قوباد تاڵه‌بانی: كێشه‌ی كورد كێشه‌یه‌كی سیاسیی نه‌ته‌وه‌یی جددییه
له‌و كۆڕه دا كه ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له كه‌سایه‌تی و سیاسهتمهدارو دپلوماتكارانی وڵاتان وئهكادیمیست و ڕاگه‌یاندنه‌كان ئاماده‌یبوون، سه‌ره‌تا قوباد تاڵه‌بانی نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ئه‌مریكا تیشكی خسته سه‌ر مێژووی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان كورد‌و توركیا به گشتی و هه‌رێمی كوردستان به تایبه‌تی و ڕاشیگه‌یاند: ڕۆژگارێك په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و كورد ته‌نها مه‌سه‌له‌یی بوونی (په‌كه‌كه)بوو، به‌ڵام ئێستا هاوكێشه‌كه فراوانتر بووه‌و پهیوهندیهكانیش گه‌شه‌یان كردووه بۆ چه‌ندین شێوازی جیاوازتر وه‌كو ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گه‌شه‌ی ئابوری و پاراستن و ڕاگرتنی سه‌نگی هێز له ناوچه‌كه دا، ئه‌مه جگه له سه‌یركردنی كورد و هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌شێكی گرنگ و كاریگه‌ر له ناو گۆڕه‌پانی سیاسی ناوچه‌كه‌دا.
نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له ئه‌مریكا ڕونیشی كرده‌وه، كه‌له ئێستادا و له سه‌روبه‌ندی ئه‌و ڕووداوانه‌ی له ناوچه‌كه دا ڕووده‌ده‌ن به تایبه‌تیش وڵاتانی ده‌وروبه‌ر، سه‌ركرده سیاسیه‌كانی كورد هه‌ستیارانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كاندا ده‌كه‌ن و ڕوڵی خۆیان ده‌بینن له هاوكێشه سیاسیه‌كانداو كاریگه‌ریان له‌سه‌ر ئاراسته‌ی گۆرانكاریه‌كان دا هه‌یه.
هه‌ر له‌و كۆڕه‌دا قوباد تاڵه‌بانی نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له ئه‌مریكا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، كه كێشه‌ی كورد كێشه‌یه‌كی سیاسی نه‌ته‌وه‌یی جددییه‌و پێویسته هه‌موو لایه‌ك به گرنگی و بایه‌خ پێدانێكی زۆره‌وه سه‌یری بكه‌ن و پێشتگوێی نه‌خه‌ن، چونكه ناكرێت گه‌لێك یان نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر پرسی نه‌ته‌وه بوون و یان ئایین یان هه‌رپرسێكی تر په‌راوێز بخرێت به‌ڵكو پێویسته سوود له ڕۆڵی ئێمه وه‌ربگیرێت بۆ چه‌سپاندنی ئارامی و سه‌قامگیری و ئاشتی له ناوچه‌كه‌دا.
وتیشی ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتوانه‌ی كورد له عێراقدا له ماوه‌یی ڕابردوو به كردار ده‌ریخستوه، كه ده‌توانێت ڕۆڵی كاریگهرو كارایی هه‌بێت له ناوچه‌كه‌دا وه‌ك چۆن ئێستا لای هه‌مووان ڕوونه كه سه‌ركرده سیاسیه‌كانی كورد چ ڕۆڵێكی گرنگ ده‌گێرن له به‌ره‌و پێش بردنی پرۆسه‌ی سیاسی و دووباره بنیاتنانه‌وه‌ی عیراقدا.
هاوكات به پێویستی زانی، كه ئه‌وه كۆپیه‌كه‌ی وه‌ك نمونه‌یه‌كی سه‌ركه‌تووی زیندو بۆ وڵاتانی ناوچه‌كه سودی لێوه‌ربگیرێت به تایبه‌تیش له ئێستادا كه له سه‌روبه‌ندی گۆڕانكاری سیاسی دان.
دواتر (د.ئانری باركی) پسپۆڕ‌و شاره‌زا له باردۆخی سیاسی توركیا‌و كورد به دورو درێژی باسی له مێژووی حكومه‌ته یه‌ك له داویهكهكانی توركیا‌و كێشه‌ی كورد كرد له‌و وڵاته‌دا.
هاوكات ئاماژه‌ی به پێكهاته سیاسیه‌كانی ناوخۆی توركیا و ڕه‌وتی نه‌ژاد په‌رستی و ده‌رهاویشته‌كانی و ئه‌و بیروباوه‌ڕه كرد، كه به درێژایی مێژوو كاریگه‌ری باش و خراپی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی نێوان كورد و توركیا دروست كردووه و به و هۆیه‌شه‌وه هه‌میشه بۆشاییه‌ك له نێوان هه‌ردوو لادا دروست بووه و توركیای روو به‌رووی كێشه‌ی سیاسی و ئابووری و ناوخۆیی كردۆته‌وه.
له به‌شێكی تری بابه‌ته‌كه‌یدا (د.ئانری) ڕایگه‌یاند: كه كێشه‌ی حكومه‌تی توركیا له‌گه‌ڵ (په‌كه‌كه) ته‌نها ئه‌و چه‌ند كه‌سه نییه كه له (قه‌ندیل)و چیاكانی تری سه‌رسنور چه‌كیان له دژ هه‌ڵگرتووه به‌ڵكو ئه‌م كیشه‌یه ڕیشه‌یه‌كی قوڵی له مێژینه‌ی هه‌یه‌و په‌یوه‌ندی به پرسی نه‌ته‌وه‌یی و كه‌لتوری میلله‌تێكه‌وه هه‌یه كه كورده‌كانی توركیان.
له كۆتایی كۆڕه‌كه‌دا هه‌ریه‌كه له (قوباد تاڵه‌بانی) نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ئه‌مریكا و (د. ئانری باركی) وه‌ڵامی سه‌رجه‌م ئه‌و پرسیار‌و سهرنجانهیان دایه‌وه كه‌له لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه له سه‌ر ناوه‌ڕۆكی بابهتهكان ئاراسته‌یان كرابوو.