‌كرێت، سه‌رۆكی‌ ئاژانس گوتی‌ \""پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی كارەكانی ئاژانس رای زۆرینەی خەڵكە رۆژ لە دوای رۆژ خۆشەویستیی خەڵك بۆ ئاژانس زیاتر دەبێت.\""

مه‌سروور بارزانی‌ له‌م دیمانه‌یه‌ی‌ خه‌باتدا، وێڕای‌ پشتگیری‌ له‌ قسه‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌ مافی‌ كوردستان بۆ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردستان، ته‌ئكیدی‌ كرده‌وه‌ \""پێش هەموو شتێك دەبێ خەڵكی كوردستان ئامادە بن بە سەر و ماڵ پارێزگاری لە خاك و نیشتمان بكەن و واز لە بەرژەوەندیی ململانێی تەسكی حزبی و تاكەكەسی بێنن و بە كردەوە بۆ ئەو ئامانجە هەنگاو بنێن.\""

سه‌باره‌ت به‌ پرسی‌ كۆنگره‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و گرینگیی‌ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ ئاماژه‌یدا \""كۆنگرەی نەتەوەیی دەتوانێت هەوڵەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ بنبڕكردنی یەكجارەكی شەڕی كورد و كورد، بچەسپێنێت كە پێم وایە یەكێك لە گەورەترین دەستكەوتەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی بووە تا ئێستا.\"""
Top