نێچیرڤان بارزانی: حكوومەتی ئینتیقالی پێویست نییە و زەوینەی كۆبوونەوە لەگەڵ یەكگرتوو دەبینین
پەیامنێری (ئاكانیوز) گواستییەوە، كۆبوونەوەكە لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعی كوردستان لە هەولێر بەڕێوە چوو و كە شاندێكی پارتی هاوڕێیەتی نێچیرڤان بارزانی دەكرد و لە حزبی شیوعی كەمال شاكر سكرتێر و ژمارەیك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی ئامادەی بوون.
دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كەمال شاكر سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان رای گەیاند، پێوەندی مێژوویمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە و باسمان لە پتەوكردنی ئەو پێوەندییانە كرد. شاكر هەڵوێستی حزبەكەی راگەیاند بەوەی پشتگیری كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێم دەكەن.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی و پاڵاوی حزبەكەی بۆ سەرۆكایەتیی حكوومەتی داهاتوو بە رۆژنامەنووسانی گوت، كابینەی داهاتووی حكوومەت كابینەی حەوتەم دەبێ. ئاماژەی دا، ئێستە زەوینەیەكی لەبار بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەبینن.
لەبارەی یەكێك لە 7 خاڵەكەی بەیاننامەكەی بزووتنەوەی گۆڕان كە ساڵی رابردوو داوای هەلڵوەشاندنەوەی حكوومەت و دروستكردنی حكوومەتی ئینتیقالیان كرد و ئێستەیش كاری بۆ دەكەن، بارزانی ئەوەی راگەیاند كە حكوومەتی ئینتیقالی پێویست ناكا، چونكە حكوومەتێكی لەو شێوەیە رێوشوێن و بارودۆخی تایبەتی خۆی هەیە.
\"ئامادەین بۆ وەرگرتنی پرۆژەی چاكسازی لە هەر لایەنێكەوە بێ\"" بارزانی گوتی.
دواتر نێچیرڤان بارزانی و شاندی هاوڕێی بەرەو بارەگای سەرەكی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە هەولێر بەڕێكەوتن.
حزبی شیوعی كوردستان لە لیستێكی 5 حزبیدا لە هەڵبژاردنی 25ی تەمووز/یۆلیۆی 2009ی هەرێمی كوردستان كورسییەكیان بەدەست هێنا كە بەپێی ریزبەندی لیستەكە پاڵاوكی شیوعی یەكەم ناو بوو، بۆیە چانسی ئەندامێتیی پەرلەمانی بەركەوت و ئێستە حزبەكە بە وەزیرێك لە كابینەی شەشەمی حكوومەتی هەرێم بەشدارە.
سەردانەكەی بارزانی دوای ئەوە دێ كە هەر لەم مانگەدا سەردانی بززوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی و نووسگەی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لە هەولێر كردووە.
لەگەڵ ئەوەی بارزانی تا ئێستە لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بەڕەسمی بۆ پێكهێنانی حكوومەت نەهاتووەتە پاڵاوككردن، بەڵام شیمانەی ئەوە بەهێزە كە بەهۆی ئەو سەردانانەوە دەیەوێ بۆچوونی پارتە سیاسییەكانی هەرێمەكە لەبارەی چۆنیەتیی پێكهێنان و بەشداری لایەنەكان لە حكوومەتەكەیدا بزانێ."