كورد داوا دەكا سەرۆكایەتییەكانى عێراق بڕیاری یەكلاكەرەوە لە كێشەكەى هاشمیدا بدەن

كورد داوا دەكا سەرۆكایەتییەكانى عێراق بڕیاری یەكلاكەرەوە لە كێشەكەى هاشمیدا بدەن

لیستى هاوپەیمانیى كوردستان لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق راى گەیاند، هەرێمى كوردستان چاوەڕوانە سێ سەرۆكایەتییەكەى عێراق هەڵوێستێكى یەكلاكەرەوە لەبارەى كێشەكەى تاریق هاشمى جێگرى سەركۆمارەوە بدەن، كە دوو مانگە بە تۆمەتى تێوەگلان لە \"كارى تیرۆریستى\"" فەرمانى گرتنى بۆ دەرچووە.

هاشمى دوو رۆژ لەمەوبەر راى گەیاند، بەڵگەى پێویستى لەلایە ئەستۆپاكی لەو تۆمەتانەى دراونەتە پاڵى دەسەلمێنن، هاوكات گومانى خستە سەر بێگەردیى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى و بە لەدەستدانى بێلایەنى و هەوڵدان بۆ رازیكردنى دەسەڵات تۆمەتبارى كرد.

موئەیەد تەیب گۆتیارى هاوپەیمانیى كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەم بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند \""هەرێمى كوردستان داواى لە سێ سەرۆكایەتییەكە و بارستە سیاسییەكان كردووە هەڵوێستێكى یەكگرتوویان لە كێشەكەى هاشمیدا هەبێ\"".

هەروەها جەختى كرد \""بڕیار لەدەستى سێ سەرۆكایەتییەكەدایە تا ئەو كێشەیە یەكلا بكەنەوە\"".

لە چەند رۆژى رابردوودا فایلەكەى هاشمى رەوانەى دادگەى ناوەندى تاوانەكانى عێراق كرا و رۆژى 3 ئایار/مایۆى داهاتوو دەستنیشان كرا بۆ یەكەم دانیشتنى دادگەییكردنى هاشمى و دەستەى پاسەوانەكانى كە نێزیكەى 70 كەسن، كە بە نائامادەیى دەبێ.

تەیب گوتى \""ئەوەى وا كردووە كێشەكە رەهەندى سیاسی وەربگرێ رێكنەكەوتنى سێ سەرۆكایەتییەكەیە لەو بارەوە، ئەویش بەهۆى ئەوەى هاشمى جێگرى سەركۆمارى عێراقە\"".

ئەوەیشى گوت \""ئەگەر هەر سێ سەرۆكایەتیى كۆمار و حكوومەت و پەرلەمان لەسەر بەدەستەوەدانى هاشمى رێك بكەون، هەرێمى كوردستان لارى نابێ، بەڵام تا نەگەنە رێكەوتن هەر وەك خۆى دەمێنێتەوە."
Top