فڕاكسیۆنەكان لەسەر ئەولەوییەتدان بە پڕۆژەی پێڕۆی ناوخۆی پەرلەمان كۆكن

فڕاكسیۆنەكان لەسەر ئەولەوییەتدان بە پڕۆژەی پێڕۆی ناوخۆی پەرلەمان كۆكن
ئەگەرچی فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمان لەسەر ئەولەوییەتدان بە زۆربەی پڕۆژەیاساكان ڕای جیاوازیان هەیە، بەڵام سەرجەمیان لەسەر ئەولەوییەتدان بە پڕۆژەیاسای پێڕۆی ناوخۆی پەرلەمان كۆكن و داوایش دەكرێت كە سەرۆكایەتیی پەرلەمان لە ئەولەوییەتدان بە پڕۆژەیاساكان، ڕاوێژ بە سەرۆكی لیژنەكان و فڕاكسیۆنەكان بكات.

وا بڕیارە 1/3/2012 كۆبوونەوە ئاساییەكانی پەرلەمان لە دوای دوو مانگ پشووی زستانە دەست پێ بكەنەوە و ئەوەیش یەكەم دانیشتنەكانی ساڵی نوێی دەبێت، هەموو ئەوانە لە كاتێكدایە كە زیاتر لە 46 پڕۆژەیاسا و یەك بڕیار لە 2011ـدا دەرچوون، خولی نوێی پەرلەمانیش دەبێ مامەڵە لەگەڵ كۆمەڵێك پڕۆژەیاسادا بكات كە زۆربەیان ڕای جیاوازیان لەسەرە، ئەو جیاوازییەیش لە بۆچوونی فڕاكسیۆنەكاندا سەبارەت بە ئەولەوییەتەكان بۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاساكانەوە دیارە. هاوكات خولی نوێی پەرلەمان لە ساڵی نوێدا ڕەنگە تووشی هەندێك گۆڕانكاری لە كارەكانیدا ببێتەوە، ئەوەیش لەو سۆنگەیەوەیە كە زۆربەی پەرلەمانتاران و سەرجەم فڕاكسیۆنەكان پێداگرن لەسەر ئەولەوییەتدان بە پڕۆژەیاسای پێڕۆی ناوخۆی پەرلەمان.

سەرۆكی لیژنەی یاسایی (شێروان حەیدەری) ئەوەی پشتڕاست كردەوە و بە “هەولێر”ـی گوت: “زۆربەی پەرلەمانتاران پێیان باشە لە خولی نوێدا ئەولەوییەت بە پڕۆژەیاسای پێڕۆی ناوخۆی پەرلەمان بدرێت.” ئەو نەیشیشاردەوە كە لە ڕوانگەی خۆیەوە پڕۆژەیاسای بەدەستهێنانی زانیاری و پڕۆژەیاسای ئیحتیكار و هەروەها پڕۆژەیاسای ئاكادیمیای كوردی ئەولەوییەتیان هەیە.

لە لایەكی دیكەیشەوە، پەرلەمانتار (شڤان ئەحمەد) بۆ “هەولێر”ـی ڕوون كردەوە كە ئەگەرچی لیژنەی یاسایی و سەرۆكایەتیی پەرلەمان ئەولەوییەت بۆ پڕۆژەیاساكان دیاری دەكەن، بەڵام لای ئەو پڕۆژەیاسای بەكرێدانی خانوو گرنگییەكی تایبەتی هەیە، چونكە ڕاستەوخۆ بە ژیانی خەڵكەوە پێوەستە.

هاوكات پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی (ناسك تۆفیق) پێی وایە كە پڕۆژەیاسای پێڕۆی ناوخۆی پەرلەمان و پڕۆژەیاسای بودجەی حزبەكانی هەرێم و پڕۆژەیاسای هەمواركراوی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و هەروەها پڕۆژەیاسای ڕێكخستنی خۆپێشاندانەكانی هەرێمی كوردستانیش ئەولەوییەتیان هەیە. ئەو ڕوونیشی كردەوە كە تێبینییشیان لەسەر ڕاپۆرتی لیژنەی یاسایی بۆ هەندێك پڕۆژەیاسا هەیە.

لەو 46 پڕۆژەیاسایەی كە لە2011ـدا خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ كراوە، زۆربەیان گرنگیی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەڵام هەلومەرجی سیاسیی ئێستای هەرێمی كوردستان هەندێكیانی خستووەتە ئەولەوییەتەوە.

پەرلەمانتاری سەر بە لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان (بیلال سلێمان) ئەوەی بۆ “هەولێر” دووپات كردەوە و ڕایگەیاند: “هاووڵاتیان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ چاوەڕێی پەسەندكردنی ئەو پڕۆژەیاسایانە دەكەن.” بەڵام لای ئەویش پڕۆژەی پێڕۆی ناوخۆی پەرلەمان گرنگییەكی تایبەتی هەیە.”

هەروەها گوتیشی كە پڕۆژەیاساكانی لێبووردنی گشتی و ڕێكخستنی خۆپێشاندانەكانی هەرێم ئەولەوییەتیان هەیە. (بیلال سلێمان) داوایشی كرد كە هەوڵ بدرێت پڕۆژەبودجەی 2012 بە زووترین كات ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت.

سەبارەت بە دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ ئەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان ئەولەوییەت بە پڕۆژەیاسا گرنگەكان بدات، پەرلەمانتار (ناسك تۆفیق) پێی وایە كە پێویستە سەرۆكایەتیی پەرلەمان سەبارەت بەو مەسەلەیە ڕاوێژ بە سەرۆكایەتیی لیژنە و فڕاكسیۆنەكان بكات.
Top