شیوعی و سۆشیالیست و زەحمەتكێشان: تا ئێستە بۆ كابینەی نوێی حكوومەت قسەمان لەگەڵدا نەكراوە
دوای كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ هەریەك لە بەڵێن عەبدوڵا، محەمەد حاجی مەحموود و كەمال شاكر سكرتێرانی حزبی سۆسیالیست و زەحمەتكێشان و شیوعی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان ساز كرد.
سەرەتا بەڵێن عەبدوڵا سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان رای گەیاند كە تا ئێستە بە شێوەیەكی رەسمی داوایان لێ نەكراوە بەشداری لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمدا بكەن، بۆیە دیار نییە بەشداری لە كابینەكە دەكەن یان نا.
عەبدوڵا گوتی، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوانمان دۆخی ئێستەی عێراق و هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم و رۆڵی كورد لە چارەسەركردنی تەنگژەی سیاسیی ئێستەی عێراق تاوتوێ كران.
زیاتر گوتی، لە كۆبوونەوەكەدا هەرسێ لایەن دووپاتمان لەوە كردەوە كە دەتوانین وەك كورد لەو گۆڕانكارییانەی لە عێراق و ناوچەكە روو دەدەن بە یەكریزی رۆڵی ئەرێنی خۆمان ببینین بۆ ئەوەی زۆرترین ماف بەدەست بێنین، بەتایبەتی چارەسەركردنی كێشەی ناوچە جێ ناكۆكەكان.
لە بارەی بەشداریكردن لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمدا، عەبدوڵا روونی كردەوە، ئەو سەردانانەی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی بۆ حزبی زەحمەتكێشان و شیوعی ئەنجامی داون بۆ تاوتوێكردنی دۆخی سیاسیی ئێستەی عێراق و هەرێم و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم بووە، بەڵام بە هۆی ئەوەی تا ئێستە بەڕەسمی لە لایەن سەرۆكی هەرێمەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ رانەسپێردراوە، بۆیە هیچ داواكارییەكی لەم چەشنە ئاراستەی ئێمە نەكراوە.
زیاتر گوتی، بۆیە تا ئەو كاتەی بە رەسمی داوامان لێ دەكرێ بەشداری لە كابینەی نوێدا بكەین، دیار نییە بەشدار دەبین یان نا، ئەو كات بڕیاری گونجاو دەدەین.
لای خۆیەوە كەمال شاكر سكرتێری حزبی شیوعیی كوردستان گوتی، لە كۆبوونەوەكەدا دووپاتمان لەوە كردەوە كە پێویستە چاكسازیی بنەڕەتی لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئەنجام بدرێ، چونكە ئەنجامدانی چاكسازی و بوونی ویستی چاكسازی لە كوردستان پێویستە.
محەمەد حاجی مەحموود سكرتێری پارتی سۆسیالیشت دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەكەدا ئاماژەی كرد، پشتیوانی لە بەستنی كۆنگرەی نیشتمانی لە عێراق بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی سیاسیی ئێستەی وڵات دەكەین، هاوكات داوا دەكەین بەشێوەیەكی ئاشتییانە كێشەی كورد لە عێراق بێتە چارەسەركردن.
بەپێی ئەو رێككەوتنە ستراتیجییەی لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئیمزا كراوە، دوو ساڵ جارێك پۆستی سەرۆكایەتیی حكوومەت و پەرلەمان لە نێوانیاندا ئاڵوگۆڕی پێ دەكرێ.