شاندێكى بەدەپە سەردانى وڵاتانى ئەوروپا و ئەمەریكا دەكەن
پەیامنێرى ئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز) گواستییەوە، بەمەبەستى تاوتوێكردنى پرسى كورد لە ئاست گۆڕانكارییە سیاسییەكانى ناوچەى رۆهەڵاتى ناوەڕاست و رۆڵى كورد لە پێشهاتە سیاسییەكاند،ا شاندێكى باڵاى پارتى ئاشتى و دیموكراسى \""بەدەپە\"" بەسەرۆكایەتیی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكى پارتەكە و چەند ئەندامێكى دەستەى سەركردایەتیی سبەى سێشەم سەردانى لەندەنى پایەتەختى بەریتانیا دەكەن.
بەهەمان مەبەستەوە رۆژى 9-10ى شوبات/فێبرایەرى داهاتوو شاندێكى ترى هەمان پارت بەسەرۆكایەتیی گولتان كیشاناك هاوسەرۆكى \""بەدەپە\"" و ئەندامانى دەستەى سەركردایەتیی سەردانى بەرلینى پایەتەختى ئەڵمانیا دەكەن. دواتر هەردوو شاندەكە دواى رێككەوتن بەشێوەیەكى هاوبەش سەردانى بەلجیكا و فرەنسا دەكەن و پاشتر بەرەو وڵاتە یەكگرتووەكانى ئەمەریكا بەڕێ دەكەون.
لەمبارەیەوە نەزمى گور جێگرى هاوسەرۆكى \""بەدەپە\"" بە(ئاكانیوز)ى گوت \""40 ملیۆن كورد لە ناوچەى رۆهەڵاتى ناوەڕاست بەشێوەیەكى پەرتەوازە بوونیان هەیە و بەهۆى سیاسەتى رابردوو كێشەكانەوە دابەشى سەر چوار دەسەڵاتى نەتەوەیی بوونە و مافى خۆیانە داواى چارەنووسێكى گەش بكەن، بەڵام كوردانى توركیا لەژێر سایەى حكوومەتى \""ئاكەپە\"" لەژێر پاڵەپەستۆى جیاواز و ستەم دەناڵێنن، بۆیە سەردانى شاندەكان بەمەبەستى گەیاندنى دەنگى كوردە\"". "