ناوەخۆی هەرێم: تا ئێستە پاڵاوكی سێ یەكە ئیدارییەكەی تر دیار نین

ناوەخۆی هەرێم: تا ئێستە پاڵاوكی سێ یەكە ئیدارییەكەی تر دیار نین
بریكاری وەزارەتی ناوەخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان /سلێمانی/ رای گەیاند، بەهۆی دیاری نەكردنی سەرۆكەكانیان، تا ئێستە دیار نییە یەكە ئیدارییە سەربەخۆكانی سۆران، هەڵەبجە، كۆیە و رانیە لە كەیدا دەستبەكار دەبن.

ساڵی رابردوو مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە میانی چەند سەردانێكدا بۆ هەریەك لە ناوچەكانی كۆیە، سۆران، رانیە و هەڵەبجە لەكاتی جیاوازدا رای گەیاند ئەو قایمقامیەتانە دەكرێنە ئیدارەی سەربەخۆ، ئەمڕۆش بەشێوەیەكی رەسمی عەبدولحەمید عەبدوڵا وەك یەكەم بەرپرسی یەكەی ئیدارەی راپەڕین لە شارۆكەی رانیە دەستبەكار بوو.

لەم بارەیەوە جەلال كەریم ئەمڕۆ دووشەم بە ئاژانسی (ئاكانیوز)ی راگەیاند \"ئەوەی تا ئێستە بەشێوەیەكی ڕەسمی بڕیاری لەسەر دراوە و فەرمانی دەستبەكاربوونی بۆ دەرچووە، سەرۆكی یەكەی ئیداریی راپەرینە، هەرچەندە بڕیاری بەسەربەخۆبوونی ناوچەكانی كۆیە، سۆران و هەڵەبجەیش دەرچووە، بەڵام تا ئێستە رێوشوێنەكانی یاسایی بۆ بە بوون بە یەكەیەكی ئیداری سەربەخۆ كۆتای پێ نەهاتووە\"".

ئاماژەی دا \""ئێستە ناوچەكانی كۆیە و سۆران و هەڵەبجە وەك ئیدارەی سەربەخۆ دەستبەكار نابن، هیچ وادەیەكیش بۆ دەستبەكاربوونی ئەو یەكە ئیدارییە نوێیانە دیاری نەكراوە، هۆیەكی تریش ئەوەیە تا ئێستە ئەو كەسانەی پۆستی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكە وەردەگرن دیاری نەكراوە.

\""هەر كاتێك بەرپرسی ئەو یەكانە دیاری كران، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان فەرمانی رەسمی بۆ دەردەكا و پاشان دەستبەكار دەبن\"".

بۆ هەمان مەبەست پەیامنێری (ئاكانیوز) پێوەندی بە هەریەك لە سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و بریكاری وەزارەتی ناوەخۆ /هەولێر/ كرد بە پاساوی نەبوونی زانیاری لێدوانیان نەدا."
Top